خۆنەچەمێن و خۆچەمێنەکان

خۆنەچەمێن و خۆچەمێنەکان

دەیان ساڵە کورد بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، یەکەمیان بەرەی خۆنەچەمێن و دووەمیشیان بەرەی خۆچەمێنەکانن، بەرەی خۆنەچەمێنەکانن هەڵگری خواستی رزگار بوونن لە ژێردەستەیی و سەربەخۆیی کوردستانیان بە ئامانج گرتووە، میژووش دەریخستووە هەڵگرانی ئەو خواست و ئامانجە دەبێ بەر لە هەموو شتێک بڕیاری خۆنەچەماندن بدەن، چونکە رەتکردنەوەی ژێردەستەیی بەدیهێنانی سەربەخۆیی بەربەست و بارودۆخۆی وا دژوار و ئاستەنگی وا سەخت دێتە پێش سەربەخۆخوازان، تەنها و تەنها بە بڕیاری خۆنەچەماندن دەتوانن تێپەرێنن، ئەو بڕیارش کاتێک ئامانج دەپێکێ دەبێ کەسی خۆنەچەمێن مەگ و کلتووری خۆ نەچاماندن بخاتە ناو کۆڵەپشتی رێگای سەربەخۆیی کوردستان.
هەرچی بەرەی خۆچەمێنەکانیشن خواستەکانیان تایەتین و لە ژێردەستەییدا بەرجەستە دەبن، ئەوەش خۆچەماندنی لەلا کردوونە کلتوور و بە زمانی جەستە لەوە دەگەن دوژمن خۆچەماندنی لێیان دەوێ، لەوەش گەیشتوون کە خواستەکانیان لە دەستی دوژمنانی گەلەکەیان دایە و فێریش کراون کە نرخی هەر خواستێک خۆچەماندنێکە و بەبێ خۆچەماندن ئەو خۆستەیان بۆ دەستەبەر ناکرێ.
ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژوو بدەینەوە دەبینین خۆنەچەماندنی بەرەی خۆنەچەمێنەکان و خۆچەماندنی بەرەی خۆچەمێنەکان بوونە کار و کاردانەوەی ئەو دوو بەرەیە، گرفتی گەورەی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیش لە بڕیاری خۆنەویستانەی کاری خۆنەچەماندنی بەرەی خۆنەچەمێن و کاردانەوەی بەردەوامی بەرەی خۆچەمێنەکان سەرچاوەی گرتووە، چونکە لە بەرامبەر هەر خۆنەچەماندنێکی بەرەی خۆنەچەمێن، دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان هەوڵیانداوە بەرەی خۆچەمێن بچەمێنن و بەو چەماندنەی بەرەی خۆچەمێن باری لاری سیاسی خۆیان راست بکەنەوە، بەرەی خۆچەمێنیش وەک ئەوەی دوژمنانی کورد ویستوویانە خۆیان لە بەرامبەر خواستی داگیرکاری و پیلانە بەردەوامەکانی داگیرکارانی کوردستان چەماندووە.
Top