دوو ئاگادارینامە لە مەلا و ئاخوندزادەکانی تورک و فارس و عەرەب

دوو ئاگادارینامە لە مەلا و ئاخوندزادەکانی تورک و فارس و عەرەب

ئاگادارینامەی یەکەم:ــ بۆ مەلاکانی کورد.
ئێمەی مەلا و ئاخوندزادەی تورک و فارس و عەرەب فتوامان داوە ئێوەی کورد قڕ بکەین و وڵاتەکەشتان داگیر بکەین، قسە لەم سەرەوە خۆشە و دوایی گلەیی نەکەن و نەڵێن ئاگادارتان نەکردووین، سوێند بە خوا ئێوەی (مەلا)ی کوردزمان لەسەر قڕ کردنی کورد و داگیرکردنی کوردستان دەنگتان لێوەبێ، لەو دنیای تر پردی (سیرات)تان لێ دەتەقێنیەوە و ناهێڵین یەک قەترە لە ئاوی کەوسەریش بخۆنەوە، بۆ مەسەلەی حۆریەکانیش، نەک حەفتا و دوو حۆری، یەک تاکە حۆریشتان نادەینێ.
ئاگادارینامەی دووەم:ــ بۆ عەلمانییە دژە سەربەخۆکان.
ئێوەی عەلمانی کافرن و دڵنیاین کە ناچنە بەهەشت و حۆریتان نادرێتێ، لەگەڵ ئەو کافربوونەشتان لای ئێمەی مەلا و ئاخوندزادەی تورک و فارس و عەرەب رابردووتان پاکە و دڵنیابن رێز لەو رابردووە پاکەتان دەگرین و لەبەر چاومانە، بەڵام ئەگەر لە داگیرکردنی وڵاتەکەتان و قڕ کردنی گەلەکەتان ئەمجارەش لەگەڵمان هاوڕا نەبن و هاوکاریمان نەکەن مووچەکانتان دەبڕین، بۆیە دەبێ لەسەر ئەو درووشمە بەردەوام بن کە دەتانگوت: مووچەمان دەوێ و ئازادیمان ناوێ
Top