لە هەزار و 360 رۆژدا چی دەكرێت؟
December 11, 2019
وتار و بیروڕا
گومان نیە لەوەی كابینەی نوێ دوای دەستبەكاربوونیەوە كۆمەڵێك كاری گرنگی ئەنجامداوە، جێگەی پێویستە بە گرنگیەوە لێیان بڕوانین و سەرنجیان لێبدەین، نامەوێ كارەكانی كابینەی نوێ لێرە ئاماژە پێبدەم، چونكە لە وتاری بەڕێز سەرۆكی حكومەت بە وردی ئاماژە بەكارو پڕۆژەكاندرا، بۆیە نامەوێ ببێتە نوسینی دووبارە.
ئەوەی جێگەی بایەخە باس بكەین ئەوەیە لەماوەیەكی كەم حكومەت كۆمەڵێك خزمەتی پێشكەشی هاووڵاتیان كرد، دەستیكرد بە چاكسازی، لە بەرژەوەندی گشتی كۆمەڵگە، تا ئێرە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆتە جێگەی رەزامەندی و متمانەی هاووڵاتیان بەگشتی بێجیاكاری سیاسی، خەریكە كۆمەڵگە متمانەی حكومەت بە دەست دێنێت ئەمەش مایەی خۆشیە هاووڵاتیان یەك دەنگ و هاوڕابن.
ئەو كارو پرۆژە و بەرنامەی حكومەت دەستی داوەتێ جاڕی بۆ لێداوە، لە راستیدا كۆمەڵێك كاری گەورەن، هەموو كەسێك ناتوانێت شانبداتە بەر ئەم كارە سەختە، ئەوە جەنابی كاك مەسرور لەو ماوەیە بڕیاری بۆ دەركردن كاری سەختن، بەڵام بەهێزی و راستی و پاكی ئەم كەسایەتیە وای كردوە بێترس قۆڵی بۆ هەڵماڵێت و سڵ نەكاتەوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، لەو ماوەیەدا ئەو كۆمەڵە بڕیار و كردارە، مەزنی، هێز و خەمخۆری سەرۆكی حكومەت دەسەلمێنێت. دەبێ بە بایەخ لە هەنگاوەكانی بڕوانین.
تازە سەرەتایە بۆ ئەم كابینەیە تا ئێستا 100 رۆژ تێپەڕیوە لە حكومكردن، هێشتا كاتی زۆرو كاری دژوار ماوە پێویستە لەماوەی 1360 رۆژ ئەنجامبدرێن، حكومەت لەماوەی 3مانگ بڕیاری گرنگی داوە، هێز نیشان دەدات ئەگەر لە ماوەی 45 مانگی داهاتوو جێبەجێبكرێن.
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تاكو خزمەت بكرێن حەقی خۆیانە، چونكە یەك دەنگ و هەڵوێست شانیان دایە بەر پاراستنی كوردستان لە دژی داگیركرای داعش و بەرگەگرتنی قەیرانی داریی. بەڵام حكومەت گرنگترین كار لەبەردەمی بێت بۆ خزمەتی هەرێمی كوردستان، دابینكردنی داهاتێكی جێگیرە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ دابینكردنی بودجەی گشتی و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەش بە سازبوون بێت لە گەڵ حكومەتی عێڕاق یاخود لایەنێكی تری داهات بەمەرجێك لە ژێر هەرەشەو ترس نەبێت خەڵكی كوردستان جارێكی تر بكەوێتە بەر مەترسی قەیران.
لە لایەكی تر، حكومەت هیچ كەس ولایەنێك لە باجدان نەبەخشێت بەپێی یاسا باج وەربگیردرێت، بایەخی زۆر بدرێت بە ژێرخانی هەرێمی كوردستان، لەماوەی رابردوو خەریك بوو بەرەو داڕمان دەچوو، لە ئێستا كار بكرێت بۆ بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ.
بڕیارەكانی حكومەت گشتگیربن هیچ كەس و لایەنێك بەدەرنەكرێت و چاو پۆشی لە سەرپێچیكارن نەكرێت، دامەزراندن لەسەر بنەمای تونا و لێهاتوویی بێت و بە پێی شارەزایی خەڵك بخرێتە خزمەتی كەرتی گشتی. داهاتەكان بۆ هاووڵاتیان رونبێت، بۆ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك بە ئارەزووی خۆی نەتوانێت قسەی زل و هەڵخەڵتێنەر بكات، تاكو لە ئەگەری بوونی چەواشەكردنی هاووڵاتیان رووبەڕوی یاسا بكرێنەوە.
لە وتارێكدا ناتوانرێت گشت پێشنیارەكان بخرێنە روو، بەڵام ئەوەی گرنگە حكومەت دەرفەتی كار بڕەخسێنێت بۆ لاوانی بێكاری دەرچوی زانكۆو پەیمانگەكان، لە رێگەی بایەخ دان بەكردنەوەی كارگەهەمەچەشن، زیاكردنی بەرهەمی ناوەكی و خستنەگەڕی ئەوهێزە زۆرەی دەستی كار هەیەتی لە هەرێمی كوردستان كەمكردنەوەی دەستی كاری دەركی، بۆ ئەوەی ئەو 1360 رۆژەی ماوە ببێتەبناغەیەكی گرنگ بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان.
=