کۆدی نهێنی سەرکەوتن و خۆڕاگری بارزان و شکستی دوژمنان؟
November 26, 2019
وتار و بیروڕا
هێزی دوژمنان و ئاستی پیلانەکانیان زۆر لە هێزی بارزانیەکان و پارتی گەورەتر بوون، بەڵام بەردەوام لە بەرامبەر بارزانیەکان شکستیان هێناوەو ئەگەر سەرکەوتووش بووبن سەرکەوتنەکەیان کاتی و کورتخایەن بووە، ئەوە هێزی بارزانیەکان و ئەوەش هێزی سێ داگیرکاری کوردستان و پیلانی سەر کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦، ئەوەش رێڕەوە مێژووییەکەی پەڕینەوە لە رووباری (ئاراس)و دۆشدامانی دوژمنان و پیلانگێڕان.
ئەوە هێزی نابەرامبەری رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و شۆڕشی ئەیلول و ئەوە پیلانە نێودەوڵەتیەکەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥، ئەوەش سەرکەوتنی ئیرادەی کوردایەتی لە ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠و وەڵامدانەوە پیلانەکە نێودەوڵەتیەکەش لە گوڵاندا.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ پیلان و گەلەکۆمەی داگیرکارانی کوردستان چوونە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار، ئەوە هەڕەشەی جووڵاندنی هێز و بۆ قالبدانەوەی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، ئەوە بڕینی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان بە پیلانێکی پێشوەختەی بەرنامە بۆ دانراو، ئەوە هەوڵەکانی پەراوێز خستن و پاکتاوی پارتی لە بەغدا، ئەوە پیلانە ستەمکاریەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆبوونەوەی هێزە داگیرکارەکانی کوردستان و دەستە و گرووپە ناوخۆییەکان لە سەر مێزی پیلانگێڕییەکی هاوبەش، ئەو پیلانە جیاواز لە پیلانەکانی تر بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش کرابوو، پلانەکە وا دانرابوو پیلانگێڕان بە خەیاڵی لەناوبردنی بارزانیەکان و پارتی سەرگەرم ببون، ئەو پیلانانە و زۆر پیلانی تریش تێپەڕێندران و خواستی پیلانگێڕان بوو بە مێژوو.
هەموو ئەو پیلانانە نەک هەر نەیانتوانی خۆزگەی پیلانگێڕان بێننەدی، بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی سیاسی و جەماوەری و متمانە بوون بە سەرۆک بارزانی و بارزانیەکان و پارتی روو لە هەڵکشانە و، پێچەوانەی رەوتی پیلانەکانی دوژمنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقی و ناوخۆی کوردستان بەهێزتر و کاریگەرتر دەردەکەوێ.
بۆ کەسانی بێئاگا لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد تێگەیشتن لە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە زەحەمەت و باوەڕ پێنەکراوە، چونکە نەک هەر بێئاگایان لە مێژوو یان ئەوانەی بەهۆی لاوازی و سەختی رێگاکە نەیانتوانی لەگەڵ ئەو رەوتە مێژووییە بڕۆن، بەڵکو پسپۆر و شارەزایانی سیاسی و جەنەڕاڵ و ئەزموندیدانی سەربازیش لە ئاستی سەرکەوتن و پووچەڵ کردنەوەی ئەو زنجیرە پیلانگێڕیە نەخشە بۆ کێشراوانە تووشی شۆک دەبن، ئاخر سەرکەوتنی هێزێکی بە ژمارە کەم و بێ تەکنۆلۆژیای سەربازی بەسەر هێزێکی زۆر و پڕ چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی لە دەرەوەی زانستی سەربازییە و شۆک بوونی پسپۆڕ و شارەزایانی سەربازی ناهەق نییە، یان پووچەڵ کردنەوەی ئەو هەموو پیلانە دووقۆڵێ و سێقۆڵی و هەندێ جار بە پشتیوانی نێودەوڵەتیش زیاتر لە پەرجوو دەچێ و تەنها کەسە پەرجووخوڵقێنەکان دەتوانن پێی هەستن، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە هەموو ئەو هێز و پیلاگێڕیانە دژ بە کوردبوون بەکارهێنراون و بۆ وەستاندنی ئیرادەی نەتەوەیی گێڕدراون، بارزانی نەمر پێش دامەزراندنی پارتی و دوای دامەزراندنی پارتی و ئێستا سەرۆک بارزانیش پەیامی کوردبوون و خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان هەڵگرتووە و هێزیان لە بڕوا بەخۆبوون و ئیرادەی نەتەوەیی و کوردبوون و کوردایەتی وەرگرتووە، ئەوە کۆدی نهێنی سەرکەوتنەکان و بەزینی هێزی دوژمنان و پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانیان بووە.