نامەیەکی کراوە بۆ حزبەکانی رۆژهەڵات

نامەیەکی کراوە بۆ حزبەکانی رۆژهەڵات
سوپاس بۆ هەر کەسێک ئەو نامەیە بگەیەنێ
لە سەرەتای کەرتبوونی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وەک کوردێک و پەرۆشیم بۆ کورد لە هەر شوێن و پارچەیەکی کوردستان بێ، نامەیەکی کراوەم ئاراستەی مامۆستا عەبدڵا حەسەنزادە و کاک مستەفای هجری کرد و داوام لیکردن کەرتبوونی حزبەکەیان مەترسی گەورە دەخاتە سەر بزووتنەوەی کوردایەتی لەو بەشەی کوردستان، مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە زۆر بە پەرۆشەوە وەڵامی دامەوە و بێ مەرج ئامادەیی بۆ یەکگرتنەوە دەربڕی، بەڵام بەداخەوە کاک مستەفای هجری ئامادەیی دەرنەبڕی و وەڵامی نامەکەی من و ئامادەبوونی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادەشی نەدایەوە.
ئێستا کە ئێران بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێ و ئەو دۆخەش ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخاتە سەر شانی هەردوو حزب و کاک مستەفای هیجری و کاک خالید عەزیزی و کۆی حزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشە زوڵم لێکراوەی کوردستان، ئەو ئەرکەش لێیان دەخوازێ بە یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی بچنە ناو رووداوەکان و کوردبوون و کوردایەتی بخەنە پێشینەی کارەکانیان و ئەو دەرفەتە رەخساوە لە دەستن نەدەن.
خۆ ئەگەر وا نەکەن چۆن دەتوانن وەڵامی پرسیاری شەهیدان بدەنەوە؟ ئەی چۆن دەتوانن بچنە سەر گۆڕی بارزانی نەمر و پێی بڵێن: هاتووین ئەو ئامانەتیەی پێشەوا قازی پێیدابووی بماندەیەوە و بیبەینەوە بۆ چوار چرا و مژدەی سەرکەوتنی پێ بدەینە پێشەوا قازی؟ جگە لەوەش هەردوو دوکتۆری بەناهەق تیرۆرکراو و کۆی خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵات و سەربەخۆخوازانی بەشەکانی تری کوردستانیش چاوەڕوانی یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێوەن، ئەگەر لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیەشدا نەبن دەکەونە بەردەم دادگای مێژوو.
Top