شەنگال دەكەنە ماڵێكی پەرتەوازە.
August 7, 2019
وتار و بیروڕا
لە رێكەوتی 27/7/2019 میر حازم كوڕی میر تەحسین بەگی كۆچكردوو شوێنی باوكی گرتەوە بوە میری ئێزیدیەكان، هەر زوو لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم پیرۆزبایی كرا لە میر حازم ئەمەش لە بنەڕەتدا گرنگی و پێگەی خۆی هەیە لە رووی یاسایی بایەخی تایبەتی دەبێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە دانانی میر حازم لای پەكەكە و كادرانی ئەم حزبە بەناوی بەشێك لە ئێزیدیەكان ناڕەزایی لێ كەوتەوە. ئەمەش دەبێتە هەڵوێستێكی شوم بۆ كوردانی ئێزیدی نابێت هیچ حزب و لایەنێك نانیان پێوە بخوات، بەڵام پەكەكە لەسەر دانانی میرێكی تر بۆ ئێزیدیەكان سورە بەناوی ئەوانەوە لە رێكەوتی 4/8/2019لە سەر چیای شەنگال نایف داود سلێمان بەگ بە میری ئێزدیان دەستنیشانكرا.
هەرچەند دانانی میرێكی تر بۆ ئێزدیەكان جگە لە میر حازم جێگەی بایەخ نابێت بەلای جیهان بەگشتی و ئێزیدەكان بە تایبەت، لە لایەكی تر جگە لە میر حازم هیچ میرێكی تر بۆ ئێزیدیەكان لە هەرێمی كوردستان یاسایی نابێت و مامەڵەی وەك میر لەگەڵ ناكرێت.
پەكەكە خۆی ناوی كەوتۆتە لیستی تیرۆر، چۆن دەستنیشانكردنی میر لای ئەوان دەبێتە جێگەی بایەخی جیهان، لە راستیدا ئەمە تەفرەدانی خەڵك و ئێزیدیەكانە، دەیانەوێت خەڵكی بەگشتی بەو تاكتیكە سەرقاڵ بكەن كەچی ئامانجی تری لە پشتەوەیە. ئەمەش دەبێتە پەرتەوازەكردنی ئێزیدیەكان لە پێناو مەرامی حزبی دەیانەوێت ڤایرۆسی خۆیان بە ئێزیدیەكاندا بتەقێننەوە.
ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ ئێزدیەكان ببنە ململانێی پەكەكە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، هێشتا ناسۆری جینۆسایدی ئێزیدیەكان كاڵ نەبۆتەوە، تاكو ئێستا بردنی كچ و ژنی ئێزیدی لە لایەن داعش زامێكی تیمار نەكراوە، بۆ دەبێ لەم ئان و ساتە پڕنەهامەتیە دیسان ئەوان ببنە باراشی ئەم بەرداشەی پەكەكە.
دەبێت ئێزیدیەكان وەك ئاینێكی زەمینی و بەشێك لە نەتەوەی كورد دووربكەونەوە لە ئاریشەی حزبی، رێگە بە هیچ هێزو لایەنێك نەدەن دەستبخاتە كارو باری ئەوان، بۆ ئەوەی شەنگال نەبێتە ماڵێكی پەرتەوازە، گرنگە ئێزیدیەكان یەك دەنگ و رەنگ لە ژێری چەتری ئاینی خۆیان بەكۆكی كۆببنەوە. دەبێ سەرانی ئێزیدی هۆشیار بن، پەكەكە بە فیتی ناوخۆ و دەرەكی دەیەوێت شەنگال بكەنە ماڵێكی پەرتەوازە.
ئەوەی پێویستە دەبێت هەرێمی كوردستان بە هەرسێ سەرۆكایەتیەكەیەوە( سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان) رێگری بكەن لەوەی كوردانی ئێزیدی لە ناوخۆدا پەرت بكرێن، هەوڵی دروستكردنی لۆبی بدەن لە دەروەوە بۆ ئەوەی نەهامەتی و كێشەی ئێزیدەكانی كوردستان وەك خۆی ببیندرێت.
كار لەسەر ئەوە بكەن هێزە سیاسەكانیان لێ دوور بخرێتەوە تاكو بە ئازادی بیروڕای ئاینی خۆیان ئەنجام بدەن نەكەونە گیانی یەكتری بە ناوی دانانی میر دووبەرەكی بخرێتە نێوانیان، ئەوەی خەمخۆری ئەوانە پشتگیری لە میری هەڵبژێردراو دەكات، تاكو بتوانێت دۆزی ئێزیدیەكان بۆ جیهان تۆخ بكاتەوە، لەبڕی ئەوەی فرە میری بكەنە دیاردە.