سیاسەتی سەرکەوتوو بە کردارە نەک بە وتار

سیاسەتی سەرکەوتوو بە کردارە نەک بە وتار
کاتێک لە وتاری سیاسی پارتی رادەمێنی وا هەست دەکەی ئەو حزبە هیچ کردارێکی سیاسی ئەوتۆی نییە شایانی باس بێت، کاتێکیش لە وتار و هاتوهاواری سیاسی بێ کرداری لایەنە دژبەرەکانی پارتی رادەمێنی، وا هەست دەکەی دەتوانن لە چاوتروکانێکدا وەک دەیانەوێ ئاوا رەوتی رووداوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگۆڕن، ئەوەش پەیوەندی بە کرداری پێدەنگیانەی پارتی و بەو موزایەدە سیاسی و چەواشەکاریەوە هەیە کە دژبەرەکان پێشبڕکێی پێ لەگەڵ پارتی دەکەن.
بەڵام کاتێک دوور لە وتاربازی دژبەرەکانی پارتی و کرداری شاراوەی پارتی دەڕوانی، دەگەیە ئەو راستییەی کە پارتی پێویستی بە موزایەدە نییە و بەلایەوە گرنگە چی دەکات نەک چی دەڵێ، سیاسەتی سەرکەوتووش لە کردار دایە نەک لە گوتار، هەرچی دژبەرەکانیشن پێیان وایە سیاسەت کردن وتار و موزایەدەیە نەک کردار، هەر بۆیەش سیاسەت کردنیان لە وتار و موزایەدە و سێڵڤی گرتندا کورت هەڵێناوە.
لێرەدا جیاوازی نێوان پارتی و لایەنەکانی تر دەردەکەوێ، هەرچی پارتییە کردارسیاسی بە ئەرک و خزمەت دەزانێ و زۆر هەنگاوی سیاسیش هەن پێویست ناکات لە راگەیانەکان باس بکرێن، هەرچی لایەنکانی تریش دەیانەوێ بەس بە وتاری سیاسی منەت بەسەر خەڵکەوە بکەن، زۆرن ئەو نموونانەی کە دەتوانین کرداری بێ وتاری سیاسیانەی پارتی و وتاری بێ کرداری سیاسیانەی لایەنەکانی تری پێ دەربخەین، یەکێک لەو نموونانەش بە هەوڵی سەرۆک بارزانی ناردنی هێزی پێشمەرگە بوو بە ئاڵای کوردستان و بەناو خاکی تورکیادا بۆ کۆبانێ، لایەنکانی تریش موزایەدەیان بە وێنەی فۆتۆشۆپەوە لە عەفرین دەکرد، یان یەکتر بینین و پەیوەندیە بەردەوامەکانی کاک نێچیرڤان بارزانی و جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ بوو بە شاراوەیی و دوور لە وتار و هاتووهاواری سیاسی، یان هێنانی محەمەدی هەڵقرچاو بە چەکی قەدەغە کراو و ناردنی بۆ فەرەنسا لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە، ئەگەر ئەوان ئەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیەیان ئەنجامدابا، بە موزایەدە و هاتووهاوار سیاسی هەموو کوردیان کەڕوکاس دەکرد، بۆیە دەڵێم: سەرکەوتنی کورد لە کردارە شاراوە و بێ وتارەکانی پارتی دایە، نەک وتارە بێ کردارەکانی ئەو لایەنانەی کە لە وتاردا بزۆز و لە کرداردا تەپلۆس و دەستەوەستانن.
Top