لاسایی لە دروستكردنی حزب بۆتە دیاردە.

لاسایی لە دروستكردنی حزب بۆتە دیاردە.
لەو چەند رۆژەی رابردوو پرسی دروستبوونی حزبێكی نوێ‌ بۆتە بابەتێكی گەرم. بەڵام كەی؟ چۆن؟ بە كام ئامانج هێشتا روون نیە. ئەوەی بۆتە مژار دروستبوونی حزبێكە لەلایەن عسمانی حاجی محمود و قادری حاجی عەلی. پرسیار لێرەیە دروستكردنی حزب لە پای چی؟ ئاخۆ لە كوردستان هیچ بیرۆكەی نوێ‌ هەیە بۆ بەڕێوەبردنی حزب، ئەوەی دەیبینین لەو چەند ساڵە دروستكردنی حزب بۆتە دیاردە زیاتر خۆ دەرخستن و بەرژەوەندی خودی كەچی حزبی لاسایی دێنە بوون.
ئەوانەی هەوڵی دروستكردنی حزب دەدەن خەڵكی تاقی كراوەن، ناتوانن ئەو ئامانجەی بۆی دروستدەكرێن بیپێكن، چونكە ئەو جۆرە كەسانە پێشینەیان بۆ خەڵكی كوردستان روونە، ئەو هێزە لەبن نەهاتوە نین بتوانن لە ئاست خواستی خەڵك بن، بەخەیاڵی رۆژانی ساڵی 2009دەژین، پێیان وایە لە شێوەی نۆشێروان مستەفا دەتوانن خەڵكی بەدەوری خۆیان كۆبكەنەوە.
دەركەوتنی گۆڕان بە جەماوەرێكی زۆر چەند جیاوازیەكی هەیە بەراورد بەو ئان وساتە، دروستبوونی گۆڕان لە شێوەی ئۆپۆزسیۆن دروشمێكی گەورە و بیرۆكەیەكی نوێ‌ بوو، هەروەها كەسایەتی نۆشێروان مستەفا جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەو كەسانەی لە ئێستادا لە هەوڵی دروستبوونی حزبن،لە لایەكی ترەوە خەڵك ئەزموونی حزب بەناوی خەمی خەڵك، ئۆپۆزسیۆن، دژە گەندەڵی، هەڵگری خواستی هاووڵاتیان تاقیكردەوە،
لە رابردوو ئەو حزبانەی بە دروشمی گەورە هاتن بۆ هەموومان دەركەوت هەڵگری ناوەرۆكێكی بچوكن، ئامانجیان گەیشتن بە دەسەڵات، پۆست و پارە بوو، لە ژێر پەردەی خواستی خەڵك خۆیان لە گەیشتن بە دەسەڵات مەڵاس دابوو. خەڵكی باشووری كوردستان ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ حزب بەناوی ژانی میللەت هەیە، ئەوەی بە دروشمی گەورە دروستبوون لەوانە گۆران لەبەر پشك لە دەسەڵات ئاگای لەخەڵك بڕاوە، هاوپەیمانی لە پێناو پۆست خۆی هەڵوەشاندەوە، نەوەی نوێ‌ خەریكی بەدناوكردنی خەڵكن بەر لە پشكوتن خەریكەی هەڵدەوەرن.
ئەو حزبانەی لە سلێمانی دروستدەكرێن سەركردەكانیشان بۆیان ئاشكرا نیە بۆ چ مەبەستێك كاردەكەن، ئەوەی كاری پێدەكەن بەرنامەیەكی ئامادەكراوە ئەوان تەنیا بەكار هێنەرن، ئەوەی من هەستی پێدەكەم ئێران زیاتر لەم بارودۆخە دەستی باڵای هەیە، نایەوێت لە باشوری كوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی بەتەنها هاوپەیمان و بەكار هێنەرێكی پلانەكانی هەبێت، لەترسی ئەوەی لە كۆنترۆل دەربچێت، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەیە زیاتر لە لایەنێك بەكار هێنەری بەرنامەكانی بێت، لە رێگەیەوە ئامانجەكانی بپێكێت.
دروستبوونی حزب لە پارێزگای سلێمانی كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر یەكێتی لە رووی جەماوەری و بەركەوتەی پشكەكانی وادەكات پێگەی تەسك ببێتەوە، هەرچەند لەو باوەڕە نیم جارێكی تر هیچ حزبێكی نوێ‌ لە كوردستان بتوانێت پێگەی جەماوەری فراوانی هەبێت، ئەگەر ئەوەش روبدات سنوری جەماوەریان ناوچەیی دەبێت.
دروستبونی حزب خزمەت بە خواست داوكاری هاووڵاتیان ناكات، چونكە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز(مەسروربارزانی) هەوڵی چاكسازی و پاكسازی دەدات ئیتر كاری لە پێشینە خزمەتكردنی هاووڵاتی دەبێت، ئیتر شتێك نامێنێت ئۆپۆزسیۆن بیكاتە دروشمی گەورە. ئەوەی دەبینرێت دروستكردنی حزب لە زۆریدا وەك رێكخراوەكانی لێهاتووە، ئامانجی تەنیا خۆ دەرخستن و قازانجە.
هەرچەندی حزب زیاد بێت ئەوەندەش دەستی دەرەكی بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ‌ زیاد دەكات، هەریەكەیان لە بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت كار بكات لە كوردستان، ئەمەش رۆشنی بەدوای خۆی ناهێنێت خەڵكی پەرتەوازە دەبن تا وای لێ‌ دێت بەهۆی بیركردنەوەی حزبی پێویستی خۆیان لەبیردەكەن، رەنگە بە باش و خراپ بڵێن خراپ وەك ئەوەی لە رابردوو بینیمان.
ئەوەی گرنگە لە كابینەی نوێدا دەستی حزب لە حكومەت لاواز دەكرێت، كارو پرۆژەكان نیشتیمانی دەبن، رێگە نادرێت حزبەكان دراوی دوو ڕووبن، دەبێت گشت حزبەكان سیاسەتێكی یەك لایەنە هەڵبژێرن یاخود لە حكومەت كار بكەن یان ئۆپۆزسیۆنبن، بەڵام ئەو رێگەیە رەنگە كەمێك سەخت بێت چونكە خزمەتكردن لە رێگەی دامودەزگای حكومەت دەرگەی دروشمی گەورە لەبەردەم بەناو ئۆپۆزسیۆنبوون دادەخات، ئەو حزبە نوێیەی دروستیش دەبێت نابێ‌ چاوەڕوانی جەماوەرێكی فراوان بێت، بانگەشەی لە دروشمی سادە تێپەڕناكات.


Top