باوکانی دامەزرێنەر سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ سەربەخۆیی و ڕەمزی هەبوونی نەتەوەیەک
June 22, 2019
وتار و بیروڕا
=
مێژووی گەلان نەخشاوە بەناوی جوامێر و پێشەوای ئازادیخوازی و خولقێنەران و پێشڕەوانی فیکریی سەربەخۆخوازیی، لە سەدەی حەڤدەهەمەوە چەمکی ناسیۆنالیزم سەرهەڵدەدات و لەسەدەی هەژدەهەم بەشێکی گەورەی جیهان دەتەنێتەوە، دوای جەنگی جیهانی دووەم ناسیۆنالیزم بووە ھۆی سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئەو گەلانەی کە لە ژێر دەستەڵاتیکۆڵۆنیالیستەکان (ئیستیعمار) دا بوون، تا بەئەمڕۆ دەگات ئەمچەمکە خولقێنەری دەوڵەت و قەوارەی سەربەخۆیە، لەسەر دەستی ئەو سەرکردە کاریزمیانەی پێشەڕەوایەتی گەلەکانیانکرد بەرەو سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت و پاراستن و زامنکردنی تایبەتمەندیە نەتەوەیی و مێژووی و جوگرافیەکانیان،مێژووی هاوچەرخی کورد بەناوی ژمارەیەک سەرکردەو ڕابەر و خولقێنەرانی ئەندێشەی سەربەخۆخوازی پڕشنگدارە، لەم بزاڤە نوێیەدا کە بە ئەندێشەی ناسیۆنالیستیانەو هەوڵەکانی شێخ عەبدولسلام بارزانی دەستپێدەکات و ڕێچکە دەگرێت و دواتر جوامێر و میرزادەکانی کورد درێژەپێدەری دەبن، لە شێخ ئەحمەدی بارزانەوە بۆ شێخ محمودی مەلیکی کوردستان، شێخ سعیدی پیران و مستەفا بارزانی باوکی ڕۆحی کوردایەتی و پێشەوا قازی محمد بەردەوامی هەبووە، گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی هاوچەرخ لەسەردەستی سەرۆک مەسعود بارزانیو لە چوارچێوەی پرۆژەی (گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان) دەگاتە ترۆپک.
(سەربەخۆیی کوردستان کارێکە هەر روودەدات)
ئەمە پەیڤێکی سەرۆک مهسعود بارزانی سهرۆكیپێشوی هەرێمی كوردستانە، له ساتەوەختی بانگەشەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە رۆژنامهی واشنتن پۆستی ئهمریكی بڵاوكراوهتهوه.
لەماوەی سەرۆکایەتیکردنی سەرۆک مەسعود بارزانی دا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خاڵی گرنگنیشانهگرتنبوو له (یهك تارگێت)، پرسی کارکردن بۆ بوژاندنەوە و پهرەپێدانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، سەوزکردنەوە و ڕسکاندنی خەونی سەربەخۆیی و کارکردنی بەردەوم بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، پرۆژەی (سەربەخۆیی)کە خاڵی جەوهەری ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک مەسعود بارزنی بوو، وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی هەموو جوڵەکانی بەهەند وەرگیرابوو، سەرۆک لەیەک کاتدا کاری لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم دۆزە گەورە مێژووییە دەکرد، پراکتیزکردن و بەکردەنیکردنی فرە جوڵە بوون، لە ئاستی ناوخۆدا سەرۆکایەتی هەرێم چەتری کۆکردنەوەی خەڵکی کوردستان بوو لە ژێر پەرچەم و ئاڵای کوردستان دا، ئاڵای کوردستان وەک سومبولێکی هاوبەشی خەڵکی کوردستان، پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەموو چێن و توێژ و پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان، هەڵبەت بڕیاردان لە گشتپرسی و چۆنیەتی میکانیزمی جێبەجێکردنیشی بە شێوەیەکی دیموکراتیانەو بڕیار وەرگرتنی دەستە جەمعیانە بوون.
لەسەر ئاستی دەرەوەی کوردستان: کارکردن بۆ گەیاندنی پرسی کورد و رەوایەتی زیاتر، تەواوی کەناڵە دیپلۆماسییەکان گیرابوونەبەر، بەڕێنمای سەرۆک بارزانی و بەپێی ئەونەخشەیەی بۆیکێشرابوو، لەسەر ئاستی ناوچەی و نێودەوڵەتی، وەگرتنەبەری تەواوی کەناڵەکانی گەیاندن وپەیوەندیکردن و مارکێتینگ، ڕەوەندی کوردی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کۆبوونەوە و گرتبوونەوەی جەماوەری بەرفراونیان ئەنجامدا، لەسەر شەقامی پایتەخت و ناوەندەکانی بڕیار لە زۆرێک لە دەوڵەتە گەورەکانی ڕؤژئاوا بانگەشەی ڕەوایەتی سەربەخۆیی کوردستانیان بە گوێی جیهاندادا، حکومەتی هەرێم و پەیوەندییە بەرفراوانەکانی، لە زۆر کەناڵ و دەریچەی جیاوازەوە پەیوەندییان لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەت و ناوەندە گەورەکانی بڕیاری دەوڵەتانی زلهێز و کاریگەردا گرێدا، لەسەر ئاستی میدیایی نێودەوڵەتیش ڕۆماڵی پرسەکە کرا، لە ئاستێکی فراوان و گەورەدا دۆزی کورد و ڕەوایەتی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خەڵکی کوردستان و گرتنەبەری ڕێگای شارستانیانە و مەدەنیانەی (گشتپرسیی) گەیەنرایە ڕایگشتی جیهان، پرسی چارەسەری دۆزی کورد لە تەواوی ناوەندە میدیایی و دیپلۆماسی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسێنراو دەنگیدایەوە، لێرەوە دۆزی کورد لە پرسێکی ناوخۆیی عێراقەوە وەرچەرخا بۆ پرسێکی هەستیار و زیندوی نێودەوڵەتی.
ئەنجامدانی گشتپرسی لە ٢٥-٩-٢٠١٧ دا و بەشداری بەرفراوانی خەڵکی کوردستان و ئەنجامی گشتپرسی بە لە ٪٩٣ ی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، قۆناغێکی گرنگی ژیانی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستانە، لە داخڵبوون بە مێژووی نوێ، گەیشتنی ناسیۆنالیزمی کوردیە بە وێستگەیەکی گرنگ، لەوەی بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ زامنی تایبەتمەندییەکانی کورد و خەڵکی کوردستان دەکات.سەرۆک مسعود بارزانی(وەک باوکانی دامەزرێنەر لە مێژووی گەلانی ئازادیخوزدا) پێشڕەوایەتی گەلی کوردستانیکرد، بەرەو سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت و پاراستن و زامنکردنی تایبەتمەندیە نەتەوەیی و مێژووی و جوگرافیەکانی خەڵکی کوردستان.