دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرەتای تەقینەوەی کیشەکانی ناو عێراقە

دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرەتای تەقینەوەی کیشەکانی ناو عێراقە
ئەوەی عێراقی وەک دەوڵەت هێنایە ناو نەخشەی سیاسی بەرژەوەندی وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو نەک خواستی پێکهاتە جیاوازەکان، ئەوەش وایکرد پێکهاتە ئەتنی و مەزهەبیەکان بە زۆر بخرێنە ناو ئەو دەوڵەتە و بەرژەوەندی وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانیش بکرێنە پەرژین و بەزاندنی ئەو پەرژینەش هێڵی سوور بێ، لێرەوە جیاوازییە سیاسی و ئەتنی و مەزهەبیکان کەوتنە بەریەککەوتن و ئەو بەریەککەوتنەش زەمینەی بۆ دەرکەوتنی دیکتاتۆری خۆش کرد و بۆ هەر گۆڕانکارییەکیش جگە لە کودەتا هیچ دەرفەتێکی بۆ خەڵکی عێراق نەهێشتەوە، بۆیە دەبینین لە سەردەمی حوکمی مەلەکیەوە تا رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ هەر گۆڕاکارییەک لە عێراق رووی دابێ بە کودەتا و خوێن رشتن بووە.
راستە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدانەوە بوو، بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕە تەنها بە رووکەش و روواڵەت بوو، ئەگەرنا زۆرینەی شیعە و پەراوێز خستنی سوننە و ئەو کوشتارەی لێیان کراو هەوڵەکانیان بۆ سنووردار کردنی دەستکەوتەکانی کورد، شوێنی دیکتاتۆریە کۆنەکەی گرتەووە و هێز و بوونی چەندین میلیشا و دەستوەردانی دەرەکی فتوای مەرجەعیش لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا هەمان دەوری کودەتاکانی بینی، بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرکەوتنی چەندین دەسەڵاتی میلیشیایی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتدا، بوونە کێشەی هەنووکەیی و خرانە سەر کێشە کۆنەکانی عێراق.
چوندین سەرۆک وەزیران و کابینەی حکومەت هاتن و عێراقیان نەغرۆی گەندەڵی کرد، عادل عەبدولمەهدی هات و بێ ئەوەی دەرفەتی بدەنێ خەڵک رژایە سەر شەقام و ئەویش لەژێر کاریگەری فتوای مەرجەع دەستی لە کار کێشایەوە، ئەوەش نەک کۆتایی کێشەکان نییە، بەڵکو سەرەتای تەقینەوەی کێشە کۆن و نوێیەکانی عێراقە، ئەوەی لێرەدا دەبێتە جێگای سەرنج هەموو ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کە هۆکاری سەرهەڵدانی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و ناڕەزایی خەڵک بوون، خۆیان تێکەڵ بە خۆپیشاندەران کردووە و کورد گوتەنی دەیانەوێ بە شکاندنی شانەکە لە سەری عادل عەبدولمەهدیدا خۆیان لەو زەلکاوە دەرباز بکەن و بۆ ماوەیەکی تریش کێشەکان خەفە بکەنەوە، بەڵام وەک دیارە ئەو دەنگەی لەناو خۆپیشاندەرانی راستەقینەدا دەبیسترێ بەوە رازی نابن و وا بە ئاسانی بێدەنگ ناکرێنەوە.
خاڵیکی تر کە زۆر گرنگە و پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێ، کێشەکان بەس بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری نییە و بە فتوای مەرجەع و بێدەنگ کردنی شەقامی شیعە کۆتاییان نایات، چونکە فتوای مەرجەع تەنها کاریەگەری لەسەر شیعە دەبێ و کورد و سوننە بوون و بەرژەوەندی خۆیان لە فتوای مەرجەعدا نابینن تا پابەند بن پێیەوە، جگە لەوەش ئەگەر مەرجەع پێیوابێ تەنها شیعە خاوەنی عێراقە و بە رازی کردنی شیعە کێشەکانی عێراق کۆتاییان دێ دەکەونەوە هەمان هەڵەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردوو کە ئێستا پێیانەوە دەناڵێن، بۆیە پێویستە هەم مەرجەع و هەم شیعە لە دەست بردن بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق وردتر و ئاقڵانەتر بیر بکەنەوە و، کێشەی کورد و سوننە و بەرژەوەندیەکانیان و دەستوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیش لەبەرچاو بگرن.
Top