پەکەکە چی لە کورد دەوێ ؟
July 1, 2019
وتار و بیروڕا
پەکەکە لە ژێر دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی گەورە خەباتی چەکداری دەست پێکرد و خۆی بە فریاد ڕەس و رزگارکاری کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەزانی بەڵام لە واقیعی کارکردنی جۆرێکی تر بوو، لەسەرەتای دروستبوونی پەکەکە لە دۆڵی بیقاعی لوبنان چەكدارەكانی ڕا دەهێنان و بەشی سیاسیشی لە دیمەشق و میوانی حافز ئەسەد بوون ئەوە هاوكات بوو لەگەل پرۆسەی سڕینەوەی شوناسی كوردانی خۆرئاوا لە لایەن حافز ئەسەد و پارتی بەعسی سووریا بەڵام ئاپۆ دۆستایەتی سووریای دژە كوردی هەڵبژارد بەو هۆیەی سووریا لەگەڵ تووركیا سەبارەت بە ئاو كێشەیان هەیە واتە ئاوی فورات چۆن توركیا تاو نا تاوێك ئاوەكەی لە سووریا دەبەستەوە وەك كارتی گوشار سووریاش پەكەكەی وەك كارتێك لە بەرانبەر ئەو كارەی توركیا دەكار دەهێنا.
دوای ئەوەی توركیا هەڕەشەی هێرشی كردە سەر سووریا تاکو ئاپۆ وەدەر نێ ئاپۆ بەرەو ئیتالیا و رووسیا ڕۆیشت بەڵام هیچ كام لەو وڵاتانە نەیانویست مافی پەنابەری پێ بدەن پاشان رووی كردە یۆنان و توركیا لە ڕێگای سیا و موسادەوە گوشاری خستە سەر یۆنان بۆیەڕووی لە کینیا کرد و لەوێ دەسگیر كرا.
خاڵی سەرنج ڕاكێش ئەوەیە بە هۆی كردەوە تیرۆریستیەكانی پەكەكە هیچ وڵاتێكی ئەوروپی تەنانەت دۆستەكانی كوردیش وەك سوید و فەڕانسا ئامادە نەبوون مافی پەنابەریی بە ئۆجەڵان بدەن لەبەرئەوەی ئەو كات بە هۆی كردەوە تیرۆریستیەكانی پەكەكە ڕاگرتنی ئۆجەلان زەبرێك دەبوو لە مێژووی چەند سەت ساڵەی دیموكراسی ئەوروپیەكان.
لە دوای گیرانی ئۆجەڵان ستراتیژیەت و سیاسەتی پەکەکە تەواو گۆڕا
تا لە ساڵی ۲۰۰٤ پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا دەستەڵاتی گرتە دەست، دەستی کرد بە كۆمەڵێك چاكسازی مەدەنی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری توركیای بوژاندەوە ئەو پڕۆسەیە كوردیشی گرتەوە و كرانەوە بە ڕووی كورد دەستی پێكرد، لێرەدا هەژموونی پەکەکە لە باکور لاواز بو، بۆیە هەموو کات هەوڵی دەدا بەجۆرێك یان بە هەر ڕێگایەك بێت خۆی بخزێنێتەوە نێو بیری و هزری خەلك وایان تێ بگەیەنێ ئەوان دەتوانن زیاتر لە داد و گەشەپێدانیان بۆ بکەن !
بێگومان هەرێمی کوردستان دەورێکی کاریگەر و باڵای هەبوو لە ئاشتەوای کۆمەڵایەتی و سیاسی لە تورکیا لە دوای هاتنی داد و گەشەپێدان، زۆر جار ئاگر بەست و ئاشتی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە ڕاگەیەنرا، لەم قۆناغەشدا کۆمەلێك پارتی کوردی مەدەنی و کەسایەتی نوێ دەرکەوتن ئەمە ترسی لەلای سەرانی پێکەکە دروست کرد بۆیە هەولی نانەوەی ئاژاوەی دەدا بە لێدان لە بەرژەوەندیەکانی تورکیا جارێکی تر پەیوەندییەکانی ئاڵۆز دەکرد، هەموو جارێکیش کورد زەرەرمەند دەبو!
دوای دەستگیرکردنی ئۆجالان، پەکەکە دروشمی سەربەخۆیی لابرد هاتە سەر ئۆتۆنۆمی دیموكراتیك دیارە هەڵگرتنی ئەو دروشمەش وەك سەربەخۆیی بە پەلە و بە كاڵفامیەوە هەڵگیرا بە بێ ئەوەی باری جوگرافی توركیا و ڕەوشی سیاسی و ئابوری توركیا و كوردستان لێك بدەنەوە بە پەلە ئەو دروشمەیان دانا زۆری نەكێشا وازیان لە ئۆتۆنۆمی هێنا و لە 2004 بەو لاوە دروشمی شارۆمەندی دیموكراتیكیان هەڵبژراد.
كەم كردنەوەی خواستە نەتەوەییەكان لە نێو پەكەكە دا لە كاتی دامەزراندن تا ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ پەرەی سەندوە ئەوان تەنانەت هیچ كات سرودی ئەی ڕەقیب و ئاڵای كوردستانیشیان قبوڵ نەكردوە، سەیر ئەوەیە ئەو پارتە بە دروشم مافی نەتەوەیی ناوێ و شارۆمەندی دەوێ هەر وا لە چوار پارچەی كوردستان هێز وەردەگرێ و گەریلاكانی بەوە فریو داوە كە گوایەرۆژێك لە رۆژان كە عیسا هاتەوە خوارێ دەوڵەتی كوردیتان بۆ دادەمەزرێنین.
پەکەکە لە دروشمی سەربەخۆیی بۆ شەڕ فرۆشتن بە کورد!
باسمان لەوە کرد سەرەتای خەباتی پەکەکە خۆی بە رزگار کار و فریاد ڕەسی کورد دەزانی وە ئەو مافەی جگە لە خۆی بە هیچ کەسێکی تر ڕەوای نەدەبینی و نابینی، هەر لە سەرەتاوە شەڕی بە هێز و پارتە کوردیەکان فرۆشتووە بۆ جێگیر کردنی بەرژەوەدییەکانی خۆی
لەسەرەتایی نەوەدەکانی ڕابردوو شەڕی بە پارتی دیموکراتی کوردستان فرۆشت، وە پارتێکیان دامەزراند بەناوی پەچەدەكە، ئەو پارتە كە چالاكیەكانی ئازاد بوون بە روونی لە دژی پارتەكانی باشور چالاكی كرد بە جاشی لە قەڵەم دەدان و خەڵکی لێ تیژ دەكردن شەڕی براكوژی لە نێو جەماوەركانیان دا دەوروژاند پەچەدەكە كە میوانی باشوریەكان بوو داوای بەشە ماڵیشی دەكرد و مافی دەنگ و كورسی و دەسەڵلاتیشی كرد دەستووەردانی پەكەكە تا ئەو ئاستە گەیشت كە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچاربوون ئەو پارتە نایاسایی ڕابگەیێنن و نوسینگەكەی داخەن.
پەکەکە جگە لە باشور دەست لە بەشەکانی تری کوردستانیش وەردەدات
بە نمونە لە ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی ،، پەژاك،،ەوە هەوڵی داوە هەژمونی خۆی زێدە بکات و ناکۆکی دوبەرەکی لە نێو سیاسیە کوردەکانی ڕۆژهەڵات دروست بکات، لەم کارەی تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتو بوە.
لە ڕۆژئاواش بە هەمان شێوە
پاش ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر رۆژئاوا و كۆبانێ خەڵكی بەشەڕەف و كوردی ئەو دەڤەرە قارەمانانە بەرخۆدانیان كرد و بە یارمەتی بە پێشمەرگانی هەرێم داعش تێك شكا و ئاسۆی هیوای كورد لەو پارچەیە گەشایەوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی بەشار لە كوردستان كشانەوە و كۆنتڕۆڵی ڕادەستی كورد كرد بەو مەرجەی كورد لەوێ بەرەی شەڕ نەكاتەوە لە دژی بەشار، پەكەكە لە ڕێگای یەپەگە ویستی بە تەنیا حوكم بكا پارتی دیموكرات و چەند پارتێکیتركە بە ئەنەكەسە ناسراون ناڕازی بون پەكەكە ناچار بوو دو دانیشتن لە هەولێر و دهۆك لەگەڵ پارتەكانی دیكەش بەڕێوە ببات تا ئەوانیش بەشداری دەسەڵات بن بەڵام پەكەكە هەموو ڕێككەوتنەكانی بن پێ كرد.
ئێستە پەکەکە لە ئەو پەڕی لاوازیە نازانین داوای مافەکانی کورد دەکات یان داوای مافی خۆی لە کورد دەکات.