كێ له‌ عێراق ده‌ستبه‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه‌

كێ له‌ عێراق ده‌ستبه‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه‌

فشاری خۆنیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی و به‌تایبه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی مانۆڕێكی جه‌ماوه‌ری ده‌ستله‌پشتبوونێكی گوماناوییه‌، مێژووی حكومڕانی شیعه‌كان له‌ عێراق ئه‌و راستیه‌ی پشتڕاستكردۆه‌ته‌وه‌، خۆنیشاندانه‌كان دوا زمانی گفتوگۆی هه‌رێمایه‌تی و ناوخۆییه‌ بۆ جێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی یاخود یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ململانێیه‌كان نه‌ك هه‌نگاوی چاكسازی و باشتركردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی عێراقی.
پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ دۆخه‌كه‌ خه‌ریكه‌ به‌ره‌و باشتر بوونێك ده‌چێت كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی پشكێكتریان به‌ركه‌وێ و ئه‌وه‌ش راستیه‌ كه‌ ئێران سه‌ركه‌وتووانه‌ ئیداره‌ی هه‌ردوو رووداوه‌ گرنگه‌كه‌ی لوبنان و عێراقی له‌یه‌ككاتدا كرد و زیانێكی ئه‌وتۆ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌كه‌وت، بۆیه‌ ته‌نیا عێراقیه‌كان وه‌ك هاوڵاتیان له‌م مانۆڕه‌دا بوونه‌وه‌ قوربانی و هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ ژیانیان روونادات، واتا ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانی ئه‌وان هه‌میشه‌ وه‌ك دوا كارتی گفتوگۆ سه‌یر ده‌كرێت نه‌ك وه‌ك خواستێك بۆ جێبه‌جێكردن. ئه‌و كارته‌ی نیشان ده‌درێ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتین به‌ هیچ رێكه‌وتنێك ئه‌وا شه‌قام ده‌توانێ لایه‌نێكی به‌هێز بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نازول به‌ هه‌موو لایه‌ك بكات.
بۆ نموونه‌ ده‌گوترێت له‌ چه‌ند كاتژمێری یه‌كه‌می خۆنیشاندانه‌كاندا عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاماده‌كردووه‌، ئه‌مه‌ مانایه‌كیتری هه‌یه‌ كه‌ پێش خۆنیشاندانه‌كان ئه‌و مانۆڕه‌ سیاسیه‌ی نێوان حزبه‌كان و ئه‌وانه‌یشی له‌پشته‌وه‌ی ئه‌م حزبه‌ عێراقیانه‌ن كراوه‌، ئه‌گه‌رنا سیاسیه‌ك خاوه‌ن پشتیوانیه‌كی زۆری ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تی وهه‌رێمایه‌تی وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌سه‌رچ بنه‌مایه‌ك به‌خێرایی ده‌ستله‌كار ده‌كشێنێته‌وه‌؟!
ئه‌گه‌ر ئه‌م مانۆڕه‌ كه‌ ناوی لێنراوه‌ خۆنیشاندانی هاوڵاتیان! جۆرێكی دیكه‌ی یاریكردنی نێوان هێزه‌ شیعیه‌كان و خودی ئێران نه‌بێ، ئه‌ی هیچ لایه‌نێك له‌ عێراق هه‌یه‌ به‌ قه‌ده‌ر سوننه‌كان خاوه‌ن داواكاری بن؟ ئه‌وه‌ سوننه‌كان نین ناوچه‌كانیان وێران بووه‌؟ ئه‌وه‌ سونه‌كان نین له‌ ناوه‌ندی حكومڕانی و گۆڕه‌پانه‌ مه‌زنه‌كه‌ی سیاسی عێراق پشتگوێخراون؟ ئه‌وه‌ سوننه‌ نین هیچ رۆڵێكیان پێنه‌دراوه‌؟
ئه‌و به‌شدارینه‌كردنه‌ی سوننه‌ له‌م خۆنیشاندانه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ مانۆڕه‌كه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شیعه‌یه‌ له‌ عێراق و پته‌وكردنی هه‌ژموونی ئێران و گه‌یاندنی په‌یامی ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌یه‌ نه‌ك به‌رنامه‌ی چاكسازی و خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان.
بۆیه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانۆڕه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه‌ هاوڵاتیانی عێراقه‌ و ئه‌و ژماره‌ قوربانیه‌ی له‌م مانۆڕه‌ش به‌خشرا، هیچ ئامانجێكی نه‌پێكا كه‌ خزمه‌ت به‌ ئاینده‌ی ژیان و دۆخی خه‌ڵكی عێراق بكات.
Top