دواڕۆژی عێراق لە ناو بەرداشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا
October 28, 2019
وتار و بیروڕا
سەرۆک بارزانی بە خوێندنەوەی داهاتووی عێراق لەناو ئەو هەموو بەرداشانە و هەوڵدانی بۆ گەیاندنی کورد بە مافی سەربەخۆیی بڕیاری ریفراندۆمی دا، ریفراندۆم ئەنجام دراو لە %٩٣ خەڵکی کردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی داو لە بەرامبەردا %٧ خەڵکیش لەژێر گوشاری سیاسەتی چەواشەکاری و ئیرهابی فکری دەنگیان بە ژێردەستە کردنەوەی کورد و یەکپارچەیی خاکی عیراق دا، عیراقچیەکان کاتێک ئەنجامی ریفراندۆمیان بینی دەهری بوون و بۆ رێگری لە سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، بوونە پێشقەتاری حەشدی شەعبی و هینایاننەوە کەرکوک و شانازیشیان بەوەوە دەکرد کە بە گێڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی نیشتیمان ئارامیان بۆ شارەکە گێڕاوەتەوە.
جگە لە فراکسیۆنی پارتی هەموو فراکسیۆنە کوردستانیەکان دەنگیان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی داو شانازیشیان بەوەوە دەکرد کە ئەو میلیشیا پەرتوبڵاوەیان بە نیشتیمانی کردووە، بەوەش دەکرێ لە هەر هەڵە و لادانێک لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێ، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین ئەو میلیشیا بە نیشتیمانی کراوە خۆیان تێکەڵ بە داواکاری خۆپیشاندەران کردووە و بەربوونە گیانی یەکتری، جەگە لەوەش ئەو فراکسیۆنانە ببوونە زوڕناژەنی عێراقی بە میلیشیاکارو و بانگەشەیان بۆ خۆشگوزەرانی و شەفافیەتی بەغدا دەکرد، بەوەشەوە نەدەوەستان و لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبوونە پارێزەری بەغدا و هەولێریان بە تاوانبار دەناساند.
رووداوەکانی ناوچەکە و خۆپیشاندانەکانی ئێستای ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بەربوونە گیانی یەکتری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کۆتا رۆژەکانی یەکپارچەیی خاکی عێراقی بەیەکەوە لکێنراو یەکێکە لە ئەگەرە زۆر بەهێزەکان، خۆ ئەگەر ئەوەش نەبێ شەڕی ناوخۆ ئەگەرێکی ترە لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان، ئەوەش ئەکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخاتە سەر شانی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و تاک بە تاکی خەڵکی کورد، کە کوردانە و کوردستانیانە لە رووداوەکانی ناوچەکە و تەقینەوەی کێشەکانی ناو عێراق بڕوانن و ئامادەکاری بۆ ئەگەرەکانی بەردەم عێراق بکەن، ئەو روانینەش لێیان دەخوازێ لە دەوری سەرۆک بارزانی کۆ ببنەوە و لەو قۆناغە هەستیارەدا ئەرکی رابەرایەتی کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی پێبسپێرن.