خواستی خۆپیشاندەرانی عەرەب و بەزمی سەرۆک کۆمارە کوردەکە
November 2, 2019
وتار و بیروڕا
دەتوانین خواستی خۆپیشاندەرانی عەرەب لە بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەڕەخساندنی هەلی کاردا چڕ بکەینەوە، ئەو خواستەش بە دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشانەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە نایەتەدی، چونکە بوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار نەکەم نەزۆر پەیوەندی بە کابینەی عادل عەبدولمەهدی نییە، ئەو گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کارەی زۆرێک لە پەرلەمانتارە کوردە عێراقچییەکان بۆی ببوونە بەندبێژ و، بەغدایان لە رووی بوونی دیموکراتی و شەفافی و خزمەتگوزاری بە پاریس وەسف دەکرد، هی کابینەکانی سەردەمی نوری مالیکی و حەیدەر عەبادییە.
لە هیچ بەند و بڕگەیەکی دەستووریشدا نەهاتووە رێگە گرتن لە گەندەڵکاران تاوان بێ، یان نەبوونی خزمەتگوزرای و هەلی کار پەیوەندی بە دەستوورەوە هەبێ، تا داواکاری خۆپیشاندەران ببەسترێتەوە بە هەموار کردنەوەی دەستووربەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە سەرۆک کۆمارە کوردەکە بۆ لادانی عادل عەبدولمەهدی و هەموار کردنەوەی دەستوور رابەرایەتی ئەو رەوتە عەرەبیە توندئاژۆیە دەکات کە هەوڵەکانیان لەسەر پێشگرتن بە دەستکەوتەکانی کورد چڕ کردوونەوە.
گومان لەوەدا نییە کە عادل عەبدولمەهدی تا ئێستا باشترین کەسی عەرەب بووە کە دژایەتی کوردی نەکردووە، هەموار کردنەوەی دەستووریش خواستی گرووپە شیعە توندئاژۆکانی عەرەبە بە رێنمایی ئێران، ئامانجیش ئەوەیە کە ماددەی ١٤٠ی دەستوور و هەرێمی کوردستان نەمێنێ و عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری، بۆیە ئەگەر کورد لە لادانی عادل عەبدولمەهدی و هەموار کردنەوەی دەستوور هیچ زیانێکی پێبگات، تاوانباری سەرەکی بەرهەم ساڵحە و پێویستە ئەوکات وەک خیانەتکار بناسێنرێ و لە دادگای کوردایەتی و دادوەرانی کوردپەروەر دادگایی بکەن.