كارنامەی كابینەی نۆیەم نەخشەڕێگەیەك بۆ چاكسازی

كارنامەی كابینەی نۆیەم نەخشەڕێگەیەك بۆ چاكسازی
رێكەوتی (10)ی جوڵای (2019) و لە ماوەی یاسایی خۆیدا، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت، هەر لەو رۆژەش سەرۆكی هەرێم بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) بە بانگهێشتی فەرمی لە فەرەنسا بوو بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆماری فەرەنسا بەڕێز (ئیمانۆیل ماكرۆن) كە وڵاتەكەی لە كاتە سەختەكان بە هانای گەلی كوردستانەوە هاتووە، وڵاتێك كە لە تەك چوار ئەندامە هەمیشەییەكەی دیكەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەریەكە لە (ئەمریكا، رووسیا، چین و بریتانیا) مافی ڤیتۆی هەیە و كارەكتەرێكی كاریگەر و سەرەكیی نێودەوڵەتییە لەو ئەنجومەنەو كاراكتەری گرنگ و سیاسەتداڕێژەری ئەورووپا و جیهانە.
متمانەبەخشین بە حكومەتی نوێ لە كاتێكدایە كە ماوەیەكی زۆر بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەتیش ماوەیەكی زۆری خایاند، بەڵام شتێكی شاراوە نییە، كە لەو حكومەتانەی بە تەوافوق و بەپێی عورف و پێشینەی سیاسی پێكدەهێنرێن، تا راددەیەك ئاساییە پێكهێنانی حكومەت لە ماوەی چاوەڕوانكراو زیاتر بخایەنێت، ئەمەش تەنیا لە پێناو گەیشتنی لایەنەكانی پشكدار لە حكومەت بە رێككەوتنە بۆ ئەوەی بە قەناعەتی تەواوە لە حكومەت بەشدار بن و خۆیان بە خاوەنی ئەنجیندای حكومەتەكە بزانن و شان بدەنە بەر رووبەڕوونەوەی قەیرانەكان.
هەروەك بینیمان كە گفتوگوكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم درێژەی كێشا، بەڵام حزبی براوە لە پێناو سەقامگیری و ئارامی و یەكدەنگی و بەهێزیی كوردستان و قەناعەت پێهێنان و گەیشتن رێككەوتنی هەرسێ لایەنی سەرەكی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان) و هەندێك لایەنی دیكە و پێكهاتەكانی هەرێم، ئەم كارەی كرد، ئەم سەبرو پشوودرێژییە، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكە بۆ بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر مەترسیی ناوخۆیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. سەرەڕای ئەوەی ئەمە فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئەوەی لایەنە پشكدارەكانی كابینەكە بەرپرسیارانە شان بدەنە بەر جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، بەمەبەستی هێنانەدی ئامانجەكانی بەرنامەی كاری حكومەت، تاكو تەنیا مەبەستیان ئیمتیازوەرگرتن نەبێت، بەڵكو لە هەر باشی و كیماسییەكی حكومەتیش بەرپرسیار و پشكدار بن، چونكە ناكرێت لە حكومەتدا بە رۆژ ئۆپۆزسیۆن و بە شەو پشكدار و ماڵخۆماڵی بن.
مخابن لەو چەند ساڵەی رابردوودا بینیمان كە چۆن هەندێك لایەنی بەشداربووی حكومەت بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆن و لەوەش ناخۆشتر هەندێك جاریش بە نەفەسی نەیار بۆ ناشرینكردنی روخساری حكومەتی هەرێم كاریان دەكرد، چ لە نێو خودی هەرێم، چ لە بەغدا، یان لە وڵاتانی دیكەی ئیقلیمی و بگرە نێودەوڵەتیش، هەرچەند هێشتاش هەن ئەو كەسانەی كە لە بەغدا هەر بەو نەفەسە كاردەكەن، كە ئەمە بە راستی مەترسییە و پێویستە حكومەتی هەرێم كاری جددی بكات بۆ سنوور بۆدانانیان.
لە دوای متمانەوەرگرتنی كابینەی نۆیەم و لە كاتی پێشكەشكردنی وتار و خوێندنەوەی بەرنامەی كابینە لەلایەن سەرۆك وەزیران بەڕێز (مسرور بارزانی)ـەوە ئاماژە بە زۆر بابەتی گرنگ درا، ئەو خاڵانەی تیشكی خرایەسەر، خەڵكی كوردستان ماوەیەكی زۆرە تینووی بیستنیانە، بەڵام لە تەك گوێ بیست بوونیشیان، چاوەڕوانی ئەوەن بە جددی بچنە واری جێبەجێكردنەوە و بەرنامە و پلان و كاری جددی بۆ هێنانەدییان ئەنجام بدرێت.
یەكێك لە خالە ئەرێنییەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەم، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە لایەنەكانی پێكهێنەری كابینەكە پێكەوە بەرنامەی چوارساڵی ئایندەیان داڕشتووە، ئەمە جگە لەوەی كە لە نێو كارنامەكە بۆ یەكەم جار بڕیار لەسەر دانانی هەندێك دەستە و دامەزراوە دراوە، وەك دەستەی سندۆقی داهاتی نەوت و دەستەی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و ئەنجومەنی راژە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە نییەتی باش بۆ خزمەتكردن هەیە و هەنگاوێكیشە بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە چیتر بڕوبیانووی بێئاگایی و نەبوونی شەفافییەت نەهێننەوە و سەری زمان و بنی زمانیان نەبێتە تۆمەتبەخشین بە حزبی خاوەن زۆرینەی پەرلەمانی.
كارنامەی كابینەی نۆیەم خۆی لە حەوت ئاستی گرنگ دەبینێتەوە، كە بریتین لە: هێلی گشتی بۆ كاركردن لەسەر هەریەكە لە (چاكسازی، خزمەتگوزاری، پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئازادی و دیموكراسی و پێكەوەژیان، پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتی، ئابووری و دارایی و ئاستی كارگێڕی). هەر یەك لەو ئاستانەش خاڵی گرنگی لەخۆگرتووە، كە بە دانانی پلان و بەرنامەی وردتر، دەكرێت بە رێژەیەكی بەرچاو گرفتەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە واقیع و بارودۆخی ناهەمواری ناوچەیی و هەرێمی و ناسەقامگیریی هاوكێشە دارایی و ئابووریییەكان، مەترسی و كاریگەریی نەرێنییان بۆ بەئەنجامگەیاندنی هەندێك لەو ئامانجانە دەبێت، بەو جۆرەی كە حكومەتی هەرێم ئاواتی بۆ دەخوازێت، بەڵام بە یەكڕیزی دەكرێت باشتر بەرگەیان بگیرێت.
بێگومان دانانی بەرنامەی كاری حكومەت كە بتوانێت بەچەند لاپەڕەیەك بپڕژێتە سەر ورد و درشتیی هەموو كێشە و گرفتەكانی نێو كۆمەڵگە، شتێكی ئەستەمە، بەڵام دەكرێت دواتر لە نێو ئەو هێڵە گشتییانە و لە پراكیتیزەكردنی لە ئەرزی واقیع لق و پۆپی دیكەی لێ ببێتەوە و حكومەت لە رێگەی وەزارەتەكانەوە وردتر كار بكات بۆ ئەنجامدانی ئەو خاڵە وردانەی كە باس نەكراون.
ئەوەی من وەك شرۆڤەكارێك دەمەویست لە تەك هەموو خاڵە گرنگەكانی دیكە و لە نێو بەرنامەكە و لە تەك گەنج و ئافرەت بە زەقی ئاماژەی پێ درابوایە، (منداڵ و بەساڵاچوو) بوو، كە لە گرفت و كێشەكان لە هەموو توێژەكانی دیكە زیاتر ئازار و زەرەریان پێ دەگات، ئەمەش لە پێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و دانانی بەرنامەیەكی تۆكمەتر بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتییەكی هەژیتر بۆیان، منداڵ نەوەی داهاتووی كوردستانن و هێزی ئێمەن لە داهاتوو، ئەمەش ئەوە دەخوازێت بە بەرنامەیەكی گونجاو نەوەیەكی تەندروست و چاوكراوە و بەهێز بۆ ئایندەی كوردستان ئامادە بكەین.
خۆشبەختانە بە تێڕوانین لە وتاری سەرۆك وەزیران و كارنامەی حكومەت ئەوەمان بۆ روون دەبێـتەوە كە لەتەك بابەتەكانی دیكە كە ئاماژەی پێدراوە، یەكێك لە كارە لەپێشینەو یەكەمینەكانی كابینەی نۆیەم كە خواستی سەرەكی و یەكەمی سەرۆك وەزیرانیشە، بریتی دەبێت لە بابەتی چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران و سزادانی سەرپێچیكەران، بە جۆرێك كە رێگە بە بەرپرسانی باڵای حكومەت نادات كە پێگەی كارگێڕیی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەكاربهێنن، سەرەڕای ئەوەی كە نابێ بەرپرسان كاری بازرگانی و بەڵێندرایەتی و وەبەرهێنان بكەن و لێپرسینەوەیان بەرامبەر دەكرێت، ئەمانە ئەو بابەتە گرنگانەن كە هاووڵاتیانی هەرێمی زۆر دڵخۆش كردووەو بە جێبەجێكردنیشی متمانەی خەڵك بە حكومەت زیاتر و زیاتر دەكات و بێگومان خاڵی سەركەوتنی سەرۆك وەزیران و كابینەكەشی دەبێت.
بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری و پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی هەرێم و رێكخستن و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و نزیككردنیان لە ستانداردە سەربازییەكان و كاركردن بۆ فەراهەمكردنی باشتری خزمەتگوزاریی سەرەتایی و خزمەتكردنی شایستەی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و قوربانیان و برینداران و بەهێزكردنەوەی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، بۆ چارەسەركردنی گرفتە هەڵواسراوەكانی نێوانیان و چەسپاندنی بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵیی دروست، كاركردن بۆ چەسپاندنی بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان و چەندین بابەتی دیكەی نێو كارنامەكە خاڵی گرنگن، كە چارەسەركردن و هەوڵدان بۆ هێنانەكایەیان، ژیانێكی باشتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەستەبەر دەكات و هۆكاری بەهێزتركردنی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان دەبێـت.
خاڵێكی هەر گرنگ كە خاڵێكی ئەرێنییە و پێم وایە دەبێتە هۆی سەركەوتنی كابینەی نۆیەم، بەو مەرجەی لەلای پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لەسەر بنەمایەكی دروست و یاسایی و دوور لە میزاجی كەسی و سیاسی كاری لەسەر بكرێت، بریتییە لە كاراتركردنی كاری چاودێریی پەرلەمانی بەسەر دامودەزگاكان و كابینەی حكومەتەوە، لە پێناو ئەوەی وەزیر و بەرپرسی حكوومی لەژێر چاودێریی وردی پەرلەمان بن و هەمیشە هەوڵبدەن ئەدایەكی باش پێشكەشی هاووڵاتیانی هەرێم بكەن وخۆیان لە كێماسی و گەندەڵی بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی لەو كاتەی بە شێوەیەكی ئوسووڵی و یاسایی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن، مەلەفیان خاوێن بێت و بەئاسانی تۆمەتیان بۆ دروست نەكرێت. ئەمە جگە لەوەی كە بەم هەنگاوەو لە كاتی ئاراستەكردنی پرسیار و ئیستیجوابی پەرلەمانی لە وەزیر و بەرپرسە حكوومییەكان، كێماسییەكان زیاتر ئاشكرا دەبن و ئەدای باش و خراپی وەزیر و بەرپرسەكانی كابینە دەردەكەوێت و دەكرێت باشتر هەوڵ بۆ چارەسەركردنی بدرێت. بەم رێگەیەشەوە لە جیاتی ئەوەی هەموو كابینەكە بكەوێتە ژێر پرسیار و تۆمەت، ئەوا تەنیا وەزیرێ، یان وەزارەتەكەی و بەرپرسە حكوومییەكە كە كەمتەرخەمی كردووە، بەرپرسیارەتی دەكەوێـتە سەرشانی، چونكە ناكرێت لەبەر خاتری تاكە كەسێكی نابەرپرس تەواوی كابینەكە بكەوێتە بەر تانە و تۆمەت.
بە خوشحاڵییەوە كارنامەی كابینەی نۆیەم بە روونی تیشكی خستۆتە سەر ئەوەی كە حكومەت پشتیوانی كاری چاودێریی پەرلەمانی دەكات و پابەند دەبێت بە هەموو رێكارەكانی چاودێری لە پەرلەمانی كوردستان و رێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرێت.
هەر بۆیە خاڵێكی ئەرێنی دەبێت ئەگەر پارتە سیاسییەكان خۆیان دەستپێشخەر بن و هانی پەرلەمانتارەكانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی خۆیان زیاتر لە پەرلەمانتارانی حزبەكانی دیكە چاودێر بن بەسەر وەزیرەكانی پارتەكانیانەوە و رێگەنەدەن وەزیرەكانی حزبەكەیان ببنە هۆكاری شێواندنی سومعەی كابینەكە بە گشتی و سومعەی ئەو حزبەی كە وەزیرەكە، یان بەرپرسە حكوومییەكەی كاندید كردووە. بەم رێگەیەشەوە سەرۆك وەزیران باشتر ئاگاداری ئەدای كاری وەزیرەكانی دەبێت و دەتوانێت بە شێوەیەكی باشتر كۆنتڕۆڵی كابینەكەی بكات بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری كابینەكەی لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان.

Top