یەکیتی و بەغدا و هەولێر

یەکیتی و بەغدا و هەولێر
لە هەڵبژاردنی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٢و لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەت، یەکێتی چ ئەو کاتەی سەرۆکی حکومەت لە خۆیان بووە و چ ئەو کاتەش ئیدارەی زۆرنی سەوزیان بەڕیوە بردووە و چ ئەو کاتانەش کە هاوبەشی حکومەت بوون، خۆیان هەمەکارە و زیاد لە پێگەی جەماوەری و ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەسەڵاتیان پێدراوە، بەڵام ئەوەی جیگای پرسیار و سەرسووڕمانە خۆیان بە خاوەنی هەموو دەستکەوت و سەرکەوتنەکان زانیوە و کەموکورتیەکانیشیان داونەتە پاڵ پارتی.
لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش بەردەوام بەلای بەغدادا شکاونەوەو بەغدایان بە ماڵی خۆیان زانیوە، تەنانەت ئەو کاتەی کە بەرهەم ساڵح وەک جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لە بەغدا پۆستی هەبوو، داوای لە نوری مالیکی کردووە هێز بجووڵێنێ و سنوور بۆ پێشکەوتن و دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێم دابنێ، لە کاتی ریفراندۆم و بە تایبەیش لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا دەستبەرداری کوردستانیبوون بوون و خۆیان بۆ بەغدا ساغ کردەوە.
لە ئێستاشدا لە حکومەتی هەرێم بەشدارن، بەڵام بەشدار بوونەکەیان بە رواڵەتە و عێراقیبوون و دژە کوردستانیبوون بە ئاشکرا لە هەڵوێستەکانیاندا رەنگی داوەتەوە، کاتێک لە راگەیاندنەکانیان و هەڵوێستەکانیان رادەمێنی هەست ناکەی کوردن و چارەنووسیان بە بەرگری کردن لە کوردبوون بەستراوە.
یەکێتی لە ئێستادا بە سێ ئاراستەی جیاواز و لە رێگەی سێ گرووپ هەنگاو دەنێ و دەنێ و وەک سێ حزب خۆیان نمایش دەکەن، ئەگەر کەسێک نەشارەزا بێ و لە هەڵوێستە دژەکانیان ورد ببێتەوە، وا تیدەگا ئەوانە سێ حزبی رکابەری سەرسەختی یەکترین، گرووپی یەکەم لەناو حکومەتە و وەک نوێنەرای یەکێتی خۆیان نمایش دەکەن، گرووپی دووەم لە بەغدا لەگەڵ حزب و کوتلە عەرەبیە دوژمن بە کوردەکان هاوپەیمانە و هەوڵەکانیشیان لەسەر شکسپێهێنانی حکومەتی هەرێم چڕ کردوونەوە، گرووپی سێیەمیش وەک سەیرکەری دوو گرووپەکەی ترن و جۆرێک لە بێلایەنی و بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەوەش لە یەکێتی بە گشتی و لە گرووپە بێلایەن و بێدەنگەکە بە تایبەتی دەخوازێ هەڵوێستێکی روون پیشان بدەن و لە نێوان عێراقیبوون و کوردستانیبوون خۆیان یەکلایی بکەنەوە، چونکە ئەگەر لەسەر ئەو جۆرە سیاسەت کردنە بەردەوام بن، ئەوا هەم کورد تووشی زیانی زیاتر دەکەن و هەمیش یەکێتی بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبەن.
Top