بەشداری نەکردنی سەرۆک بارزانی و واتەواتی عێراقچیەکان
November 6, 2019
وتار و بیروڕا
لە ساڵی ٢٠٠٣و دوای رووخانی رژێمی بەعس، عێراقچیەکان و هەندێ کەس و دەستە و گرووپ لە پێناو دژایەتی کردنی حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا و بە دزی لەگەڵ گرووپە شیعەکان و لەناویشیاندا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەوتنە پەیوەندی و کەین و بەینی سیاسی ژێربەژێر، ئێستا کە بارودۆخی سیاسی عێراق بە ئاراستەیەکی نادیاردا دەبرێ و ئەو ئاراستە نادیارەش راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئەدای کارکردنی حکومەتی هەرێم دادەنێ، ئەوەش لە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد دەخوازێ بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەستن و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی بکەنە وەڵامی هەموو ئەو مەترسییانەی چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی رووبەڕووی کورد و دەستکەوتەکانی دەبنەوە.
لە ئێستادا کە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەو یەکدەنگی و یەکهەڵوێستییە کاک نێچیرڤان بارزانی بەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیە هەستاوە، ئەویش سازدانی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە و بەرپرسی یەکەمی حزبەکانی کوردستانە، هەر ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بە مەبەستی چەواشەکاری کەوتوونە واتەواتی ئەوەی بۆ سەرۆک بارزانی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبووە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارە مەبەستدارە دەڵێم:
کاک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، هەم رێکخەری ئەو کۆبوونەوە گرنگ و چارەنووسسازیە و هەمیش سەرپەرشت و بەڕیوەبەری کۆبوونەوەکەیە، کاک مەسرور بارزانیش وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرۆکی حکومەت بەشداری کۆبوونەوەکەیە، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات کە کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور هەم وەکو هەرێم و هەم وەک حکومەت و هەمیش وەک حزب دوا قسەیان پێیە، بۆیە ئەو کەس و دەستە و گرووپانە لەباتی ئەوەی بکەونە واتەواتی ئەوەی بۆچی سەرۆک بارزانی ئامادە نەبووە، پێویستە ئاگایان لەناو ماڵی خۆیان بێ و ئەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیە لەبیر نەکەن کە پابەندبوونە بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی.