ئاكپارتی تۆڵەی ئیستەنبووڵ دەكاتەوە.

ئاكپارتی تۆڵەی ئیستەنبووڵ دەكاتەوە.
دوای هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، ئاكپارتی سەرۆكایەتی چەند شارەوانیەكی لە دەستدا لەوانە گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ، توشی شكەستی گەورە كرا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی هەڵوێستی توند لەلایەن ئەردۆغان، وای لێهات كاردانەوەكانی بە ئاشكرا هەستی پێبكرێت، بۆیە ئاكپارتی دەیەوێت تۆڵەی شكەستەكەی لە كورد دەربكات، لە رێگەی دەركردنی سەرۆك شارەوانیەكان.
لە بڕیارێكدا وەزارەتی ناوخۆی توركیا لادانی هەرسێ‌ سەرۆك شارەوانی (وان، مێردین و ئامەد)ی راگەیاند. هاوكات بەربژێرانی هەدەپە بوون بۆ ئەم پۆستانە توانیان لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتن بەدەست بێنن، بەڵام بە بیانوی هاوكاری كردنی پەكەكە لە پۆستەكانیان لادراون.
ئەوەی ئاكپارتی دەیكات، تۆڵەی لەدەستدانی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵە، لە ئەنجامی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش نەی توانی دەنگی سەركەوتن بۆ بیناڵی یەڵدرمی بەربژێریان بەدەست بێنن، ئەمەش كاریگەری گەوەرە دروستدەكات لەسەر هێز و سیاسەتی ئاكپارتی حكومڕان، چونكە دەروازەیەكە توركیا بە رووی رۆژئاواد دەكاتەوە، خاڵی بەیەكبەستنی توركیاو ئەوروپایە ئەمەش گرنگی خۆی هەیە لە رووی جوگرافی، بازرگانی و كارگێڕی.
ئاكپارتی نەی توانی بەرامبەر جەهەپە بوەستێت، رقی ئەمە بە كورد دەڕێژێت، دەستی كردوە بەشاڵاوی لادانی سەرۆك شارەوانیەكانی كورد، بە تۆمەتی پەكەكە، كەچی ئەمانە بەربژێری هەدەپەی پارتی سیاسی كورد لە توركیا بوون. توركیا بەم رەفتارانە هەڵەی سیاسی دەكات، چونكە هەست بەوە دەكات پێگەی پەكەكە لە باكوری كوردستان ئەو سەنگەی جارانی نەماوە هەدەپە دەبێتە شوێنگرەوە.
بۆیە راست نیە ئەگەر توركیا دژایەتی هەدەپە بكات، ئێستا ئەوان خەریكە لە ژێر هەژموون و كاریگەری پەیام و نوسراوەكانی ئیمڕاڵی دەردەچن. ئەوەی دەبیندرێت سیاسەتی هەدەپە تام و بۆنی سیاسەتی پەكەكە نادات، دەیانەوێت لە رێگەی هەڵبژاردن و دیمۆكراسیەوە خۆیان بسەلمێنن نەك بە هەڵگرتنی چەك.
توركیا و پەكەكە لە سیاسەتەكانیان وا دەردەكەوێت لێرەو لەوێ‌ بەڵێن وپەیمانی ژێر بەژێریان هەیە، دوورنیە ئەم كارەشی بەشێك بێت لە بەرنامەی نێوانیان، بەوەی بیانەوێت پارتێكی دیمۆكراسی لاواز بكەن. نەهێڵن جێگەی پەكەكە بگرێتەوە، تاكو بەردەوام توركیا نان بە كەیسی پەكەكەوە بخوات و پەلكێشی بكات بۆ وڵاتانی دراوسێ‌.
لێرەدا گرنگە هەدەپە هۆشیارانەتر مامەڵە بكات بۆ ئەوەی بەكار نەهێندرێت بۆ بەرژەوەندی ئەم و ئەو، لە قۆناخی ئێستادا بایەخی خۆی دەبێت ئەگەر نزیكایەتی هەبێت لە گەڵ جەهەپە، ئەمەش وادەكات بۆ ئەم ساتە پاڵپشتێك دروستبكات و بەم هۆیە قۆناخە سەختەكان ببڕێت.
ئەوەی توركیا و ئاكپارتی دەیكات لای بەشێك لە سیاسەتوانان بە كودەتای سپی وێنادەكرێت، لە حاڵی ئێستادا هەدەپە بە نزیك بوون لەگەڵ جەهەپە ئەگەری ئەوە هەیە بتوانێت هەنگاوی گەورە بهاوێژێت بۆ رزگار بوون لەم دۆخە، چونكە ئەگەر ئەو بیانوانەی ئاكپارتی بەردەوام بێت بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیەكانی كورد ئەوەی حەزیكرد بە بیانوێك دووریان بخاتەوە ئەمە دەبێتە بەتاڵ بوونەوەی خەونەكانی كورد لە باكوری كوردستان.
وای دەبینم كوردەكانی باكور بە هیوا بڕواننە تروسكایی سیایەتی هەدەپە، لە باكوری كوردستان، بۆیە هەدەپە جگە لە نزیك بوون لە جەهەپە پێویستە پەیوەندیەكانی فراوان بكات، بە روونكردنەوە بۆ حكومەتی توركیا تاكو بتوانێت شوێن پێی خۆی قایم بكات.


Top