به‌رگێكیتر له‌به‌ر حه‌شدی شه‌عی ده‌كرێت

به‌رگێكیتر له‌به‌ر حه‌شدی شه‌عی ده‌كرێت
عێراقی دوای 2003 ژینگه‌یه‌كی باشی ره‌خساند بۆ ده‌ركه‌وتن و خۆرێكخستنه‌وه‌ی میلیشیا شیعیه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ لێدان له‌ هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كان وه‌ك راهێنانێكی سه‌ره‌تایی بوو بۆ شه‌ڕی میلیشیایی شار و كۆڵانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خواری و عێراق. بریمه‌ری حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مریكی له‌ عێراق ویستی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و میلیشیانه‌ به‌كاربهێنێت و به‌ بڕیارێك كۆتاییان پێبهێنێت یا لانیكه‌م نه‌هێڵێت ته‌شه‌نه‌ بكه‌ن، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ بووه‌ هۆی زیاتر گه‌شه‌كردنی ئه‌و گرووپانه‌ و رۆژانه‌ هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ رێگه‌ی میشیلیشیاكانه‌وه‌ ده‌كرانه‌ ئامانج. به‌ یاساییكردنی ئه‌و گرووپانه‌ به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی ده‌وڵه‌تی به‌ناوی ئیسلامی(داعش) ده‌رفه‌تێكی گونجاو بوو بۆ ئه‌وه‌ی میلیشیاكان به‌رگێكی یاسایی له‌به‌ربكرێت و ره‌وایی پێدانی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی پێبه‌خشرێت.
2014 ئه‌و كات مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران بوو، به‌ پشتیوانی فتوایه‌كی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عێراق عه‌لی سیستانی توانی گرووپه‌ میلیشیاییه‌كان له‌و به‌رگه‌ یاساییایه‌دا بكات به‌ هێزێكی مه‌ترسیدارتر و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش له‌ 26ـی تشرینی دووه‌می 2016 له‌ به‌ زۆرینه‌یی شیعه‌كان پرۆژه‌یاسایكیان به‌ ده‌نگی 208 په‌رله‌مانتاری په‌سه‌ند كرد و ئیتر ئه‌م گرووپانه‌ بوون به‌ ناونیشانی هێزێكی عێراقی و ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر هه‌موو پێداویستیه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراقی و خۆیان له‌ڕووی چه‌كه‌وه‌ به‌هێزكرد. ئه‌وكاتیش چاودێرانی سیاسی و سه‌ربازی ئه‌و مه‌ترسیه‌یان نیشاندا ئه‌م هێزه‌ له‌ ئاینده‌دا هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ كه‌ پشتیوانی له‌ تیرۆر و تۆقاندن ده‌كه‌ن ده‌بنه‌ هێزێكی مه‌ترسیدارتر، به‌ڵام به‌هۆی زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های شیعه‌كان ئه‌و هێزه‌ مه‌زنتر بوو، له‌شه‌ڕی داعیشیش ره‌وایه‌تیه‌كی مه‌یدانیان له‌ نێو پێكهاته‌ عێراقیه‌كان په‌یدا كرد به‌تایبه‌تی كه‌ وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش به‌ ئاشكرا پشتیوانیان له‌و هێزه‌ كرد و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد.
عادل عه‌بدولمه‌هدی پیاوه‌ میانڕه‌وه‌كه‌ی شیعه‌ و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستاكه‌ی عێراق له‌ دۆخی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی خزمه‌تی سیاسیه‌تی ئێرانیه‌وه‌، نازاندرێ له‌ ژێر فشاری چ لایه‌نێكی ئه‌و ململانێیه‌ ده‌یه‌وێ به‌رگێكی یاسایی دیكه‌ به‌به‌ری ئه‌و میلیشیانه‌ بكات، به‌ڵام گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و فشاره‌ هی لایه‌نی یه‌كه‌می په‌یوه‌نداره‌ كه‌ خۆیانن و ده‌یانه‌وێ سوپایه‌كی مه‌زهه‌بی ته‌واو وابه‌سته‌ی مه‌زهه‌بی شیعی له‌ عێراق بونیاد بنێنن.
ئه‌م فه‌رمانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی جۆرێك له‌ ئاڵۆزی له‌ نێو شیعه‌كانش دروست كردووه‌، تاكه‌ كه‌سێك به‌ ئاشكرا و به‌ده‌نگی به‌رز پشتیوانی كرد ته‌نیا موقته‌دا سه‌دری ره‌وتی سه‌درییه‌كان بوو و هێزه‌كه‌ی خۆی به‌خشیه‌ به‌ سوپای عێراقی. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌سایه‌تی دیاری نێو میلیشیاكان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌م هێزه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی كه‌سایه‌تیان ده‌ربچێت، چونكه‌ هێزه‌كه‌ هه‌م وه‌ك په‌یداكردنی سامان و هه‌م وه‌ك په‌یداكردنی نفوزی جه‌ماوه‌ری كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌یه‌.
جۆرێكه‌ له‌ ساویلكه‌یی ئه‌گه‌ر وا بڕوا بهێنرێت ئه‌م هێزه‌ كۆتایی دێت و له‌ نێو سوپایه‌كی نیشتمانی عێراقیدا ده‌توێته‌وه‌ و ئیتر ئینتیمایی مه‌زهه‌بی ناتوانێ ئاڕاسته‌ی ئه‌و هێزه‌ بكات، یاخود هه‌ڵه‌یه‌ بگوترێت به‌م بڕیاره‌ جوڵه‌پێكردن و بڕیاریدانی راسته‌وخۆی ئه‌و هێزانه‌ ده‌چێته‌ ژێرباری حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، خۆئه‌گه‌ریش وابێت، ئاخۆ عبدولمه‌هدی ده‌توانێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ كاربكات كه‌ یه‌كه‌ی نهێنی پشت شیعه‌كانی عێراقه‌؟ بێگومان له‌وه‌شدا نه‌خێر، چونكه‌ ناتوانێ و ئه‌و هێزه‌ی نییه‌، یاخو ئه‌گه‌ریش هه‌یبێت ئه‌وا ئینتیما دروستكراوه‌كه‌ی هێزه‌كه‌ رێگه‌ به‌ سه‌رۆكوه‌زیران نادات ئه‌م هێزه‌ ده‌سته‌مۆی حكومه‌ت بكات.
ده‌كرێت بڕوا به‌وه‌ش بكه‌ین، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌و دیوه‌ بێت كه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی به‌و هێرشه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی سعودییه‌ و باڵیۆزخانه‌ی به‌حرێن له‌ به‌غدا هه‌یه‌ كه‌ میلیشیاكان له‌ پشت ئه‌و دوو رووداوه‌ بووه‌ و ئیتر ئه‌م رووداوانه‌ له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌یدا حكومه‌تی عێراقی به‌گژ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نه‌دات، بێگومان ئه‌م بۆچوونه‌ش راسته‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌، هێزی ئاینده‌ی عێراق له‌ڕووی یاساوه‌ له‌ ده‌ستی خۆیان وه‌ك(شیعه‌) بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ گوتنی ئه‌وه‌ی شیعه‌كان عاقڵن و ستراتیژیانه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و خۆیان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌ن شتێكی نامۆنییه‌ و گوتنێكی تاڕاده‌یه‌ك بڕواهێنه‌ره‌.
Top