ئەم داعش نا، ئەو داعش
December 14, 2019
وتار و بیروڕا
زۆر جاران و لەسەر زاری زۆرێک لە شارەزا و پسپۆڕانی سەربازی و سیاسەتمەدارانی کورد و عێراقی و بیانیش، گوێبیستی ئەوە دەبم کە دڵێن: داعش بەهێز بۆتەوە، بەڕاستی ئەوە بە هەڵە چوون و بێئاگاییە لە مێژوو، چونکە ئەگەر پێمانوابێ داعش لەسەر دەستی ئەبوبەکر بەغدادی دامەزراوە و تەنها شوێنکەوتووانی ئەو داعشن، دەکەوینە هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەوە، بۆیە لەو شارەزا و پسپۆڕە سەربازی و سیاسەتمەدارانە دەپرسم: داعش کەی لاواز بووە تا ئێوە باس لە بەهێز بوونەوەی بکەن؟! ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن لاوازی داعش جێگۆڕکێیە لە نێوان دوو هزر و بیری داعشی، داعشی سووننە لاواز بووە و هێزەکەی بۆ داعشی شیعە چووە، ئەوە هاوکێشەیەکی نەگۆڕە و بە درێژایی مێژوو ئەو ئاڵوگۆڕی هێزە لە نێوان داعشی سوننە و داعشی شیعە بوونی هەبووە و تا ئەو بیرە داعشیەش هەبێ ئەو هێز گۆڕکێیە هەر دەبێ، بۆ راستی ئەو هێزگۆڕکێیەش نموونەیەکی زیندوو دەخەینە روو.
دوای ئەوەی داعشەکەی ئەبوبکر بەغدای موسڵ و چەند شار و شارۆچکەیەکی لە عێراق گرتن، بە یاسای خۆی و وەک ئەوەی دەیویست لەگەڵ ناداعشەکان دەجووڵایەوە، کاتێکیش داعشەکەی هادی عامری و قاسم سولەیمانی بە رێککەوتن لەگەڵ هێزێک هاتنە کەرکوک و ناوچەکانی تر، بە یاسای خۆیان و وەک ئەوەی دەیانویست لەگەڵ خەڵکی تر دەجووڵانەوە، لە کاتێکدا داعشەکەی هادی عامری و قاسم سولەیمانی بە رێککەوتن هاتبوون، بەڵام بەرامبەر بەو هێزەش کە لەگەڵی رێککەوتبوون هەمان یاسای داعشیان بەکار هێنا و ئەوەی لە دوزخورماتوو کردیان جیاوازی نەبوو لەگەڵ ئەوەی داعشەکەی ئەبوبەکر بەغدادی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەیکرد، لێرەوە دەمەوێ بڵێم: بۆ کورد داعش هەر داعشە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعشەکەی ئەبوبەکر بەغدادی و داعشەکەی هادی عامری و قاسم سولەیمانی و ئەو داعشانەش نییە کە لە دوای ئەوان دێن، بۆیە دەبێ کورد بە چاوی کوردبوون لە داعشەکان بڕوانێ و بە هێزی کوردایەتیش رووبەڕوویان ببێتەوە.