عێراق لە نێوان دەستور و مەرجەعدا.

عێراق لە نێوان دەستور و مەرجەعدا.

ئێمەی كورد دەبێ‌ رەچاوی ئەوە بكەین كەوتوینەتە روبەرێكی زەوی پڕپێت، شێوێنكی جوگرافی گرنگی جیهان، لەهەمان كات لەنێو كۆمەڵێك خەڵكی فەرامۆشی یاساو بەهامرۆڤایەتیەكان و نزمی بایەخدان بە ئیتیكی مامەڵە و كەم بایەخ لەئاست مافەكانی تاكی مرۆڤ و نەتەوەی جیاواز لە بۆچونی تاقمی دەسەڵات.
ئەمەش وای كردوە مێژووی ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی پڕ بێت لە كێشە و ناكۆكی نەتەوەیی، ئاینی و مەزهەبی، دەسەڵات و حكومڕانی، خاك و ئابوری. هیچ یەكێكیش لەمانە بە تێگەیشتن لەسەر بنەمای رۆشەنگەری و بەرژەوەندی گشتی، مافی تاك و گەلان و ئاین و بیری جیاواز چارەسەرنەكراوە.
سەیر ئەوەیە زانست, داهێنان، پێشكەوتن، پزیشكی, نوسین و بیناكاری، لە رافیدەین سەری هەڵداوە، كەچی ناكۆكیەكان لەسەر بنەمای بەهێزی و لاوازی، چەوسانەوە داگیركاری و هێرش و گوێ‌ نەگرتن چارەسەری كاتیان بۆكراوە، بەڵام بەوهۆیەی چارەسەرەكان لەسەر بنەمای فێڵ و خۆبەهێزكردن بوە چارەسەری ریشەیان بۆ نەكراوە، زامەكان بەنیوە تیمار ماونەتەوە لەهەر باریكی نا لەبار تەشەنەدەكات.
سەرباری ئەمانە كەم تێگەیشتنی تاكی عەرەب و سەركێشی مرۆڤی كورد بۆ مافەكانی، وای كردوە لەم ناوچەیەدا زۆربەی كات پەشێوی لەئارادابێت. لەم هەڵكەوتەیە ژیانێكی خۆشگوزەران و دوور لەكێشە ئەستەمە بەتایبەت لە عێراقێك، لێوان لێو لە مەزهەبگەری و مەرجەعگەریدا، باڵكێشان بەسەر جومگەكانی حكومڕانی وڵات و مەرجەعیەت شوێنی دەستورو یاسای گرتۆتەوە هیچ ئاسۆیەك بۆ یاسا و تەكنۆكراتەكان نەماوەتەوە.
بەتایبەتیش لەژێر هەیمەنەی ئیران رێگەكانی بڕیارو ژیانی داخستوە تارمایەك خۆی پیشانی مرۆڤی عێڕاق دەدات، حكومی حەمامە رەشەكان ژیان و ئاشتەوایی و دادپەروەری و یاساسەروەری خستۆتە كونی دەرزیەوە. لە ئیستادا مەزهەبی شیعی باڵی كێشاوە بەسەرزۆرێك لە وڵاتانی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست پەلكێشی زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەی كردوە، بێ‌ گوێ‌ دانە مافەكانی مرۆڤ و سەروەری وڵاتان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێڕاق دەگوزەرێت، ناڕەزایی خەڵكی عێڕاقە بەگشتی لە كەمی خزمەتگوزاری، سستی لە جێبەجێكردنی پێداویستی هاووڵاتی عێڕاق و كەڵەكەبوی گەندەڵی لە بەشێكی داودەزگای دەوڵەت. ئەمەش وای كردوە هاووڵاتی بناڵێت بەدەست كەمی خزمەت، رۆژانە لەبەر چاوی خەڵكی عێڕاق وڵاتانی تر سود دەبینن لە خێرو بێری عێڕاق، كەچی خەڵكی برسی، كەمدەرامەت و بێ‌ خزمەتگوزارین.
لە عێڕاقدا دەستور بە شێوەیەك داڕێژراوە بێ‌ جیاكاری خزمەت بە هاووڵاتیان بكات، سەروەری عێڕاق پارێزراو بێت، لە سایەیدا دانیشتوانی عێراق بحەسێنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی پێشوەچون لە گشت سێكتەرەكان، كەچی رەنگە كەماسیش هەبێت لە دەستور، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئاین و نەتەوەكانی عێڕاق جێگەیان كراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بۆ خزمەتی دەوڵەت دەستور هاتۆتەوە ئاراوە تاكو دەوڵەتیش خزمەتی گشتی وڵاتی پێبكات.
بەڵام ئەوەی دەیبینین دەستوری عێڕاق پەكخراوە، مەرجەع و خواستی وڵاتان شوێنی گرتۆتەوە، ئەو كەسانەی دەسەڵات دەگرنەدەست لەبەرژەوەندی لایەنی سیاسی و گروپ و تاقمەكانیان دەستور بەكار دێنن، ئەوانەی لەدەسەڵاتن تەنها نمایشی ئەو قسەو بڕیارانە دەكەن، لە دەرەوەی دەستور بۆیان دەنوسرێتەوە تا كاری پێبكەن.
ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایی خەڵكی عێڕاق بەگشتی دەیانەوێت خزمەت بكرێن، ئیتر حكومەت لە ژێر دەستی مەرجەع و بڕیارەكانی تاران دەربهێندرێت، بە یەكسانی و دادپەروەری خزمەتی گشتی بكرێت، ئەمانە داواكاری رەوان، حەقە بەغدا لەمەو دوا خزمەتی هاووڵاتیان بكات، وە خۆپیشاندەران هۆشیاربن لەوەی كۆمەڵێ‌ دەست هەن لە پەنای ئەوان كاردەكەن، داوای ڕەوای خۆپیشاندەران دەگۆڕن بۆ ئەو داوایانەی خزمەتی بەرژەوەندی ئەو گروپانەدەكات.


Top