نێچیرڤان بارزانی وەک ئەوانی نەکرد

نێچیرڤان بارزانی وەک ئەوانی نەکرد

هەر کاتێک پارتی لەسەر پرسێک لەگەڵ لایەنێک ناکۆک بووبێ، لایەنەکانی تر لەناو ئاوی لێڵدا کەوتوونە مەلە و هەوڵیانداوە ئەو ناکۆکیە قوڵتر بکەن و لە بەرژەوەندی حزبی بیقۆزنەوە، زۆر جارانیش بەوە نەوەستاون و بێ بەددوادچوونی بۆ جۆری ناکۆکیە و ورد بوونەوە لەوەی هەق لای کامیانە، لە دژی پارتی بەلای لایەنەکەی تردا شکاونەوە و خۆیان کردووە بە بەشێک لە ناکۆکیەکەش، تەنانەت ئەو کاتانەی کە بەغدا بە مەبەستی سنووردانان بۆ دەستکەوت و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان و پارتیش وەک بەرگریکار لە دەستکەوت و ئازادیەکان سەنگەریان لە یەکتری دەگرت و سەنگەرگریەکە بە ئاراستەی گرژیدا دەچوو، جارێکیتر ئەو لایەنانە کوردبوون و کوردستانی بوونیان بەلاوە دەنا و دەکەوتنە سەنگەری عێراقچێتی و توندتر لە سەرانی کێشەقوڵقێنی شۆڤێنیستی عەرەبی دەکەوتنە دژایەتی پارتی و هەوڵیاندەدا وا لە رای گشتی کوردستانی بگەیەنن، کە ئەوە پارتییە کێشە بۆ حکومەتی ناوەند درووست دەکات، رووداوەکانی ئەو چەند ساڵەی ناو پەرلەمانی عێراق و پشتیوانی ئەو لایەنانە لە سیاسەتی دژە کوردانەی هەردوو کابینەی نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی هەموو گومانەکانی سەر ئەو راستییەی سەرەوە لادەدات, یان لە کاتی گەرمەی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و خەریک بوونی پارتی و هێزی پێشمەرگە بە بەرگری کردن لە کوردستان و بەها و پیرۆزیە نەتەوەییەکان، زۆرێک لەو لایەنانە بێباک لەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستە هەڵگری چ فەلسەفەیەکی سیاسی توندوتیژ و مەترسیداری دژ بە پێشکەوتن و بەها دیموکراتیەکان و خواستی گەلانی ژێردەستەی سەربەخۆخوازە، لە پەرلەمان و شەقام کەوتنە نانەوەی پشێوی و ئاژاوەگێڕی، ئەوە لە کاتێکدایە مێژوو سەلماندوویەتی کە تەبایی و یەکڕیزی ناوماڵی کورد لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بووە و سودمەندی یەکەمیش لە هەر پەرتەوازەیی و ناتەبایی ناو حزب و لایەنە ساسیەکانی کوردستان دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بوون.
ئێستا کە زۆرێک لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەم لەناو خۆیاندا و هەم لەگەڵ یەکتری بە جۆریک لە جۆرەکان تووشی کێشە و لێکدابڕان بوون و لە هەوڵی پەراوێز خستن و سڕینەوەی یەکتریدان، زۆر کەس و لایەن پێیانوابوو پارتیش وەک ئەوان هەوڵدەدات لە بەرژەوەندی خۆی گەمەی سیاسی لەناو کێشەکانیان بکات، یان لانی کەم وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە هەڵویستی رابردووی ئەوان بێدەنگ و سەیرکەر دەبێ، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە پێچەوانەوە لە چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکانی ئەوانەوە دەستی بۆ تەبایی و رێکستنەوەی ناوماڵی کورد بردووە, لێرەدا نامەوێ ئەو هەڵوێستەی نێچیرڤان بارزانی بکەمە منەت بەسەر هیچ کەس و لایەنێکەوە، چونکە ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەیکات ئەرکە و راپەڕاندنی ئەو ئەرکەشی وەک ئامانەتێکی سیاسی و نەتەوەیی لە بارزانی نەمر و ئەو قوتابخانە شۆڕشگێڕی و کوردپەروەریەی لێی پەروەردە کراوە بۆ ماوەتەوە.
Top