هەرێمی كوردستان وەك كارەكتەرێكی سیاسیی بێ دەوڵەت لەتەك دەوڵەتە زڵهێزەكان

هەرێمی كوردستان وەك كارەكتەرێكی سیاسیی بێ دەوڵەت لەتەك دەوڵەتە زڵهێزەكان

هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی - دەستووری و لە هەمووشی گرنگتر مێژوویی، لە ناوچەكە خاوەن پێگەو هێزێكی گرنگە كە ئەم هێزەشی لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەتایبەت لە سەردەمی لەسەرپێ خستنەوەی عێراق و دوبارە بنیاتنانەوەی عێراق لە ساڵی (2003)وە پتر خۆی دەرخست و بووە هۆكاری چارەسەركردنی زۆر لەو گرفت و كێشانەی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە هەبوون.
هەرێم وەك دیفاكتۆیەكی قۆناخی ئەو كاتی عێراق، كە عێراقی دوای سەدام حوسێنی تێدا بنیات دەنرایەوە، بووە هاوپەیمانی وڵاتی زڵهێزێكی دونیا (ئەمریكا)، كە دوای شەڕی ساردی نێوان هەردوو جەمسەر (ئەمریكاو یەكێتی سۆفیەتی جاران)و لە ساڵەكانی نەوەدەوەو دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد و لە سەردەمی (بۆشی باوك) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هێدی هێدی هەیمەنەی خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناو بووە كارەكتەری سەرەكیی سیاسەتكردن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو رۆژهەڵاتە ناوەڕاستەی كە لە شەڕی یەكەمی جیهانی و تاكوو كۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانییش بەسەر وڵاتانی وەك فەرەنسا و ئیتالیا و بەریتانیا، وەك سیستەمی ئیستیعمار و ئینتداب دابەش كرابوو و هەیمنەیان بە سەریەوە هەبوو.
ئەم لاوازبوونەی رۆڵی ئەو وڵاتانەی كە ببوونە (دایباب)ی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت وڵاتە عەرەبییەكان بە عێراقی هەمە رەنگ و هەمە نەتەوەشەوە، بووە هۆی ئەوەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی وەك براوەی شەڕی دووەمی جیهانی هێدی بخشێنە نێو خاكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكێشە سیاسییەكانی خۆیان لە ناوچەكە پیادە بكەن.
لە شەڕی دووەمی كەنداو، یان باشتر بڵێین لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی (گەردەلوولی بیابان) كە (بۆشی باوك) لە نەوەدەكان ئەنجامی داو بە هۆیەوە هێرشی سەربازی كردە سەر رژێمی سەدام حوسێن، ئەو رژێمەی كە دوای پەلاماردانی ئێران لە شەڕی یەكەمی كەنداو، ئەوا پەلاماری كوێتیشی دابوو، ببووە مەترسییەكی ناوچەكە و هۆكارێكیش بوو بۆ ئەوەی ئەمریكا بە مەبەستی راوەستاندنی هێرشەكانی عێراق، هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بە هاوكاری نزیكەی (34) دەوڵەت پێكبهێنێت بۆ پشتیوانیكردن لە كوێت، ئەم هێرشكردنەی ئەمریكا بۆ سەر رژێمی عێراق بە یەكەم هەنگاوی سەربازی ئەمریكا دادەنرێت بۆ هاتنە نێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
راستە ئەو كات بەرەی كوردستانی وەك هاوپەیمانێك و كارەكتەرێكی گرنگ سوودی لە (گەردەلوولی بیابان) وەرگرت و بە هاوكاری وڵاتانی ئەورووپی و بەتایبەت فەرەنسا و دروستبوونی ناوچەی دژە فڕین، ئەم بەشە خاكەی كوردستانی لە دەست زوڵم و ستەمی سەدام و ئەنفال و جینوساید و راگواستن رزگار كرد و هێدی هێدی لەسەر پێی خۆی وەستا و بووە خاوەن نیمچە دەوڵەتێكی دیفاكتۆی ناوچەكە، بەڵام دەكرێت بگوترێت (باشوری كوردستان) ئەو كارەكتەرە، وەك كیانێكی بێ دەوڵەت، دەرخستنی هێز و پێگەكەی بە رووی تەواوی جیهان، پتر خۆی لە شەڕی سێیەمی كەنداو، یان هەمان شەڕی ئازادیی عێراق لە سەردەمی (بۆش)ی كوڕ لە ساڵی (2003) بینییەوە.
(بۆش)ی كوڕ وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا، هەر یەكە لە پرەنسیپەكانی (شەڕی دژی تیرۆر و بنبڕكردنی چەكی كۆكوژ و بڵاوكردنەوەی پرەنسیپەكانی دیموكراسی و لە هەمووشی گرنگتر پرەنسیپی شەڕی خۆپارێزی (الحرب الاستبقایة) یان (الحرب الوقائية)ی هێنایە نێو قامووسی سیاسەتی نێودەوڵەتی كە ماوەیەكی زۆر بوو ئەمریكا وەك سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەكاری دەهێنا بۆ هاتنە نێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر ئەمانەش بوونە هۆكاری ئەوەی (جۆرج بۆش)ی كوڕ لە دوای هێرەشە تیرۆریستیەكەی (11)ی ئەیلوولی (2001) بۆ سەر ئەمریكا، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق دەست پێكرد، بۆ رووبەڕبووونەوەی تالیبان و قاعیدە و رژێمی سەدام، ئەمەش بۆ خۆپارێزی لە تیرۆر و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بوو، ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە (جۆرج بۆش)ی كوڕ هەر یەكە لە وڵاتانی (ئێران و كۆریای باكوور و عێراق)ی بە میحوەری فیتنە (محور الشر) و پاڵپشتیكەری تیرۆری دەزانی.
لە شەڕی ئازادكردنی عێراقی ساڵی(2003) بوو كە پێگەی كورد و كوردستان وەك هاوپەیمانی سەرەكیی هاوپەیمانیی ئازادكردنی عێراق گەیشتە ترۆپكی خۆی.
هێزو توانایی شاندی دانوستاندنی كورد لە بەغداو هێزو پێگەی جەنابی سەرۆك (مسعود بارزانی) وەك مەرجەع و كەسایەتییەكی سیاسیی پڕ لە ئەزموونی ناوچەكە، هەرێمی كوردستانی وەك كیانێكی بەهێز خستە سەرپێ و بە شێوەیەكی جددی و لە تەك سیاسەتمەدارەكانی دیكەی كورد بووە پارێزەری خاك و ئاڵاو دامودەزگا شەرعییەكان و پێشمەرگە و بە دەستكەوتی مەزن لە بەغداوە گەڕانەوە كوردستان و عێراقیشیان بۆ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراق خستە سەر پێ، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانزانی چۆن چۆنی حوكمڕانی بكەن و دوای (16) ساڵ لە حوكمڕانی، عێراق گەیشتۆتەوە لێواری داڕمانی ناوخۆیی لە هەموو روویەكەوە كە رۆژ بە رۆژ كێشەكانی بێ چارەسەر دەمێننەوە.
ئەم دەستكەوتە مەزنانە و پرەنسیپە دیموكراسییەكان و پاراستنی مافی مروڤ و پێكەوە ژیانی ئاشتییانە و پاراستنی مافی پێكهاتەكان و بەهێزكردنی پێگەی ئابووریی هەرێم و كرانەوەی ئابووریی كوردستان بە رووی كۆمپانیا زڵهێزەكانی بواری نەوتی ئەمریكا و رووسیا و سیاسەتكردنێكی حەكیمانەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژی داعش و گیانبەختكردنی پێشمەرگە و شەڕكردنی لە جیاتی تەواوی دونیا بۆ پاراستنی ئەمنییەتی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمنییەتی وڵاتانی ئەورووپی، رۆژ بە رۆژ پێگەی كوردستانیان بەهێزتر كرد، بە جۆرێك كە هەرێمی كوردستان ئێستا بۆتە هۆكاری چارەسەر بۆ زۆربەی كێشەكانی نێو عێراق و بگرە ناوچەكەش.
كۆبوونەوەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێم بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستان و سەردانی بەڕێزیان بۆ بەغدا لەو تەنگژە و گێژاوەی كە بەرۆكی عێراقی گرتۆتەوە، بەتایبەت دوای خۆپێشاندانەكانی ئۆكتۆبەر كە شەقامی باشوور وناوەڕاستی عێراق پێی دەكوڵێت، هەروەها هاتنی بەڕێز (سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی وڵاتی رووسیا لە ئان و ساتی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، وەك زڵهێزێكی پڕ لە هەیمەنەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سووریا، هەروەها هاتنی بەڕێز (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كوردستان و كۆبوونەوەكانی لەگەل هەر یەكە لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و دەرخستنی خوشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ كورد لە لایەن ئەوەوە، لە كاتێكدا هیچ یەك لە دەسەڵاتدارەكانی عێراقی نەبینیبوو و بە تەلەفۆن گفتۆگۆی لەگەڵ كردبوون، هەروەها نزیكبوونی كۆتاییهاتنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ لەسەر پرسە هەڵواسراوەكانی نێوانیان، بەتایبەت كێشەی بوجەی (2020) و بابەتی ناردنی نەوت و سەردانە فەرمییەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەڕێز (مسرور بارزانی) بۆ توركیا لەو ئان و ساتەی كە رۆژئاوای كوردستان هێشتا لە ئاڵۆزییەكانی دوای هێرشی توركیا رزگاری نەبووە، هەموویان دەرخەری ئەوەن كە هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ پێگەكەی بەهێز و بەهێزتر دەبێت و وەك تاكە كارەكتەری سیاسیی بێ دەوڵەت لە ناوچەكە شان بەشانی دەوڵەتانی زڵهێزی ناوچەكە لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و بگرە نێودەوڵەتیش رۆلی كارای هەیە و هۆكاری خێر و چارەسەرە و هاوپەیمانێكی بەهێز و كاریگەر و خودان متمانە و بڕیارە كە دەتوانێت هاوكێشەكان لە بەرژوەندیی گەلی كوردستان بگۆڕێت.

Top