رۆژی هەڵوێست

رۆژی هەڵوێست

هەموو حزبێک ماقی خۆیەتی چەند رۆژێکی تایبەت بەخۆی هەبێ و ساڵانە یادیان بکاتەوە، وەک رۆژی دامەزراندن و ئەو رۆژانەی ئەو حزبە سەرکەوتنێکی بۆ خۆی تیدا دەستەبەر کردووە، بەڵام هیچ حزبێک مافی ئەوەی نییە رۆژ و بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بۆ خۆی قۆرخ بکات، وەک رۆژی ئاڵا و رۆژی شەهید و رۆژی پێشمەرگە و رۆژی سەربەخۆیی و زۆر رۆژی تریش، چونکە ئەو رۆژانە تایبەتن بە نەتەوەو بە پێچەوانەی رۆژی حزب بە درێژایی تەمەنی نەتەوەکە دەمێننەوە و یاد دەکرێنەوە، بەڵام لە کوردستان حزب هەوڵدەدات هەموو ئەو رۆژانە لە بوونی خۆیەوە دیاری بکات، بەوەش ئەو حزبە غەدر لە سەروەریەکانی نەتەوەکەی دەکات، بۆ نموونە:ــ
رۆژی پێشمەرگە، یان رۆژی شەهید و رۆژی ئاڵا و زۆر رۆژی تریش رۆژی نەتەوەن و هیچ حزبێک بۆی نییە بە حزبییان بکات، بەڵام حزب هەیە دەیان ساڵ دوای دەرکەوتنی ناوی پێشمەرگە دامەزراوە، کەچی دەیەوێ مێژووی دەرکەوتنی پێشمەرگە و سەروەریەکانی لە قالبی حزبی بداو سەروەریەکانی بە ئەندازەی تەمەنی خۆی کەم بکاتەوە، ئەوە بۆ رۆژی شەهید و رۆژی ئاڵا و رۆژ و بۆنە نەتەوەییەکانی تریش راستە.
ئەوەی من لەم کورتە باسەدا دەمەوێ تیشکی بخەمەسەر رۆژی هەڵوێستە، ئەگەر ئەو رۆژە بخرێتە بەرباس هەموو حزبەکانی کوردستان هەڵدەدەن ئەو رۆژەش وەک هەموو رۆژەکانی تر بە حزبی بکەن، بەڵام بۆ دیاریکردنی ئەو رۆژە پێویستە بە مێژوودا بگەڕێین و لە دیدگای مێژووەوە ئەو رۆژە دیاری بکەین، جا ئەگەر لە دیدگای مێژووەوە ئەو رۆژە دیاری بکەین، هیچ رۆژێک لە ١٦ــ٦ــ١٩٤٧ گونجاوتر نییە، چونکە لەو رۆژەدا بارزانی نەمر ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەی بە ئەنجام گەیاند کە دژ بە پیلانگێڕیەکەی سەر کۆماری کوردستان وەریگرتبوو.
خاڵیکیتر کە بنەمای دیاریکردنی ئەو رۆژە وەک رۆژی هەڵوێست بەهێز دەکات پاراستنی ئاڵای کوردستانە، ئەو ئاڵایەی کە پێشەوا قازی دوای کۆماری کوردستان شکۆی نەتەوەیی هەموو پیرۆزی و سەروەوریەکانی لە پاراستنیدا دەبینین و پاراستنیشی بە بارزانی نەمر سپارد، بارزانی نەمریش وەک گەورەترین رابەری کورد ئەو ئامانجەی پێشەوا قازی هێنایەدی کە دوا ئامانجی بوو، جگە لەوەش بارزانی نەمر بەو هەڵوێستەی گەلەکۆمەی سەر کۆماری کوردستانی بە چۆکدا هێنا و بە پیلانگێڕانی گوت: ئەگەرچی توانیتان بەو پیلانگێڕیە کۆماری کوردستان لەناو گێژاوی رقی خۆتاندا بخنکێنن، بەڵام پرسی کورد پرسی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە و خەبات و قوبانیدانیشی بۆ سەربەخۆیی وڵاتە داگیرکراوەکەیەتی، هەرچی بکەن ناتوانن تا سەر کاروانی سەربەخۆیی کوردستان لەناو رقی شۆڤێنی و سیاسەتی داگیرکاری خۆتاندا بوەستێنن.
جا چۆن هیچ حزبێک بۆی نییە رۆژانی نەتەوە بە حزبی بکات، ئەوهاش ئەم حزب یان ئەو حزب لەبەر ئەوەی لە درووست بوونی رۆژانی نەتەوەییدا بوونیان نەبووە، بۆیان نییە لە دیاریکردن و ناساندنی ئەو رۆژانەدا رێگر و بەبەست درووست بکەن، بەڵام بە داخەوە هەندێ حزب لەبەر ئەوەی لەو رۆژانەدا بوونیان نەبووە یان لە سەنگەری دوژمناندا بوون و دژی درووست بوونی رۆژانی نەتەوەیی وەستاونەوە، بۆیە بەناوهێنانی ئەو رۆژانە یا ئەوەتا هەست بە کەمی و خاڵی لاوازی خۆیان دەکەن، یا ئەوەتا رۆژانی خیانەتی خۆیان بیر دەکەوێتەوە.
Top