کۆدی نهێنیەکەم دۆزیەوە
December 18, 2019
وتار و بیروڕا
پێموابوو لەگەڵ ناردنی پرۆژەی چاکسازی بۆ پەرلەمان هەموو حزب و فراکسیۆنەکان دەستخۆشی لە حکومەت دەکەن، کەچی بە پێچەوانەوە ئەو حزبانەی لە شەقام و لە رێگای فراکسیۆنەکانیانەوە زۆرترین بانگەشەی بوونی گەندەڵی و هەرای نەبوونی چاکسازیان دەکرد بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو تەنگاو بوون، ئەوەش وایکرد بە دوای دۆزینەوەی کۆدی ئەو نهێنییەدا بگەڕیم، ئاخر ئەوان بوونی گەندەڵیان کردبووە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان، ئەی خێرە ئێستا وا بە لێبڕاوانە دژی چاکسازی دەوەستنەوە؟
خاڵیکیتر کە مایەی سەرنجە هەموو لایەنەکانی بەشداربوو لەم کابینەی حکومەت و کابینەکانی پێشووش دەیانگوت: حکومەت گەندەڵە، خۆشیان بە فریشتە دەزانی و ئۆباڵی بوونی گەندەڵی و رێگری کردن لە چاکسازیشیان دەدایە پاڵ پارتی، دوای ئەوەی پرۆژەی چاکسازی بە لێبڕاوی سەرۆکی حکومەت درایە پەرلەمان و پارتی لەوەشدا گرەوی لێبردنەوە و رابەرایەتی چاکسازیشی گرتە ەست، جاران چەند سووربوون لەسەر بوونی گەندەڵی، ئێستا بە هەمان حەماسەت و بگرە زیاتریش تۆمەت بۆ پرۆژە چاکسازیەکە هەڵدەبەستن و هەوڵدەدەن چۆن پەکی بخەن.
دوای ورد بوونەوەیەکی زۆر لە هەڵوێستی دووفاقەی ئەو لایەنانە بۆم دەرکەوت کە ئەوان حزبی موزایەدەن و لەسەر موزایەدە دەژین، لە ئێستاشدا کە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ئیفلاسیان کردووە، بوونی گەندەڵیان کردۆتە خۆراکی سیاسی و حزبی و لە حکومەت سێ ژەمە دەیخۆن و لە شەقامیش کاوێژی پێوە دەکەن، جا ئەو پرۆژە چاکسازییە بەڕەی موزایەدەیان لە ژێرپێ دەردێنێ، بۆیە وەک پێشتر گوتم ئەوان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان ئیفلاسیان کردووە، ئەو بەڕەشیان لە ژێرپێ دەربێ چی بخۆن و بەچی کاوێژ بکەن، بەچی موزایەدە بکەن و بەچی خەڵک بگەوجێنن، ئەوە کۆدی نهێنی ناڕازی بوونی ئەو لاینانەیە بە پرۆژەی چاکسازی.