ئەوەی لەپەڕلەمان بووە قوربانی خۆپیشاندان!
December 9, 2019
وتار و بیروڕا
لە ئێستادا حكومەت بە قۆناخی كاربەڕێكەر گوزەر دەكات، دەبێت سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 رۆژ كەسێك وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ ناوەزەد بكات بۆ پەرلەمان، پاشان پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات، ئەگەر سەرۆك كۆمار نەیتوانی لە 15 رۆژی یەكەم كەسێك دەستنیشان بكات، ئەوا نیو مانگی تری لەبەردەم دەبێت بۆ هەڵبژاردنی كەسێك بۆ ئەم پۆستە.
بەڵام ئاخۆ ئەو هەنگاوانە هەروا سادەو سانا دەبێت؟ ئایە دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بە حەزی سەرۆك كۆمار دەبێت؟ بێگومان كۆمەڵێك پرس هەیە لەسەر ئەم بابەتە، ئەمە كارێكی سەختە بۆ ئێستای عێڕاق بتواندرێت سانا كەسێك دابندرێت بۆ باڵاترین پۆست.
هەرچەند پۆستی سەرۆك وەزیران بەتەنیا نیە تێكڕای كابینەكە لە ئێستادا كار بەڕێكەرە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانە. ئەم دەستنیشانكردنە بە جیاوازی زۆر لەگەڵ جارەكانی پێشوو كارێكی سەختترە، لە كابینەكانی تر قسەی لایەنە سیاسیەكان، مەرجەع و ئێران و ئەمریكا و تا رادەیەكیش بۆچونی كورد بەس بوو بۆ دانانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
بەڵام ئێستا جیاوازترە جگە لەو لایەنانەی باسمانكرد لە پاڵ ئەمەدا رای جەماوەر دەبێت بە هەند وەربگیردرێت، یاخود بەلانی كەم جوڵێنەر و داینەمۆی خۆپیشاندانەكان دەبێت رازی بكرێت، ئەوجا دەستی دەرەكی بێت یاخود ناوەخۆی عێڕاق. بۆیە وای دەبینم تاماوەیەك كابینەی عادل عبدالمهدی كاربەڕێكەر بمێنێتەوە.
لەلایەكی تر داواكاری خۆپیشاندەران تەنیا دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران نیە، ئەوان باس لە دەست لەكاركێشانەوەی هەرسێ سەرۆكایەتی دەكەن واتە سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دەگرێتەوە. نزیكەی 10 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران كەچی خۆپیشاندانەكان هیچ كاڵ بوونەوەیەكی پێوەدیار نیە. هەرچەند گەندەڵی و نادادی لە عێڕاق كەڵەكەبووی كابینەكانی رابردوون، بەڵام كابینەی عەبدلمهدی بووە قوربانی.
ئەگەر بپرسین سەرەتای ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێڕاق كێ بووە قوربانی خۆپیشاندانەكان، بێگومان كابینەی نوێ بەگشت وەزیرەكان، پشكی گەورەش لەم قوربانیە بەر عادل عەبدلمهدی كەوت نەیتوانی تاكۆتایی لە خواردنی ئەم هەنگوینە بەردەوام بێت.
ئاخۆ تەنها بە گۆڕینی دەموچاو خۆپیشاندان بەتەواوەتی دادەمركێتەوە؟ گومان لەوە نیە ئەگەر داواكاریەكان هەڵقوڵاوی كڕۆكی خۆپیشاندەران بێت ئەوا تەنها بەوە كۆتایی نایەت كابینە بگۆڕدرێت، بەڵكو دەبێت خزمەت بە گەلی عێڕاق بكرێت، بێ جیاكاری سیاسی، نەتەوەی و ئاینی، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەكان دروستكراوبن بۆ مەرامی تایبەت، دامركانەوەی ئاسان دەبێت.
ئەوەی گرنگە لەم ماوەیەدا سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ دەربكات راستەخۆ پەیوەست بێت بەژیانی هاووڵاتیانی عێڕاق، بێگوێدانە قسەی لایەنی سیاسی بڕیارەكانی خزمەتی خەڵك بكات تاكو بە روێكی تەواو سپی لە كابینەكە بێتە دەروە.
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا كورد هەوڵەكانی بە یەكگری بخاتە گەڕ لۆبی دروستبكات لە بەغدا، بۆئەوەی سەرۆك وەزیرانی نوێ ئەگەر بەدڵی كوردیش نەبێت رقیشمان لێی نەبێت، ئەو بەرەوپێشچونەی لەم كابینە بەدەست هاتووە نەگەڕێنێتەوە خاڵی هیچ. هەوڵبدرێت زێدەتر سوود لە كابینەی داهاتوو وەربگیردرێت.