لە زاویتەوە بۆ شارستێن

لە زاویتەوە بۆ شارستێن

مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد پڕیەتی لە داستان و گیان بەخشینی پەرجوو ئامێز، بەڵام کات و شوێن و هەستیاری ئەو قۆناغەی داستانەکەی تێدا رووداوە وا دەکات ئەم داستان لەو داستان جیا بکاتەوە، بۆ نموونە:ــ
گرنگی و گەرورەیی داستانی خواکورک لەوەدا نەبوو دوژمن چەند کوژراو و بریندار و دیلی هەیە و پێشمەرگەش چەند شەهید و برینداری هەیە، داستانەکە لە کاتێکدا بوو رژێمی بەعس لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بە سەرکەوتوویی هاتبووە دەر و ناوچە ئازاد کراوەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەشی داگیر کردبوونەوە، بەوەش غرووریەت گرتبووی، جا گەورەیی ئەو داستانە لەوەدابوو پێشمەرگە لە خواکورک غرووریەتی دوژمنی تیکشکاند و ئەنفالی بە چۆکدا هێنا، هۆکاری ئەو سەرکەوتن و غروور شکاندنەی رژێم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی راستەوخۆ سەرپەرشتی داستانەکەی دەکرد، ئەوەش هێزی زیاتری بە پێشمەرگە دەبەخشی.
بۆچی تا ئێستاش باس لە داستانی کۆڕێ دەکرێ؟ خۆ لە زۆر داستانی تردا دوژمن خەسارەی گیانی و ماڵی زۆرتری لێکەوتبوو، بەڵام زیاتر باس لە دەستانی کۆڕێ دەکرێ، گەورەیی داستانی کۆڕی لەوە دایە کە سەرکەوتنی بە شکستی دوای راپەڕین بەخشییەوە، یان گەورەیی داستانی پردێ و سحێلا لەوە دایە کە چۆکی بە گەلەکۆمەیەکی هەرێمی دادا و گەورەترین خەونی دوژمنان و وڵاتفرۆشانی ناوخۆی لە گۆڕناو حکومەتی هەرێمی لە ناو پیلانێکی فرە جەمسەر دەرهێنا.
داستانی زاویتە و داستانی شارستێنیش دوو داستان بوون لە دوو کات و دوو شوێنی جیاوازدا, هەرچی داستانی زاویتە بوو لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلول و وەڵامدەرەوەی سەرەڕۆیی رژێمی داگیرکاری بەغدا بوو، هەرچی داستانی شارستێنیش بوو لە سەرەتای شۆڕشی گوڵان و وەڵامدەرەوەی پیلانێک بوو کە لەژێر چاودێری ئەمەریکا بەڕێوەچوو، ئاسان نییە مێژووش بتوانێ گەورەیی ئەو دوو داستانە دەربخات، بۆیە بۆ دەرخستنی گەورەیی ئەو دوو داستانە فەرموودەیەکی سەرۆک بارزانی وەک بەڵگە دەخەمەڕوو.
لە ساڵی ٢٠٠٣و لە یادی داستانی شارستێن لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی داستانەکە و چەند پێشمەرگەیەکی بەشداربوو سەردانێکی سەرۆک بارزانیمان کرد، لە باسی گەورەیی داستانی شارستێندا فەرمووی: شۆڕشی ئەیلول شۆڕش نەبوو، داستانی زاویتە کردی بە شۆڕش، شۆڕشی گوڵانیش شۆڕش نەبوو، داستانی شارستێن کردی بە شۆڕش.
وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد زۆر جاران کات و شوێن و هەستیاری قۆناغەکە گەورەیی بە داستانەکان دەبەخشێ، جا ئەگەر داستانی خواکورک شکستی بە گەردەلوولی ئەنفال هێنابێ، داستانی کۆڕێ سەرکەوتنی بە شکستی دوا راپەڕین بەخشی بێ، داستانی سحێلا خەونی داگیرکارانی کوردستان و وڵاتفرۆشانی ناوخۆی لە گۆڕ نابێ، ئەوا داستانی زاویتە و شارستێنیش بڵێسەی دەستپێکی دوو شۆڕش و ناسنامەی دوو شۆڕش بوون.
Top