عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار
November 29, 2019
وتار و بیروڕا
گومان لەوەدا نییە کە بە دەست لە کار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی رووبەڕوو بوونەوەی ئەمەریکا و ئێران دەچنە قۆناغێکی نوێ و پێکهێنانەوەی حکومەتیش شەڕی نێوان باڵەکانی شیعە گەرمتر دەکات، ئەوەش عێراق دەخاتە بەردەم فەوزای سیاسی زیاتر و چارەنووسێکی نادیار، بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و داواکاری خۆپیشاندەرانیش دیوێکی تری کێشەی نێوان خەڵک و حکومەتی داهاتوو دەبن، ئەوەش عێراق دەخاتە بەردەم چەند ئەگەرێک و بەهێزترین ئەگەریش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی نێو باڵەکانی شیعەیە، بە سەرهەڵدانی ئەو شەڕەش ئەمەریکا و ئێران دەچنە ئەو قۆناغەی کش مەلیک لە یەکتری بکەن، کشی هەر کامێکیشیان شەڕی ناو باڵەکانی شیعە گەرمتر دەکا و سوننەش دێتە ناو رووداوەکان و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەش جگە لە دەرگای دابەشبوونی عێراق هەموو دەرگاکانی تر بە رووی چارەسەری کێشە کۆن و نوێیەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق دادەخات، لێرەدا پرسیار ئەوەیە کورد چی پێیە و چۆن دەچێتە ناو رووداوەکانی داهاتوو؟
حزب و لایەنە سیاسەکانی کوردستان ناکرێ ئەو ئەو پەندەیان لە مێژووی ئەو چەند ساڵەی حوکمی شیعە وەرنەگرتبێ، کە هەر کەس و لایەنێکی شیعە بگاتە دەسەڵات یەک تێڕوانینیان بەرامبەر بە کورد و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان هەیە، ئەویش تێڕوانینی عرووبەیە بە دیوە مەزهەبیە توندڕەویەکەدا، لەگەڵ بەهێز بوونی پێگەشیان پەردەیان لەسەر ئەو تێڕوانینە هاوبەشە لاداوە، بۆیە دەبێ کوردیش ئەو تێڕوانینە هاوبەشەی شیعە لەبەرچاو بگرێ و بە تەبایی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و، بە ئیرادەی کوردبوون و کوردایەتی کردن بچێتە ناو ئەو رووداوانەی کە دەبەشبوونی عێراقیان لێ دەکەوێتەوە.