هاوارێک بۆ هاوارەکەی کاک نەوشیروان مستەفا

هاوارێک بۆ هاوارەکەی کاک نەوشیروان مستەفا
زۆرت هاوار کرد سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمە پێشکەوتووەکەی (بەغا) بێنیە کوردستان، بەڵام داخەکەم گوێیان لێ نەگرتی و ئەو ئاواتەت بردە ژێر گڵ و کورد لەو نیعمەتە بێبەش بوو، کەچی ئێستا (بەغا)ییەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن سیستەمە دواکەوتووەکەی کوردستان بگوازنەوە (بەغا).
دوا راپەڕینی گەلانی تونس و میسریش پیلانێکی سێ قۆناغیت داڕشت، لە قۆناغی یەکەمدا بە ناوی پشتیوانی لە گەلانی تونس و میسر دنەی خەڵکی ساویلکەت داو کارتێکراوانی ژێر ئیرهابی فکریت رژاندنە سەر شەقام، لە قۆناغی دووەمدا ئاراستەی گردبوونەوەکەت پێ گۆڕین بۆ هەڵکوتانەسەر و بەردەفڕکێ و رووت پێ لە لقی چواری پارتی کردن، چەند خولەکێک دوای ئەوە هەموویانت بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن ناو بردن، دوای ئەوە خواستی خەڵکت هێنایە ژێر رکێفی سیاسی خۆت و بڕووخێ و (ارحل)ت کردە ئامانج.
لە قۆناغی سێیەمیشدا خۆت خزاندە ناو حکومەت و بۆ چاو بەستنیش چوار ساڵ ئارامیت کردە درووشم، بۆ سەرکەوتنی پیلانە دێرینەکەت لەناو پەرلەمان کەوتیە ئاژاوە نانەوە و لە شەقامیش سووتاندن و بەردەفڕکێ و هەڵکوتانەسەر بوونە خواست و ئامانجت، دوای ئەوەش لەگەڵ کۆنە هاورێکانت رێککەوتنێکت ئەنجامدا و بە حیساب لەگەڵ ئەوان کۆتاییت بە تاکڕەوی بڕیاری سیاسی دێنا.
هەموو ئەو هاوارانەت بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و لە بەین بردنی دەستکەوتەکان و گەڕانەوەت بوو بۆ ژێر سیستەمە تاکڕەویەکەی (بەغا)، بەڵام ئێستا بەغا بە جۆرێک شڵەقاوە کەس خۆزگەی بۆ ناخوازێ و خەونی عێراچیەکانیشی زڕاندووە، ئێستا هەر یەکە لە دەستوەردانی دەرەکی و فتوای مەرجەع و هەڵپەی میلیشیا هاوار بۆ خۆ بە سیستەمکردنی بەغا دەکەن، جا ئەگەر ئێستا لە ژیاندا بای نازانم کام لەو هاوارانەت دەکرد بە هاواری خۆت؟!
Top