سایتی یەکێتی و هەڵەیەکی سیاسی
November 7, 2019
وتار و بیروڕا
سایتی یەکێتی کەوتۆتە هەڵەیەکی گەورەوە، ئەوەتا دەڵێ: (یەکێتی دەچێتە بەرەی سەدر و خۆپیشانداران، بارزانی دەچێتە بەرەی ئێران و حەشد).
تێناگەم ئەو سایتە چۆن کەوتۆتە ئەو هەڵە گەورەیە؟! بۆ ئەوەی یەکێتی لە کام بەرەیە و بارزانی لە کام بەرەیە، ریفرادۆم و رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەک کاردانەوەی ریفرادۆم و دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان دەریان خست یەکێتی لە کام بەرەیە و بارزانی لەکام بەرەیە، ئاخر لە ریفراندۆم بارزانی لە بەرەی گەل و گەل لە بەرەی بارزانی و یەکێتیش کەوتە بەرەی دژە گەل و ئێران و حەشدی شەعبی، با لەوە گەڕێین، لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و چاوساغیان بۆ سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی و هێنانیان بۆ کەرکوک لەو بەڵگە مێژووییانەن کە یەکێتی لە کام بەرە بووە.
کاتێک ئەو سایتە سەنگەربەندی نێوان یەکێتی و بارزانی دەکا و دەڵێ: یەکێتی کەوتۆتە بەرەی سەدر و خۆپیشاندەران و بارزانیش کەوتۆتە بەرەی ئێران و حەشدی شەعبی، بەڕاستی شڵەژان و پشێوی پێوە دیارە، ئاخر سەدر خۆی خاوەنی یەکێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، جگە لەوەش سەدر خۆی لە بەرەی ئێران دایە و لەوەتەی خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردووە، قاچێکی لە تارانە و قاچێکی لە نەجەفە، بەو پێیەش یەکێتی لە رێگای سەدرەوە دووبارە کەوتۆتەوە بەرەی ئێران و ناتوانێ بەو چەواشەکاریە ئەو راستییە بشێوێنێ، کە لە ئێستا و رابردووشدا دوو بەرە هەبوون، فەرموون: ئەوە بەڵگە مێژووییەکانی بەرەی ریفراندۆم و کوردبوون و کوردایەتی، ئەوەش بەرەی دژە ریفراندۆم و ئێران و حەشدی شەعبی و داگیرکارانی کوردستان، بە پێی ئەو بەڵگە مێژووییانەش بارزانی لە بەرەی ریفراندۆم و کوردبوون و کوردایەتیدا بووە، بە واتایەکی تر ریفراندۆم و کوردبوون و کوردایەتی لە بەرەی بارزانیدا بوون، یەکێتیش بەردەوام لە بەرەی دژە ریفراندۆم و ئێران و سەدر و حەشدی شەعبیدا بووە،