عێراق و لە دەستدانی ناسنامەی دەوڵەتبوون
December 8, 2019
وتار و بیروڕا
١ــ بوونی دەستوور و پابەندبوون پێیەوە:ــ راستە عێراق خاوەنی دەستوورێکە و ئەو دەستوورەش لەلایەن خەڵکی عێراقەوە دەنگی پێدراوە، ئەگەر ئەو دەستوورە وەک گرنگترین بنەمای بە دەوڵەتبوون کاری پێکرابا و حزب و لایەنەکان سیاسیەکان پێوەی پابەند بوونایە، عێراق تووشی ئەو فەوزا سیاسییە نەدەبوو کە ئێستا پێوەی دەناڵێنێ، بەڵام ئەو دەستوورە هەر لە سەرەتاوە کەوتە ژێر کاریگەری هێز و حوکمی میلیشیا و فتوای مەرجەع و کاری پێ نەکرا، ئەوەی ئێستا لە عێراق جێی دەستووری گرتۆتەوە بوونی هێز و حوکمی میلیشیا و لە سەرووی ئەوانەشەوە فتوای مەرجەعە، لە کاتێکدا عێراق فرە نەتەوە و فرە دین و فرە مەزهەبیشە، بۆیە فتوای مەرجەع نەک کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو کێشەکان ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەکا و هەوڵەکانی چارەسەریش لەبەین دەبات، چونکە فتوای مەرجەع لە دیدگای یەک مەزهەبەوە بۆ کێشەکان دەڕوانێ و کێشەکانیش جیا لەوەی سیاسین، کێشەی خۆ سەپاندنی تاک مەزهەبی و تاک نەتەوەیین بەسەر دین و نەتەوە و مەزهەبەکانی تردا.
٢ــ سنوور و پاراستنی ئەو سنوورانە:ــ عێراق وەک هەر دەوڵەتێکی تر خاوەنی سنووری سیاسی خۆیەتی و بەو سنوورەش لە وڵاتانی تر جیا دەکرێتەوە، بەڵام وەک دەبینین عێراق بۆتە مەیدانی تەراتێنی ئەم وڵات و ئەو وڵات و بێ رەزامەندی عێراق سنوورەکانی دەبەزێنرێن و پێشێل دەکرێن،
٣ــ سەروەری سیاسی و یاسایی:ــ دیارە هەموو وڵاتانی جیهان خاوەنی سەروەری سیاسی و یاسایی خۆیانن و ئەرکی ئەو وڵاتەشە ئەو سەروەریە لە دەستوەردانی دەرەکی بپارێزێ، بەڵام عێراق ئەو سەروەریەی لەدەست داوە و لە چەندین لاوە دەستوەردان لە عێراقدا دەکرێ و بە ئاشکرا و نهێنی وڵاتان هێزیان لە عێراق هەیە، ئەو وڵاتانەش کە هێزیان لە عێراق هەیە عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی بەریەککەوتن و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئەوە جگە لە دەستوەردانی سیاسی وڵاتان،
رووداوەکانی ناوخۆشی ناسنامەی دەوڵەتبوونی عێراقیان خستۆتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، ئەوەی ئێستا عێراقی وەک دەوڵەت هێشتۆتەوە بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، ئەگەرنا عێراق وەک دەوڵەت ناسنامەی دەوڵەتبوونی ون کردووە، بوونی ئەو بەرژەوەندیانەش ئەوەندەی تر عێراق بەرەو کاول بوون دەبەن و خەڵکی عێراق تووشی سەرگەردانی و ماڵ وێرانی زیاتر دەکەن، کوردیش وەک پێکهاتەیەکی ناو عێراق لە سەرەتای درووست بوونی دەوڵەتی عێراق باجی کوردبوونی داوە، ئەگەر کوردانە و دوور لە بەرژەوەندی حزبی و تاکە کەسی بۆ داهاتووی عێراق و ئەگەری دابەش بوونی نەڕوانێ لە پڕیشکی نەهامەتیەکانی داهاتووی عێراق بێبەش نابێ، چونکە بەرککەوتنی بەرژەوەندی وڵاتان عێراق بەرەو چارەنووسێکی رەشتر لە ئێستا دەبەن، بۆیە پێویستە و دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان هەستن و بە هزر و بیری کوردایەتی و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بچنە ناو رووداوەکان.