هەرێمی كوردستان و خۆپیشاندەرانی عێڕاق لەبەردەم خیانەتی گەورەدان.
November 2, 2019
وتار و بیروڕا
بۆیە ئاراستە و دروشمی خۆپیشاندانەكان لە پێداویستی سەرەتایی خەڵك گۆڕدرا بۆ دەست لەكاركێشانەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێڕاق( سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان) و هەمواركردنەوەی دەستوری عێڕاق، ئەو داواكاریە چەند رۆژێكە بۆتە باسی گەرمی سیاسیەكانی عێڕاق و خۆ ئامادەكردنی بەشێكیان بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بگرنە دەست، پەنا دەبەنە بەر مەرجەع و وڵاتانی ناوچەیی و زلهێز بۆ ئەوەی پشتیوان بن تاكو پۆست وەربگرن لە گۆڕانكاریەكان.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بەرهەم صالح هەرزوو پەنای بردە بەر ئێران و مەرجەعەكانی عێڕاق، بۆ ئەوەی دەست لە كار كێشانەوەی سەرۆك كۆمار نەكرێتە باسی سیاسیەكان، پێشنیار دەكات سەرۆك وەزیران دەست لەكار بكێشێتەوە، بۆیە ئێستا بە هاوكاری گروپی 16ی ئۆكتۆبەر لە گفتوگۆدایە بۆ رێككەوتن لە گەڵ ئێران لایەنی شیعە توندڕەوەكانی عێڕاق تاكو لە دەسەڵات بمێنێتەوە و سەرۆك وەزیران لابدرێت.
رونە ئەم پیاوە تەنها كار دەكات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، باكی نیە بەوەی چی دەگوزەرێت گرنگ خۆی لە پۆستدابێت و ئامانجی خۆی بپێكێت. بۆیە ئێستا سواری شەپۆلی ناڕەزایی خۆپیشاندەران بووە، لە پێناو مانەوەی لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەدڵی سیاسیە دژە كوردەكان هەنگاو دەنێت، باس لە گۆڕینی دەستور دەكات.
كەچی دەستوری عێڕاق ماوەیەكی زۆری ویست تاكو بەم شێوەی ئێستا داڕێژرا، سیاسیە كارێزماكانی كورد وەك جەنابی سەرۆك بارزانی، مام جەلال و چەندین سیاسی تر بەشداریان تێداكردوە، شەڕیان كردوە لە پێناو چەسپاندنی ئەو ماددەو بڕگانەی خزمەت بە هەرێمی كوردستان دەكات.
ئاشكرایە سەرۆك كۆمار بە خواستی كۆمەڵێك سیاسی دژە كورد كاردەكات لە پێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵات، باس لە گۆڕینی دەستور دەكات ئەمەش لە ئێستادا كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، كورد وەك ساڵی 2005 لە عێڕاقدا پێگەی بەهێزی نیە، بتوانێت مافەكانی لە دەستوردا جێبكاتەوە، بۆیە پێشنیاری بەرهەم صاڵح بۆ هەمواری دەستوری عێراق، لێدانە لە پێگەو سەنگی هەرێمی كوردستان ئاقیبەتی خێری نابێت.
لەلایەكی ترەوە دەیەوێت خۆپیشاندەران لە بەرژەوەندی خۆی بخاتە كار، بە هەلی زانیوە داوای ڕەوای خۆپیشاندەرانی گۆڕیوە بۆ دەست لە كار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران، ئەمەش بە فیتی كۆمەڵیك هێزی عێراقی ئەم كارە دەكات، بۆ ئەوەی دژە كوردەكان بگەڕێنێتەوە دەسەڵات، خوێنی خۆپیشاندەران بكاتە قوربانی لەبەردەم كورسی و پێگەی خۆی. داوای چاكسازی، خۆشگوزەرانی و خزمەت بگۆرێت بۆ مەرامی خۆی و ئەوانەی كاریان بۆدەكات.
بەڵام تاكو ئێستا ئەوەی بۆتە كۆسپ لەبەردەم هەنگاوەكانی، مەرجەعیەتی شیعەو ئێران رەزامەندیان دەرنەبڕیوە لەسەر دەست لەكار كێشانەوەی عادل عەبدلمهدی سەرۆك وەزیران، نایانەوێت لە ئێستادا ئالۆزی زیاتر بكەوێتە ناو ماڵی شیعە.
نوسینی: گەردین ناوەندەیی.