عێراق و دابەشبوونێکی مەینەتدار
November 12, 2019
وتار و بیروڕا
شیعەی عێراق لەباتی ئەوەی لە رووی سیاسی و ئازادی بیروڕاوە بەسەر ئەم حزب و ئەو حزبدا دابەش ببن، بەسەر کەسەکاندا دابەش بوون، ئەوە سەدریەکان و ئەوە عەماریەکان، ئەوە مالکیەکان و ئەوە عەبادیەکان، ئەوە قەیس خەزعەلیەکان و ئەوەش عامریەکان و زۆری تریش، لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە قاسمیەکان هەن و لە عێراقدا لە هەمووشیان بەهێزتر و خاوەن بڕیارترە، ئەو دابەشبوونەی شیعەکان رێک شەڕ کردنە لەگەڵ دیموکراتی و خولانەوەیە لە بازنەی توندڕەوی مەزهەبی و بەرژەوەندی تاکە کەسیدا، ئەوەش وایکردووە لە دەرەوە بڕیار لەسەر چۆنیەتی رووداوەکان بدرێ و تەنها عێراقیەکان خاوەنی بڕیار نەبن.
کوردیش وەک پێکهاتەیەکی بە زۆر بە عێراقەوە لکێنراو، لە رووی فکری و سیاسییەوە دابەش بوونەکەی دیموکراتیانەیە و لە شیعە پێشکەوتوو ترە و بەسەر چەند حزبێکدا دابەش بووە، بەڵام مەینەتی کورد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە قۆناغە زۆر هەستیارەکان و دەرکەوتنی مەترسییەکاندا یەکناگرێتەوە، باشترین بەڵگەش پەرتەوازە بوونی بوو لە کاتی ریفراندۆم و دوای ریفرادۆم.
بڕیاری ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان، کوردی خستە بەردەم قۆناغێکی چارونووسساز و هەستیارەوە، ئەو قۆناغەش لە حزب و لایەنەکانی کوردستانی دەخواست دابەشبوونە سیاسی و فکریەکە وەلابنێن و لەناو کارنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا یەکبگرنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دابەشبوونەکە بە ئاراستەیەکدا برا کە بەشێک لە دابەشبووەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق یەکیان گرت و، وەک ئەوان بەگژ خواستی لە مێژینەی گەلەکەی خۆیاندا چوونەوە، ئەو یەکگرتنە لەگەڵ دوژمنان و بەگژدا چوونەوەی خواستی گەلە، رووداوە کارەساتبارەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە کە ئێستاش کورد پێوەی دەناڵێنێ.