ناوچەی ئارام بۆ توركیا، ئاڵۆز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوچەی ئارام بۆ توركیا، ئاڵۆز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ماوەیەكە بەردەوام توركیا باس لە دروستكردنی ناوچەی ئارام دەكات لە رۆژئاوای كوردستان واتە باكوری سوریا، بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی توركیا و دوورخستنەوەی مەترسیەكانی سەر ئەم وڵاتە. بیانوێكیتر ئەوەیە شوێنێكی ئارام دروستبكات بۆ ئەو پەنابەرە سوریانەی لە توركیا نیشتەجێن بۆ ئەوەی مەترسیەكانی وڵاتەكەی كەم بكاتەوە دووربێت لەهەر مەترسیەك بۆ سەر ئەمنی ناوخۆیی. دەیەوێت بەهەر شێوازێكە رەگی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان قایم بكات.
توركیا دەیەوێت بە قوڵای 30 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا، بەتەنها بنكەی سەربازی جێگیربكات، بەڵام ئەمریكا بۆتە لەمپەر لەبەردەم هەوڵەكانی توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام بەو تابلۆیەی ئۆردۆغان دەیەوێت بینەخشێنێت. لە راستیدا دروستكردنی ناوچەی ئارام لای توركیا وادەكات هێزە كوردیەكان ئەو ناوچانە چۆڵبكەن.
ئاخۆ ئەمریكا پشتگیری هاوپەیمانەكوردەكانی شەڕی داعش دەكات، یاخود ئەوە تەنها بۆ لاوازكردنی داعش بوو ئێستا ئیشی پێیان نەما هێزەكانی یەپەگە و هەسەدە ئێستا وەك هاوپەیمان تەماشاناكرێن. هەرچەند ئەمریكا بەو بەرنامەی توركیا باسی دەكات رێگرە لە دروستكردنی ناوچەی ئارام، كۆمەڵێك مەرجی داناوە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەم شێویە.
ترەمپ دەیەوێت ئەو ناوچەیەی ئۆردۆغان باسی دەكات بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریكا بنكەی سەربازی دابمەزرێنن هەروەها 5 تاكو 14 كیلۆمەتر توركیا بۆی هەبێت بچێتە خاكی سوریا، چەكە قورسەكانی بكشێنێتەوە. ئەمە لە كاتێدایە توركیا دەیەوێت بەتەنها بنكەی سەربازی جێگیر بكات لەو ناوچە ئارامەی دورستی دەكات.
هەرچەند توركیا بە چەند كردارێكی لەم دوایەدا ترسی خستۆتە دڵی سەرانی ئەمریكا، بەوەی نزیكبوونەوەی دروستكردوە لەگەڵ وڵاتانی ڤەنزوێلا، كوبا، نیكاراگوا. ئەمەش نیگەرانی ئەمریكای لێكەوتۆتەوە چونكە ئەم سێ‌ وڵاتە سێكوچكەی ئەمریكای لاتین مەترسین بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.
لە لایەكی تر تەواوكردنی گرێبەستی S400 ئەمریكای تۆشی دڵتەنگی كردووە. بۆیە دەیەوێت سنور بۆ پەلكێشیەكانی توركیا دابنێت. هەرچەند لێژنەی دانوستانكاری ئەمریكا رایانگەیاند گەیشتونەتە رێككەوتن لەگەڵ توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام، یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەش برییتە لەوەی سەرەتا بنكەیەكی سەربازی هاوبەش لە توركیا دروستبكرێت.
ئەوەی گرنگە ئەمریكا بتوانێت هاوپەیمانەكانی بپارێزێت لە رۆژئاوای كوردستان، هێزە كوردیەكان توشی دەركردن و شەڕ نەبنەوە لەلایەن توركیاوە. هەرچەند هێزەكانی سوریای دیمۆكرات (هەسەدە) بە روونی ئەوەیان راگەیاندووە، ئەگەر توركیا بچێتە ئەو ناوچانە نزیكەی 10 هەزار چەكداری داعش بە دیلگیراون لەلایەن هەسەد ئەوكات لە ئەنجامی پێكدادان چەكدارە بەدیلگیراوەكان لە ترسی شەڕ رادەكەن.
ئەوەی هەسەدە باسی لێوەدكات زەنگێكی مەترسی دارە بۆ رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە دەبێتە سەرەتایەكی نوێ‌ بۆ بەهێز بوونی داعش، ئەمەش مەترسی گەورە دروستدەكات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وادەكات دووبارە ئەم وڵاتانە توشی جەنگی خوێناوی ببنەوە لەگەڵ داعش. دەبێتە هۆكاری دووبارە كوشتن، داگیركاری و ئاوارەبوونی خەڵكی ناوچەكانی شەڕ، واتە دووبارە خەڵك لە ئەنجامی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز توشی مەرگەسات و ئاوارەیی ماڵوێرانی دەبێت.
ئەوەی دەبێت بكرێت ئەوەیە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فشار دروستبكەن بۆ ئەوەی توركیا بەتەنیا نەچێتە قوڵایی خاكی سوریا، بەڵكو بەندەكانی رێككەوتن وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی جەنگێكی تری خوێن رشتن نەكرێتەوە.

Top