نێچیرڤان بارزانی کرۆکی کێشەکانی عێراق و رێگا چارەسەری خستەڕوو
November 21, 2019
وتار و بیروڕا
لە سەردەمی مەلیکەوە تا ساڵی ٢٠٠٣و رووخانی رژێمی بەعس، هەموو گۆڕاکاریەکانی دەسەڵات لە رێگای کودەتای سەربازی بوون، هەموو کودەتاچیکانیش بۆ قایم کردنی پێگەی دەسەڵاتیان هەمان سیاسەتی کودەتا لێکراویان گرتۆتەبەر، کە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و کوشتوبڕ و سڕینەوەی بەرامبەر بووە، بە درێژایی ئەو مێژووە کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز و خاوەن خاک و زمان و کلتوور و مێژووی تایبەت بەخۆی، زۆرترین باجی ئەو هەڵە کۆن و جیۆسیاسیەی داوە و بە مەبەستی سەرکوت کردن و بێدەنگ کردنی زۆرترین جار بەر شاڵاوی کوشتار و کۆمەڵکوژی کەوتووە، بەڵام نە داگیرکاران توانیویانە بێدەنگی بکەن و نە کوردیش دەستبەرداری ماف و ئازدایەکانی خۆی بووە.
دوای رووخانی رژێمی بەعس و ئەو هەل و مەرجە نوێیەی لە عێراق هاتە پێشێ، زۆر لە چاودێران پێیان وابوو سەردەمی کوردەتا بەسەر چووە و لەمەولا هەڵبژاردن و دەنگ و بڕیاری خەڵک و دیموکراسی شوێنی کودەتا و تاکڕەوەی سیاسی و دینی دەگرێتەوە، بەوەش کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن و ئیرادە بۆ پێکهاتەکان دەگرێتەوە، بەڵام زۆری نەبرد دیموکراسی بە هێزی میلیشیا و بوونی گرووپگەرایی دووگیان کراو ئەو گرووپانە کەوتنە هەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵات، بۆ ئەو مەبەستە دەست بۆ هەندێ کاری وەک مووچە و قوتبڕینی خەڵکی کوردستان برا کە لە قۆناغی کودەتاکاندا کودەتاچیەکان دەستیان بۆ نەبردبوو، ئەوەش کیشەکانی ناو عێراقی ئاڵۆزتر کرد و شەڕی پاوانکردنی دەسەڵاتیان لەم پیکهاتە و ئەو پێکهاتە گواستوە بۆ ئەم گرووپ و ئەو گرووپ و ئەم میلیشیا و ئەو میلیشیا.
وەک دەرکەوت نە کودەتا و نە ئەو دیموکراتیە ساختەی ئێستای عێراق نەیانتووانی ئەو هەڵە کۆن و جیۆسیاسیە راست بکەنەوە کە نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا بە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکانی ناو عێراقی ناوبرد، لە هەمان کاتدا رێگای چارەسەری کێشەکانیشی خستنە بەردەم، ئەوەیش گێرانەوەی ئیرادە بوو بۆ پێکهاتەکان و دوور کەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ و خواستی خۆسەپاند و بەلاوەنای پێکهاتەکانی تر، جا دوو پیکهاتەی شیعە وسوننە گوێی لێدەگران یان نا ئەوە شتێکی ترە، بەڵام ئەگەر گوێی لێ بگرن سودمەندی یەکەم خۆیان دەبن، خۆ ئەگەر گوێی لێنەگرن و سووربن لەسەر ئەو سەرەڕۆییە سیاسی و مەزهەبیەی رابردوویان، زەرەمەندی یەکەم خۆیان دەبن و ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات لە فۆڕمی تردا دووبارە دەبێتەوە و کێشەکانیش ئاڵۆزتر و خەڵکی عێراقیش خەسارەتمەند تر دەبن.