رووداوە گەرمەکانی عێراق چی لە کورد دەخوازن؟

رووداوە گەرمەکانی عێراق چی لە کورد دەخوازن؟

عێراق بەدەم چەندین کێشە و قەیرانی ئاڵۆزەوە دەناڵێنێ و ئەوەی ئێستا روودەدات ئەو وڵاتە بە خەڵک و خاک و سەروەری یاسایی بەرەو چارەنووسێکی نادیار و گێژاوێکی وا دەبات کە شرۆڤە و لێکدانەوە بۆی ئاسان نییە، کێشەی نێوان کورد و عەرەب، کێشەی نێوان شیعە و سوننە، کێشەی نێوان شیعە و شیعە، کێشەی نێوان خەڵک و حزب و لایەنە سیاسیەکان، لە سەرووی ئەوانەشەوە کێشەی دەستوەردانی دەرەکی و نەمانی سەروەری، لەو کێشە و قەیرانانەن کە عێراق بەرەو داهاتوویەکی لێڵ و تەمومژاوی دەبن، کوردیش وەک پێکهاتەیەکی بە عێراقەوە لکێنراو دەکەوێتە ژێر کارگەری تەوژمی ئەو کێشە و قەرانانە، جا ئەگەر لە هەر کەسێک بپرسی کورد چۆن خۆی لەو تەوژمە باپارێزێ و چۆن بچێتە ناو رووداوەکان و چۆنیش رووبەڕووی کێشە و قەرانەکان ببێتەوە؟ بێ سێ و دوو دەڵێ، بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نیشتیمانی, هەموو لایەنەکانیش لە راگەیاندن و کۆڕ و کۆبوونەوەکان باس لە گرنگی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نیشتیمانی دەکەن، لێرەدا دەپرسین: ئەوەی لایەنەکان لەسەر کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نیشتیمانی دەیڵێن بە کردار جێبەجێی دەکەن؟ یان موزایەدەی سیاسییە و دەیانەوێ خەڵکی پێ بگەوجێنن.
کاک نیچیرڤان بارزانی سەردانی هەموو لایەنەکانی کرد و بەو سەردانەش ئەو پەیامەی گەیاند کە رووداوەکانی ناو عێراق و ئەو هەلومەرجەی ئێستا عێراق و ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێ کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی کردۆتە ئەرکێکی نیشتیمانی و پێویستە هەموو لایەکمان پێوەی پابەند بین، بەوەش توانی کارتی موزایەدە لەدەست لایەنەکان دەربێنێ و بەشێک لەو بەسەتەڵەکە سیاسیە بتوێنێتەوە کە ببووە هۆی دوورەپەرێزی لایەنەکان لە یەکتری، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی بەشێک لە لایەنەکان هەڵوێستی دووفاقانەیە، لەسەر کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی لە کوردستان بە زمانی گوڵ دەدوێن و لە بەغداش دڕکی حزبی لە بەردەم هەنگاوەکانی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نیشتیمانی دەڕوێنن .
ئێمەی کورد لە بەغدا زیاتر لە هەموو شوێن و جێگایەک پێویستمان بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستییە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاری لایەنەکان ئەو رلستییە لەبەر چاو ناگرن و بێ گوێدانە هەستیاری بارودۆخەکە و گرنگی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی ئەو پەتا سیاسیەی عێراق و ناوچەکەی گرتۆتەوەلەبەرچاو ناگرن و، بە زمانی دوژمن دەدەوێن بە چاوی دوژمنیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی کورد دەڕوانن.
Top