حەنان فەتلاوی عەرەب و کوردە فەتلاویەکان
November 18, 2019
وتار و بیروڕا
حەنان فەتلاوی عەرەب لە دژایەتی کردنی پرسی کورد و ماف و ئازادیە یاسایی و دەستووریەکان لەناو هەموو پەرلەمانتارە عەرەکان پێشەنگی وەرگتبوو، تەنانەت بە تەنیا تەحەدای سەرۆک کۆماری ئەوکاتی کرد و گوتی: من رێگر بووم و نەمهێشتووە ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکرێ، ئەو هەڵوێستەی حەنان فەتلاوی وەک عەرەبێکی شۆڤێنیزم و دژە کورد، جیا لەوەی زۆر ئاساییە و ئەرکی شۆڤێنیزمی خۆی ئەنجامداوە و جێگای گازندە و گلەیی نییە، لە دوو خاڵەوە گەورەترین خاڵی لاوازی سەرۆک کۆماریشی دەرخست، خاڵی یەکەم ئەوەیە کە سەرۆک کۆمار وەک کوردێک هیچ هەڵوێستی نەبوو، خاڵی دووەمیش وەک سەرۆک کۆمار و پارێزەری دەستوور نەیتوانی لەو پێشێکاریە دەستووریە بپرسێتەوە.
خاڵێکی تر کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم پەرلەمانتارە فەتلاویە کوردەکانی وەک وشیار فەتلاوی، ئەحمەد رەشید فەتلاوی، ئارێز فەتلاوی، یوسف فەتلاوی، ئارام فەتلاوی، غالب فەتلاوی ئاڵا فەتلاوی، سروە فەتلاوی و چەند فەتلاوییەکی تری هاوبیریانن، کە بە دەنگی خەڵکی کورد و لەژێر کاریگەری ئیرهابی فکری و سیاسەتی چەواشەکارانە، وەک پەرلەمانتار و نوێنەر نێردراونە بەغدا تا بەرگری لە ماف و ئازادیەکانیان بکەن، بەڵام تا ئەم ساتەوەختەش بوونە جاسووس بەسەر خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم و کورد گوتەنی: حەنان فەتلاوی عەرەبزادە لە دژایەتی کردنی پرسی کورد تێشوویان پاشەوە ناکات.
ئەوانە بەناو پەرلەمانتاری کوردن لە بەغدا و ئەرکیان چاودێری حکومەتی بەغداو بەرگری کردنە لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، کەچی بۆ بەغدا و حەشدی شەعبی بوونە بەندبێژی سیاسی و دنەدانی شۆڤێنیەکانی عەرەب بەسەر حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانەوە، لە کاتێکدا لە کوردستانیش فراکسیۆنی پەرلەمانییان هەیە و ئەرکی ئەو فراکسیۆنەیە چاودێر بێ بەسەر حکومەتی هەرێم و کاری یاسادانان، ئەو کوردە فەتلاویانە بەو هەڵوێستە جاسووسی و خۆفرۆشانەیان سووکایەتی بە خودی فراکسیۆنە کوردستانیەکەی خۆشیان دەکەن و مافی ئەوانیش پێشێل دەکەن. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە فرکسۆنە کوردستانەیەکەی خۆشیان لەو سووکایەتی پێکردنە بێدەنگن و پێیان ناڵێن: ئێوە پەرلەمانتاری حوکومتی عێراقن و ئەرکتان لە بەغدیە نەک لە کوردستان.