یەکێتی نیشتیمانی و پرۆژەی چاکسازی

یەکێتی نیشتیمانی و پرۆژەی چاکسازی

لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەم ساتەوەختەش لەگەڵدابێ، یەکێتی چەند کورسی پەرلەمانی هەبووبن حوکمی نیوەی کوردستانی کردووە و لە دزی و گەندەڵیش یەکەمی بێ رکابەر بووە و پێشەنگی نەداوەتە هیچ حزب و لایەنێک، بەوەشەوە نەوەستاوە لە شەقام و راگەیاندنەکانیش وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی دەرخستووە و بە چۆڕاوکە فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵک رشتووە، ئێستا کە حکومەت پرۆژەی چاکسازی بەدەستەوەیە و دەیەوێ سنوورێک بۆ گەندەڵی و دوو مووچە و سێ مووچە دابنێ، کێچی کەوتۆتە کەوڵی و وای دەردەخات کە حکومەت دەیەوێ مووچەی فەرمانبەران کەم بکاتەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە هیچ حزب و لایەنێک ئەوەندەی یەکێتی باسی گەندەڵی ناکات، لەوەش جێگای سەنجتر ئەوەیە کە هیچ حزب و لایەنێکیش ئەوەندەی یەکێتی بە باسی چاکسازی و وەستاندنی گەندەڵی قەڵس و تووڕە نابێ، هەر لەگەڵ باسی چاکسازی دەکرێ لە کەناڵەکان دەیکەن بە هەرا و بەناوی پەرۆشی بۆ خەڵک رووبەڕووی هەر هەنگاوێکی چاکسازی دەبێتەوە.
بەلای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بوونی گەندەڵی کارێکی خراپە و بە هەدەردانی سامانی گشتییە، چاکسازی و دەست بردنیش بۆ نەهێشتنی گەندڵی ئەویش کارێکی خراپە و بڕینی مووچەی خەڵکە، لەو ناوەدا یەکێتی بە دووسەرە موزایەدە دەکات، لە حکومەت شەریکە و لە شەقام ئۆپۆزسیۆنە و حکومەت بە گەندەڵ دەزانێ، کە باسیش دێتە سەر گەندەڵی دەبێتە پارێزەری حکومەت و دەست بردن بۆ چاکسازی بە هەنگاوێکی خراپ دەزانێ.
Top