ئەبوبەکر بەغدادی راستگۆ بوو
November 13, 2019
وتار و بیروڕا
داعش ئەو هزر و بیرە توندڕەوە سیاسییەیە کە هەموو راستییەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و هەوڵدەدات خۆی وەک تاکە هێز بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش بیر داعشەکان بەسەر دوو ئاراستەدا دابەش دەبن.
ئاراستەی یەکەم:ــ ئەو ئاراستەیە لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادی رابەرایەتی دەکرا و دەکرێ بە باڵە ئاشکرا و راستگۆکە ناوببرێ، لەوەدا ئەبوبەکر بەغدادی زۆر راستگۆ بوو، روون و ئاشکرا بە خەڵکی دەگوت: هەموو شتێکی وەک سەروەت و سامان و بە کەنیزە کردنی ئافرەتی ئەوانە بۆ ئێمە حەڵاڵە، کە بە هەر پاساو و بیانوویەک خەلیفە بوون و خلافەتی من رەت دەکەنەوە، لەوەشدا نەهجی خەلیفە بوون و خەلافەتی خۆی لەو ناوچانە سەپاند کە دەسەڵاتی بەسەر رادەگەیشت، سامانی خەڵکی دەبرد و پیاوەکانی سەر دەبڕین و کچ و ژنەکانیشی بە کەنیزە دەکردن و دەیخستنە بازاڕی کڕین و فرشتنەوە.
ئاراستەی دووەم:ــ ئەو ئاراستەیە داعشی شاراوەن و دەیانەوێ بە درۆ کردن لەگەڵ نەهج و ستراتیجی خۆیان بگەنە دەسەڵات و دوای گەیشتنە دەسەڵات، ئەوجار ئەو هەنگاوە بنێن کە ئەبوبەکر بەغدادی دەینا، ئەوەی قاسم سولەمانی لە دوای ریفراندۆمی باشووری کوردستان و کردی و ئەوەی ئێستا ئەردۆغان دژ بە کوردانی رۆژئاوا دەیکات، لە جۆرە داعشە شاراوە و درۆزنەکانن.
لە کوردستانیش لە جۆری داعشە شاراوە درۆزنەکان بوونیان هەیە، رەنگە پبرسن ئەو داعشە درۆزن و شاراوە کوردانە کێن؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێم: هەر کوردێک بە هەر پاساو و بە هەر ناوێک دژی سەربەخۆیی کوردستان بێ، لە جۆری داعشە درۆزن و شاراوەکەیە، بە گەڕانەوەش بۆ ئەو سەردەمەی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش دەجەنگا و هەندێ حزبیش لەناو شارەکان بە بیانووی جۆراوجۆر خەڵکیان بۆ پەلاماردان و سوتاندنی بارەگای حزبی و دامودەزگا حکومیەکان هاندەدا، یان ئەو حزبانەی هاوشان لەگەڵ دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بەگژ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستاندا دەچوونەوە، بیر داعشین و بە ئاراستەی مانەوە و دابین کردنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەنگاو دەنێن و کار دەکەن.
لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە ئەوەی داعش و ئەبوبەکر بەغدادی لە حزبە دژە سەربەخۆکان و بەرپرسە باڵا و بڕیار بەدەستەکانیان جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە داعش و ئەوبوبەکر بەغدادی لەگەڵ ستراتیج و خەڵکی خۆیان و دوژمنەکانیشیان راشکاو و راستگۆ بوونش، بە پێچەوانەوە ئەو حزب و بەرپرسە باڵا و بڕیار بەدەستەکان لەگەڵ ستراتیج و خەڵکی خۆیان و دۆستەکانیشیان ناڕاسگۆ و تەڵەکەبازن.