خاڵە تاریكەكان و شكاندنی سەهۆڵبەندان.

خاڵە تاریكەكان و شكاندنی سەهۆڵبەندان.
وڵاتی ئێمە بە ڕاستیەكی تاڵدا تێدەپەرێت. ئەویش بریتیە لە توڕەیی و بێدەنگی خەڵك و دەسەڵات لەگەڵ یەكتری، ئەمەش بۆتە هۆی دروستكردنی ناتەبایی لە هاوكێشەی سیاسی و حكومڕانی وڵات. دەبێت ئەم كێشەیە چارەسەربكرێت تاكو بتوانین پێشكەوتن بێنینە كایەوە, بەڵام دەبێت سەرەتا لە هۆكاری سەر هەڵدانی كێشەكە تێبگەین و بزانین كێ و چی هۆكارە ؟.
نازانم تاچەند راستم, بەڵام بەڕای من بەرپرسان هۆكاری سەرەكین لە تێكچونی ئەم پەیوەندیە بەوەی كە هەمیشە بەچاوی كەم سەیری خەڵك دەكەن و بەشێوەیەك بیردەكەنەوە كە ئەو بابەتانەی ئەوان دەیزانن و بیری لێ‌ دەكەنەوە خەڵك نایزانێت بۆیە پێویستە هەمووكات خەڵك گوێ‌ ڕایەڵی ئاماژەكانیان بێت و جێبەجێی بكەن، كاتێكیش خەڵك سەری ڕەزامەندی بۆ بەرپرسان نالەقێنێت، ئەوا لەچاوی بەرپرسانەوە خەڵك بەو شێوەیە نیە لە ئاستێكی بەرز مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
لەكاتێكدا خەڵك وا هەست دەكات ئەوەی لە بەرپرسان گوێی لێ‌ دەبێت پەیوەندی بە بۆچونی ئەوانەوە نیەو لە پێناوی بەرژەوەندی هاووڵاتیان كار ناكرێت, ئەوا بەمافی خۆیان دەزانن بەرپرسان بەتوخمێكی جیا لە كۆمەڵگە سەیربكەن. خەڵك ناحەقی نیە ئەگەر داوای مافەكانی بكات و ناڕازی بێت لەوەی كاربەدەستان داواكاریەكانیان فەرامۆش دەكەن و گوێیان پێنادەن, بەڵام ناكرێت بەمافی خۆیان بزانن پەشێوی لە وڵات دروست بكەن و ژیانی گشتی بشێوێنن. رەنگە هەڵەنەبم ئەگەر ئەوەبڵێم هاتنەكایەیی دەستەواژەی ئۆپۆزسیۆن و هەڵە لە بەكارهێنانیدا دەستێكی باڵای هەبوو لە ئاڵوزی و دووركەوتنەوەی خەڵك و دەسەڵات.
چونكە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیداوە باش و خەراب بە خەراب ناوزەندبكات، لەڕێگەی لێدوانی توند و هاندانی خەڵك لە حكومەت. هەروەها چەواشەكردنی خەڵكانێك گوێ‌ لە ئاوازی ئەوانە دەگرن, یاخود لەكاتی ناڕەزایی هەووڵاتیان لەسەر مافەكانیان ئەوان خۆیان دەكەنە پێشەنگ و بەچاڵاكی بۆخۆیان هەژمار دەكەن و نانی دەرەكی پێوە دەخۆن. ئەمەش تورەیی حكومەت زیاد دەكات و درێخ دەبێت لە پێدانی مافی هاووڵاتی بۆ ئەوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن خۆیان نەكەن بە قارەمان و فریادرەس.
ئەمە تافی ئۆپۆزسیۆن بێت یان راستیەكی دانپێندراو, خەڵك گلەیی ئەوە دەكەن بەرپرسان ژیانیان بۆ خەڵكی نەهێشتۆتەوە. كەچی بەرپرسان باس لەقەیران و كێشەكان دەكەن چۆن بەرۆكیان گرتوین دەبێت دان بەخۆدابگرین. بەڵام هاووڵاتیان لەلایەكی ترەوە دەڵێن كەوایە بۆچی لەو حكومڕانیەی ئێمەدا دامەزراوە و دەزگاكان واتە بەرپرس، بازاڕكاری و بازرگانی واتە بەرپرس، ڕێكخراوی ناحكومی واتە بەرپرس، خوێندنی زانكۆ و پەیمانگای تایبەت واتە بەرپرس، نەخۆشخانەو دەرمان واتە بەرپرس، كام بیناو شوێنی باشە واتە بەرپرس، كامە پڕۆژەی سەقەت و شكەست خواردو هەیە واتە بەرپرس، هەرچی دەزگای ڕاگەیاندنی لاوازو شكەست خواردو هەیە واتە حزب و بەرپرس.
كاتێ‌ گوێ‌ لەبەرپرسەكانیش دەگرین, ئەوانیش بەجۆرێك قسەدەكەن خەریكە ئارەقەی شەرمەزاریمان پێ‌ بڕێژن. دەڵێن ئەو ئەمنوئاسایشەی لەكوردستان دەگوزەرێت, ئەنجامی هەوڵ و ماندوبون و تێكۆشانی ئێمەیە, ئەمەش سەركیترین مافی هاووڵاتیە, دەستكردن بەزیادكردنی بەرهەمی نەوت و هەناردەكردنی بەشێوەی سەربەخۆ,
بڕینی بوجەو موچەی خەڵكی كورستان لەلایەن بەغداوە, ئێمەی دەستەوەستان نەكرد سەرەرای شەڕی تیرۆرستانی داعش و خەرجیەكانی شەڕ, توانیمان حكومڕانی خۆمان و گەلی كورد بپارێزین لەمەترسیەكان, سەرەڕای هەموو نەهامەتیەكان توشی گەلی كورد هاتن توانیمان هەنگاوی گرینگ بنێین و لە سەربەخۆیی نزیك ببینەوە و ریفراندۆم ئەنجام بدەین, ئەوە لەكاتێكدایە دوای راپەڕین هاتنیە سەر كوردستانێكی وێرانە. حكومەتیش هەموو ئەو كارانە بەدەستكەوتی خۆی دەزانی لەبەرمبەر هاووڵاتی.
دەبینین دەستە بژێرێكی كەمینە دەستیان گرتوە بەسەر گشت جومگەكانی ژیان لەم هەرێمەو ڕێگەی ژیان كردنیان لە خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت سەختكردووە, بە ناوی دەزگا و حزب بەشێوەی نایاسایی نەوت لەڕێگەی تەنكەر هەناردەدەكرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی حكومەت. هەریەكەو لای خۆیەوە خەریكی بەهێزكردنی خۆیەتی بۆ مەرامی تایبەت و خەریكی هەرزان فرۆشی وڵات و كڕینی شوێنی حەوانەوەن لە وڵاتانی تر كەچی ئاگایان لە ئێمەی هاووڵاتی نەماوە چ ژیانێكی سەخت دەگوزەرێنین. ئێستا كاری حكومەتە ئەم دەستانە سستبكات.
ئەگەر براوە حكوم بكات و دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت، ئەوانی تر بۆ بەرژەوەندی حزبی تێنەكۆشن. بە گەورەی هەمووان سەیربكرێت، دوور لە حزبایەتی هەموویان گوێڕایەڵی بكەن, بارودۆخی خەڵكی بەتەواوی دەگۆڕێت. بەلانی كەم ژیانكردن لەم هەرێمەی ئێمەدا مانای بەرپرس نابێت. ئەمەش كۆمەڵگەی كردوە بە دوو لایەن بەشی زۆری خەڵكەو بوارێكی كەمی لە بەر دەستە، بەشێكیش كەمینەی دەستە بژێرە، زۆربەی بوارەكانی كۆمەڵگەیان كۆنتڕۆل كردوە.
بۆئەم ناڕونیە لە حكومڕانیدا پێویستە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە, لەوە زیاتر زۆرینەی كۆمەڵگە ڕێگەكانی ژیانی لێ‌ سەخت نەكرێت، لە پێناو بەئەنجام گەیاندنی كاری چەند بەرپرسێك وای لێ‌ هاتووە بایەخ بە هاووڵاتی نەدرێت. دەستهاتە گشتیەكان لە دەست بدرێت، بۆئەوەی چەرخی كارگەیان نەوەستێت.
پێویستە ئەو نەهامەتیانەی توشی ئەم میللەتە هاتووە بكرێتە سەرەتایەك بۆ گفتوگۆ و ئاشتكردنەوەی خەڵك و بەرپرسان, بەڵام دەبێت هەنگاوی یەكەم لە دەسەڵاتداران دەست پێبكات، لەم حاڵەتەشدا بەرپرسیارەتی سەرەكی دەكەوێتە ملی حزبەكان كە بەلایەنی كەم چوارچێوەیەك بۆ ڕەفتاری بەرپرسانیان دابنێن بۆیەكخستن و ئاشتكردنەوەی ماڵی كورد.
هەرچەند من گەشبینم بەو سەرەتایەی كابینەی نۆیەم دەستی داوەتێ‌، كاری لە پێشینە لەم كابینەیەدا خزمەتكردنی هاووڵاتیە، بوارێكی فراوان بۆ بەرپرس و كارمەندانی حكومەت نەماوەتەوە، ئەوەی دەتوانن بیكەن لە چوارچێوەی ئەو مافەیە بۆی دیاركراوە، ئەمەش بە هەنگاوێكی باش دەبینم بۆ ئاشتبوونەوەی هاووڵاتی و دەسەڵاتدارن.
Top