هێور بوونەوەی بارودۆخی رۆژئاوا و بەرز بوونەوەی دەنگە نزمەکان
October 29, 2019
وتار و بیروڕا
لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان و دەستپێکی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و دەرکەوتنی گرژی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە، هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی موزایەدەی سیاسییان بە رۆژئاوای کوردستانەوە دەکرد و خۆیان بە خەمخۆری کوردانی ئەو بەشەی کوردستان دەزانی بە (پەکەکە)شەوە، بە شێوەیەک بێدەنگ بوون کە خۆشیان گوێیان لە دەنگی خۆیان نەبوو.
ئەوەی لەو تەنگانەدا دەرکەوت سەرۆک بارزانی بوو، ئەو دەرکەوتنەی سەرۆک بارزانی لەو قۆناغە هەستیار و پڕ مەترسییەدا ئەوەی بە نەیارانی کوردایەتی و موزایەدەچیەکان گوت: لە تەنگانەدا و ئەو کاتانەی مەترسی دەکەوێتە سەر پرسی کورد، کوردپەروەران شان دەدەنە بەر ئەرکە نەتەوەییەکان و موزایەدەچیەکانیش دەچنەوە ناو قاوغی حزبی و کڕ دەکەون.
دوای ئەوەی لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و بەرز بوونەوەی دەنگی ناڕازی، ئیدارەی ترەمپ لە بڕیاری کشانەوە پەشیمان بووەوە و هێزکانی گێرانەوە و سنوورێکیش بۆ پەمارەکانی تورکیا دانرا، هەست بە هێور بوونەوەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکرێ، ئێستا دەنگە نزمەکان دەبیسترێن و بە ئەندازەی هێور بوونەوەی بارودۆخەکەش دەنگە نزمەکان بەرز دەبنەوە.
دەرکەوتنی پیاوە مەزنەکان لە تەنگانە و قۆناغە هەستیار و کاتە مەترسیدارەکاندا و موزایەدە و خۆبادانی پیاوە بچووکەکان لەگەڵ تێپەڕینی قۆناغەکە، دیاردەیەکە و بە درێژایی مێژوو بوونی هەبووە و هەر دەشمێنێ، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە کەسانێکی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر فریوی ئەو بچوک و موزایەدەچیانە دەخۆن و بە گەورە و پیاوی تەنگانەیان دەزانن، جا کاتێک کۆتایی بەو دیادە دزێوە دێ کە لە پرسە نەتەوەییەکان و قۆناغە هەستیارەکان بە چاوی نەتەوەیی لە رووداوەکان بڕوانین و، بە هێزی کوردایەتیش رووبەڕووی رووداو و گۆڕانکاریەکان ببینەوە.