شۆرشی ئەیلول وەچەرخانێکی دیرۆکی

شۆرشی ئەیلول  وەچەرخانێکی دیرۆکی
لەسالی١٩٤٦ پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمانی بارزانی دادەمەزرێت و بناغەی ستراتیژێكی سیاسی تازەی خەبات دادەمەزرێت.
بارزانی نەمر لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان لەمەهاباد دا نەخشێكی جوامێرانەی هەبوو لەپارێزگاریكردنی ئەم كۆمارە كۆرپەیە، لەگەڵ هێزەكانی شەڕێكی شێرئاسای كرد و لەدوای شكستی كۆماری كوردستان لەشەڕێكی مێژووی لەگەل هێزی هەر سێ وڵاتی ئێران، عیراق و توركیا رۆژی ١٨-٦-١٩٤٧ لەگەڵ ٥٠٠ لەپێشمەرگە فیداكارەكان لەچەمی ئاراسەوە چوونە یەكێتی سۆڤیەت، دوای كودەتا بەسەر رژێمی پاشایەتی لە ١٤-٧-١٩٥٨ و دامەزراندنی كۆماری عێراق لەساڵی ١٩٥٨ لە ٦-١٠-١٩٥٨ بارزانی نەمر گەڕایەوە بۆ عێراق و وەك قارەمانێك پێشوازی لێكرا. مافەكانی كورد لەبەندی سێیەمی دەستوری تازەی عێراق وەك هاوبەش لەگەڵ عەرەبەكان لەعێراق دانیپێنرا، زۆری پێ نەچوو مەغروریەتی عەبدولكەریم قاسم وایكرد هەموو ئەوانەی هاوكارو پشتگیری بوون لەم رەوشە تازە پشتی لێیان كرد و پاشگەزی لەمافەكانی كوردیش كرا و رێگای ئاشتی لەبەردەم كورد گیرا و رژێمی قاسم پارتی دیموكراتی كوردستانی وەك حزبێكی ئاشكرای یاسایی هەڵوەشاندەوەو ناچار كورد دەستی بەخەباتی سیاسی نهێنی و خەباتی چەكداری كرد، بلێسەی ئاگری شۆرشی ئەیلول لەگەلی زاخۆ دەستیپێكرد و بە رەسمی شۆڕشی ئەیلول لە ١١-٩-١٩٦١ راگەیەنرا.

خەباتی سەردەمی شۆرشی ئەیلول قورس بوو، دونیا دوو جەمسەر بوو، دوو زلهێزی ئەمەریكا و سۆڤیەت. لەگەڵ هەر لایەك دۆستایەتیت هەبوایە لایەكەی تر بەگومانەوە تەماشای تۆی دەكرد، رێگاوبان ناهەموار و سەخت بوون، ئەوەی ئەمڕۆ ناوی لێدەنرێت تەكنۆلۆژیای راگەیاندن (جگە لەتەلەفزیۆن و رادیۆ) لەدایك نەببوو، رێژەی نەخوێندەواری زۆر بەرز بوو، رەوشی جیۆپۆلیتیكی كوردستان كارئاسانی نەدەكرد.
بەكورتی دەستپێكردنی شۆڕشێكی گەورەی وەك شۆڕشی ئەیلول كارێكی هێجگار گەورەبوو ئەگەر نەڵێم ئەستەم بو، لەگەل ئەوەشدا تێكەڵكردنی كاری حزبی و لەشكری و ڕێبەرایەتیەكی حەكیمانەی جێی باوەڕ كە متمانەی بەخۆی و میللەتەكەی هەبوو زۆری نەخایاند كە شۆرش لەخانەقینەوە تا زاخۆ بووە راستیەكی حاشا هەڵنەگرو میللەتی كورد خرۆشا و ئامادەی گیانبازی بوو، بەشێوەیەك هەموو فیداكاریەكی بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانی.
بارزانی دوای ئەو هەموو ئەزموونە روئیای ئاشكرابوو، ستراتیژەكانی كاركردنی دیار بوون، فیداكاری میللەتیشی لەپێش چاوبوو لەگەل هەموو ئەو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەكیانەی كە هەبوون ڕۆژ بەرۆژ متمانەی خەڵك بەبارزانی و بەشۆڕش بەهێزتر دەبوو.
پاشخانی درەخشانی تێكۆشانی خێزانی و شارەزایی باشی بارزانی لەزانستی لەشكری و شەڕی پارتیزانی و زانستی سیاسی و شارەزایی كۆمەڵایەتی و مانەوەی لەیەكێتی سۆڤیەت، سەركردەیەكی بلیمەتی لێ دروست كردبوو كە خاوەن كاریزمایەكی رێبەرایەتی یەكجار بەهێزو گەورە بێت و هەیبەتی تایبەتی خۆی بوو.
هەموو ئەم فاكتەرانە پێكەوە هاوكار بوون لەوەی كە شۆڕشی ئەیلول ببێتە شۆڕشێكی گشتگیر بۆ بەرگریكردن لەناسنامەی نەتەوایەتی خەڵكی كوردستان.
یەكەمین بەرهەمی ئەم شۆڕشە كە لەمێژوودا دیكۆمێنت كراوە رێكەوتنی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ بوو. كە (گفتۆگۆكانی ساڵی ١٩٩١یش لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا لەسەر بنەمای رێكەوتنی١٩٧٠ بوو) وەك چۆن ئێستا دەسەڵاتدارانی تازەی بەغدا كات دەكوژن بۆ كوشتنی ماددەی ١٤٠ و بەخشكەیی پرۆژەی یاسای نەوت بەنەفەسێكی سەنترالیستی دەرباز دەكەن، ئەو كاتەش هەمان سیاسەت پیادەكرا و دوای ٤ ساڵ لەئۆتۆنۆمی جگە لەهەوڵی تیرۆركردنی بارزانی نەمر و هەوڵی تیرۆركردنی شەهیدی سەركردە كاكە ئیدریسی جوانەمەرگ.
بەبڕوای من رووداو و رێككەوتن و پاشگەزبوونەوەكان بەرامبەر بەپرسی كورد و لێكچوونیان لەگەل ئەوانی ئەم سەردەمەش ئەوەمان پێدەڵێت لەگەل دروستبوونی عێراقدا ویستێكی سیاسی هەڵقۆلاو لەباوەڕ بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، تائێستاشی لەگەڵدا بێت لەو وڵاتە لەدایك نەبووەو باوەڕیش ناكەم (لەرۆژگارێكی نزیكدا) لەدایك ببێت، ئەگەر شتێكی واش رووبدات بێگومان دیاردەیەكی تازە دەبێت. هەر دروستنەبوونی ئەو ویست و بڕوایەش وای كرد كە سەر لەنوێ گەلەكۆمەكی دژی كورد دەستپێبكات و رێكەوتننامەی جەزائیر لە ٦-٣-١٩٧٥ مۆربكرێت بەهیوای ئەوەی خواستەكانی ئەم میللەتە هەمیشە ژێرگڵ بكرێت.

پێش هەڵگیرسانی شۆڕش، كورد دەچەوسێنرانەوەو هیچ جۆرە مافێكی نەتەوەییان نەبوو، كورد مافی خوێندن بەزمانی كوردی نەبوو، نەیدەتوانی شانازی بەناسنامەی خۆیەوە بكات، عێراق پاشگەزبووەوە لەبڕواهێنان بەو مافانەی لەدوای دامەزراندنی سیستەمی كۆماری لەساڵی ١٩٥٨ ئاماژەیان پێكرا كە كوردو عەرەب هاوبەشن لەعێراقدا.
شۆڕشی ئەیلوول و دیاردە باشەكانی:
• سەركردایەتی شۆڕش كاری حزبی و لەشكری لەكاری مەدەنی سەرپەرشتیكردنی ناوچە ئازادەكان جیاكردەوە.
• ئەنجومەنی یاسادانان و راپەراندن دامەزران و بەو شێوەش بنەمای كارێكی دامەزراوەیی و حكومەتی داندرا.
• دادگای باڵای تاوانەكان دامەزرێندرا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی كێشەكانی ناو كۆمەڵگە چارەسەر بكات.
• بەزمانی كوردی قوتابخانە لەتەواوی ناوچەكانی ژێڕ كۆنترۆڵی شۆڕش (هەموو قۆناغی خوێندن لەسەرەتایی تا زانكۆ) كەوتنە كار و پرۆسەی خوێندن نەك تەنها نەوەستێنرا بەڵكو گەشەی سەند). باوکم یەکێکە لەو قوتابیانەی کە لە دۆڵ و شاخەکانی ناوچەی بەرواری تا کۆتای پۆڵی ٦ی سەرەتایی لە قوتابخانەی شۆرش خوێندویەتی ..
• زمان و ئەدەبی كوردی لەساڵەكانی ١٩٧٠/١٩٧٥ دا گەشەیەكی جۆری باشی كرد.
• سیستەمی تەندروستی تایبەت بەخۆی هەبوو.
كورد داوای تەنها مافەكانی خۆی نەكرد، بەڵكو هاوكات داوای مافی نەتەوەكانی تریشی كردو شۆڕش دروشمی دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی وەك داوایەكی شۆڕشی كوردستان بەرزكردەوەو بەوەش سەلماندی كە خەمخۆری دیموكراسیە لەگشت عێراقدا.
• هەستی میللی لەناو كوردستاندا زۆر پەرەی سەند. مرۆڤ شانازی دەكرد بەكوردستانیبوونی خۆی.
• شۆڕش لەگەڵ هەموو سەختی سیستەمی دوو جەمسەری ئەو كاتەدا دیپلۆماسییەكی چالاكی هەبوو لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
Top