بە بەڵگە، ئەو دیموکراتیەی لە بەغدا هەیە لە هەرێم نییە
November 11, 2019
وتار و بیروڕا
لێرەدا دەمەوێ بە بەڵگە بدوێم و ئەوە بسەلمێنم کە حکومەتی ناوەند لە حکومەتی هەرێم دیموکراتی ترە و خەڵکەکەی لەناو ناز و نیعمەتدا دەژی،، ئاخر ئەوەتا بەغدا داوای گۆڕینی سیستەم دەکەن، خەڵک لە دژی گەندەڵی و بە ئاواتی چاکسازی و خزمەتگوزاری رژاونەتە سەر شەقام، بە کەمتر لە ماوەی بیست رۆژدا زیاتر لە سێ سەد و بیست کەس کوژراون و نزیکەی پازدە هەزار کەسیش بریندار بوون، ئەوەش دەیسەلمێنی کە کوشتن و بریندار کردنی ئەو ژمارە کەمە و لەو ماوە دوور و درێژەدا، بەغدا خاوەنی سیستەمێکی پێشکەوتووە و دیموکراتیش لە گەشە و پێشکەوتنی بەردەوام دایە.
لە سلێمانیش لە ١٧ی شوبات بە چاولێکەری و بیانووی پەرۆشی بۆ گەلانی تونس و میسر هەندێ حزب دۆست و لایەنگرانی خۆیان خستنە دوای باوبۆرانی بەهاری عەرەبی، بەردەرکی سەرایان پاوان کرد و بە دنەداندی حزبی (ارحل)یان کردە ستراتیج و ئامانجی خۆیان، لە ماوەی شەست و دوو رۆژدا (دە) کەسیان بە کوشتدا، بە مەرجێک هەندێ لەو بە کوشدراوانە لە دواوە کوژران، لەو ماوە کەمە و بە کوشتدانی ئەو هەموو خەڵکە زۆرە ئەو راستییە دەسەلمێنی کە سیستەمی هەرێم سیستەمێکی بەسەر چووە و دیکتاتۆری باڵی بەسەر هەرێمدا کێشاوە.
خۆپیشاندەرانی بەغدا دەڵێن: بەغدامان بۆ مەکەنە پاریس، بۆمان وەک هەولێر لێبکەن، لە درووشمێکی تردا دەڵێن: ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کراوە نیوەی ئەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواروو کرابا کەس ئامادە نەبوو خۆپیشاندان بکات، کەواتە سیستەمی بەغا لە سیستەمی حکومەتی هەرێم پێشکەوتوو ترە، پێچەوانەی هەرێم لە بەغدا دیموکراتی و شەفافی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری هەیە.