دوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانەوەی حکومەتی نوێ

دوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانەوەی حکومەتی نوێ

لە ئەگەری دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشانەوەی حکومەت قۆناغێکی نوێ لە عێراق دەست پێدەکات، ئەو قۆناغەش لە کۆی حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و دەرەوەی پەرلەمان دەخوازێ، کە کوردبوون بخەنە پێش حزبیبوون و کوردایەتی بکەنە سەنگەری بەرەنگار بوونەوەی ئەو پیلانانەی لەو قۆناغە هەستیارەی دوای دەست لەکار کیشانەوەی حکومەت و هەوڵەکانی هەموار کردنەوەی دەستوور، نیازی دەسەڵاتە شیعەگەریەکی بەغدا وایە بەرۆکی وەستاندنی دەستکەوتەکانی کوردی پێ بگرن، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ کورد چی بکا و چۆن دەتوانێ بەرگری لە دەستکەوتەکانی بکات؟
گومان لەوەدا نییە بە دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشانەوەی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کیشە سیاسی و مەزهەبی نەتەوەییەکان تۆختر دەبنەوە، کیشەی نێوان کورد و عەرەب، شیعە و سەننە، شیعە و شیعە و دەستوەردانی دەرەکی و بە تایبەتیش دەسوەردانی ئێرانی و ئەمەریکی لە ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەبن و عێراق دەخەنە بەردەم چەند ئەگەرێک.
ئەگەری یەکەم:ــ پێکهێنانەوەی حکومەت ئاسان نییە و عیراق دەکەویتە ناو بۆسایی دەستووری و فەوزای سیاسی.
ئەگەری دووەم:ــ روودانی شەڕی ناوخۆ، هەرچەندە عێراق دەمێکە تووشی شەڕی ناوخۆ بووە، بەڵام هیچ دوور نییە شەڕی ناوخۆی دوای هەڵوەشانەوەی حکومەت ناو ماڵی شیعە بگرێتەوە.
ئەگەری سێیەم: هەموار کردنەوەی دەستوور و هەوڵدان بۆ سنووردانان بۆ مافەکانی کورد و بردنەوەی عێراق بۆ ناو جوغزی دیکتاتۆری و سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەوی.
ئەگەری چوارەم:ــ هاتنە پێشی هەر یەکێک لە ئەگەرەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم عێراق دەخاتە بەردەم ئەگەری چوارەم کە دابەش بوونی عێراقە، رووبوڕوو بوونەوەی ئەو ئەگەرانەش لە حزب و لایەنەسیاسیەکانی کوردستان دەخوازێ، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و بە راکێشانی کارتی ریفراندۆم بچنە ناو شەڕی راکیشانی هەموو ئەو کارتانەی، کە بەغدا نیازیەتی بەناوی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی شەڕی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانیان پێبکات
Top