کورد لەبەردەم ئەرکی نوێدا
November 20, 2019
وتار و بیروڕا
ئەو بەریەککەوتنەی نێوان داگیرکاران و سەربەخۆخوازانی کورد لە فۆرمی جیاوازدا بەردەوام بوو، هەرکاتێ بارودۆخی ناوخۆیان باش بووبێ و رووداوەکان لە بەرژەوەندیان بووبن، پیلانەکانیان ئاڵۆزتر و گوشارەکانی سەر کوردیان زیاتر دەکردن،ئەو بارودۆخە درێژەی کێشا تا بڕیاردان لە ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، لەگەڵ بڕیاردان لە ریفراندۆم رژێمە داگیرکارەکانی عێراق و ئێران و تورکیا بۆ پێشگرتن بەو بڕیارە چارەنووسسازەی خەڵکی کوردستان، بە پشتیوانی خیانەتکارانی ناوخۆ لەناو هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازی ئاشکرادا خۆیان کۆ کردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیرادەی سەربەخۆخوازی بەرگەی ئەو پیلانە جەنجاڵ و فرە جەمسەرەی گرت و نەیانتوانی وەک ئەوەی دەیانویست و نەخشەیان بۆ کێشابوو رەوتی رووداوەکان لە بەرژەوەندی سیاسەتی داگیرکاری خۆیان بگۆڕن.
ئێستا رووداوەکان روو لە گۆڕانکارین و هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان کەوتوونە ناو قەیران، بوونی قەیرانیش لە هەر وڵاتێکی داگیرکاری کوردستان لە بەرژەوەندی پرسی کوردە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە کورد چ خوێندنەوەیەکی بۆ ئەو رووداو و پێشهاتە چاوەڕوانکراوانە هەیە؟ چۆن لەگەڵ مێژوو دەدوێ و چۆن وەڵامی پرسیارەکانی داهاتوو دەداتەوە؟
مێژووی ئێمەی کوردی وڵات داگیرکراو و ئەوانی دوژمن و داگیرکاری کوردستان تەژیە لە خوێن و کاولکاری، لە ستەمکاری ئەوان و ستەملێکراوی کورد، لە فێڵ و تەڵەکابازی ئەوان لەکاتی لاوازیدا و ساویلکەیی و خۆشباوەڕی کورد لەکاتی هەل و دەرفەت بۆ رەخساندا، سەما کردنی کورد بە دەوری درووشمی ساختەی دینی و ستراتیجی پڕ لە رق و کینە و دوژمنکاری ئەوان.
لێرەدا ئەگەر هەموو ئەو روانینە دژ و پێچەوانانە بکەینە وەڵامی پرسیارەکانی داهاتوو، دەبێ کورد کەڵک لە سیاسەتی هەڵەی خۆی وەربگرێ و نەفرەت لە برایەتی دینی و ئایدۆلۆژی بکات، دەبێ لەو راستییە بگات کە بە درێژایی مێژوو درووشمی برایەتی دینی و ئایدۆلۆژی ئەوان کەلەپچەی دەستی کورد و چاڵاوی مەرگ بوون.
جا ئەگەر توانرا هەموو ئەو هەڵانەی رابردوو راست بکەینەوە و لەباتی سەما کردن بە دەوری درووشمی برایەتی دوژمنان، کۆڕی کوردایەتی بە دەوری کوردبووندا بگرین و کوردستانی بوون و سەربەخۆیی کوردستان بکەینە دوا ئامانج، دەکرێ ئەوەی بە برایەتی ساختەی دینی و ئاردۆلۆژی دۆڕاندوومانە، بە برایەتی کوردبوون و کوردستانی بوون وەری بگرینەوە، بە پێچەوانەوە لەو پێشهات و گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوانەش تاکە دەستکەتمان دوژمن گۆڕین دەبێ و ئەو بکوژ بەو بکوژ دەگۆڕین و ئەوان هەر بکوژ و ئێمەش هەر کوژراو دەبین، ئەوان هەر داگیرکار و ئێمەش هەر داگیرکراو دەبین.