گلەیی و سیاسەت
October 30, 2019
وتار و بیروڕا
زۆرێک لە بەناو سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆی کوردستان بە پێی تویتە دژ بە یەک و سەیرەکانی دۆناڵد ترامپ دەکەونە هەلەکە سەما و شەمۆتە داگرتن، ئەو رۆژەی ترامپ تویتێک دەکا دژ بە تورکیا ئەو سیاسەتمەدرانە دەڵین: ترامپ ئەردغان بە دەردی سەددام حوسێن دەبا و کورد لە چەوسانەوە رزگار دەکات، ئەو رۆژەش کە تویتێک دەکا و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەرژەوەندی کورد نییە دەکەونە گلەیی کردن و دەڵێن: ترامپ بێ وەفایە.
کورد بەر لەوەی گلەیی لە دۆستانی دوێنێی بکات، پێویستە گلەیی لە خۆی بکات، کاتێک حزب و لایەنێک ببێتە سەربازی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق یان سوریا یان هەر داگیرکارێکی تری کوردستان، بۆ دەبێ گلەیی لە ئەمەریکا یان هەر وڵاتێکی تر بکات کە کورد بەجێدێلێ، ئاخر ئەوانەی دەبنە سەربازی پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتانی داگیرکاری کوردستان، واتا ئەو وڵاتە وڵاتی هەمووانە و پێکهاتەکانیشی دەتوانن بە برایەتی و دوور لە چەوسانەوە بە یەکەوە بژین.
کورد پێویستە گلەیی لەو روانینە حزبییە بکات کە ئەم حزب و ئەو حزب لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی حزبییەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد دەڕوانن، پەکەکە بە خەیاڵی برایەتی گەلان و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرگەرم بووە و هەوڵدەدات کوردبوون و کوردایەتی لەبیر خەڵک بەرێتەوە، پەیەدە هیچ کاتێک داوای نەکردووە کوردی بێ ناسنامە لە دەرەوەی سوریا بژی، لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق گیرا و هێنرایەوە کەرکوک و شانازیشیان بەوەوە دەکرد کە کەرکوک رزگار کراوە و گەڕێنراوەتەوە باوەشی نیشتیمان، لێرەدا دەپرسم: توخوا هەڵوێستی ئەو لایەنانە بۆ کورد کارەسات هێنەرە، یان ئەوەی ئەمەریکا کورد جێبێلێ؟.