مەلا بەختیار شین بۆچی دەکات ؟
July 23, 2019
وتار و بیروڕا
ئەمە لە نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەند هێندەیە، بەهۆی نەبوونی بریاری مەرکەزی .
ئەم نەریتە خراپە کاریگەری لەسەر ئاشتەوای کۆمەلایەتی و سیاسی دروستکردووە، لەبەرئەوەی هەر کاتێك پارتێك بیەوێ لێپێچینەوە لە بەرپرسێکی یان ئەندامێکی بکات لەسەر هەلەکانی یان شوێن و ئەرکی بگۆڕدێت، هەڕەشەی جیابونەوە و بلاوکردنەوەی فایلە نهێنیەکان دەکات، ڕەنگە خۆشی لە فایلەکەی لە هەموویان ڕەشتر بێت !
دوای وەفاتی جەلال تالەبانی یەکێتی بەرەو چارەنوسێکی نادیار هەنگاوی نا جیاوازییەکان هێندە زۆر بوون یەکتریان بە خیانەتکار و کالفام و قۆرخکار و دز و گەندەل تۆمەتبار کرد ، ئەمە کاریگەری لەسەر سەنگ و دەنگ رێکەوتنە سیاسیەکانیشیان دروستکردووە.
ئینشیقاق ئەو دیاردەیەی خەریکە دەبێتە شتێکی ئاسایی، هەر ڕۆژە و کەسێك یان چەند کەسێك لە ژێر ناو و ناونیشانێك دەیانەوێ ئەستۆ پاکی خۆیان نیشانی ڕای گشتی بدەن و ئەوانی تر بە ڕەش و چەوت.
دوای ئەوەی لەسەر پرسەی تالەبانی گەورە، بەرهەم صالح سەرۆك کۆماری ئێستای عێراق، جیابونەوەی خۆی لە یەکێتی ڕاگەیاند و یەکێتی بە حزبی بنەمالە و دژی بنەما نیشتمانیەکان و قۆرخکار و دز و گەندەل ناو برد لە دواین هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چانسی خۆی تاقیکردەوە لێ شکستی هێنا !
بەرهەم صالح ژیرانە مامەلەی کرد گەڕایەوە نێو یەکێتی لێ کرا بە سەرۆك کۆمار، بەجۆرێك یەکێتی ئامادە بوو هەموو شتێك بکات بۆ ئەوەی بەرهەم صالح بچێتە کۆشکی سەلام، تەنانەت پەیوەندییەکانی لەگەل پارتی دۆست و هاوخەباتی گەیشتە خالی سفر .
چوونی بەرهەم صالح بۆ کۆشکی سەلام، دەرگای بۆ چەند کەسی تر کردەوە تاکو میدیا و سۆشیال میدیا یان هەر دەرفەتێکی دەرکەوتن بکەن بە سەنگەری دژی یەکێتی،لە دیارترینیان مەلا بەختیارە !
مەلا بەختیار بۆچی شین دەگێڕێ ؟
مەلا بەختیار یەکێك لە ناوەکان بوو لە نێو یەکێتی باس دەکران بۆ چوون بۆ کۆشکی سەلام، بەڵام دواجار بافڵ تالەبانی تاك لایەنە بریاریدا کۆشکی سەلام بکاتە شیرینی و دیاری گەڕانەوەی بەرهەم صالح بۆ نێو یەکێتی .
لێرە خالی تۆرانی مەلا بەختیار دەستی پێکرد .....
ئەرێ گەلۆ مەلا بەختیار لە خەمی حالی یەکێتیە یان شین بۆ لە دەستدانی کورسی کۆشکی کۆماری لە بەغداد دەگێڕێ ؟
بێگومان مەلا بەختیار ناتوانێ ئەو شکستەی خۆی لە بەرامبەربەرهەم صالح لەبیر بکات، لەکاتێکدا هەم مێژووی خەباتی ئەو زێدەتر و هەم وەکو خەزوری کوڕی گەورەی تالەبانی خۆی بە ماف خوراو دەزانێ، بۆیە هەر کاتێك خەون بە کورسیە لێ سەندراوەکەی کوشکی سەلام دەبینێ ڕاست و چەپ بەنێو باشی و خراپیەکانی یەکێتی دەکەوێت، لە ژێر ناوی ریفۆرم و گۆڕانکاری لەسیاسەتی یەکێتی و کۆکردنەوەی جیاوازیەکان.
لەوانەیە خۆری مەلا بەختیار لە نێو یەکێتی بەرەو ئاوابوون بێت و کەس گوێ لە فەرمایشتەکانی نەگرێ ئەگەرنا بۆچی راگەیاندن دەکاتە سەکۆی باسکردنی کێشەکانی یەکێتی و پێشکەشردنی پڕۆژە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان.