نەخۆشی مارکسیەکان و لەرزوتای ئیسلامیەکان

نەخۆشی مارکسیەکان و لەرزوتای ئیسلامیەکان
بە هۆی پشت تێکردنی یەکێتی سۆڤیەتی قەڵای مارکسیەت و رێککەوتنی لەگەڵ رژێمی شای ئێران کۆماری کوردستان کە خەونی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو، تووشی شکست هات و پێشەوا قازی و سەدر و سەیفی قازیش لە سێدارە دران، لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلولیش سۆڤیەت بۆ پشتیوانی رژێمی بەعسی داگیرکار و دژی شۆڕشی رەواخوازی کوردی ژێردەستە و چەوساوە خۆی ساغ کردەوە، هەر فرۆکەوانە کارامە و ئەزمووندیدەکانی سۆڤیەت بوون، سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان بۆدوومان دەکرد و خەلکی سڤیلیشیان دەکوشت و مارکسیەکانی کوردیش لەو کوشتارە بەدەر نەبوون، کەچی مارکسیەکانی کورد پێیان وابوو ئەگەر لە یەکێتی سۆڤیەت باران ببارێ و ئەوان لە کوردستان چەتر هەڵنەدەن، ئەوا درۆیان لەگەڵ مارکسی بوونی خۆیان کردووە و بەوەش کەوتوونە سەنگەری ئیمپریالیزم.
لەگەڵ دەستگیر کردنی محەمەد مورسیش لە ساڵی ٢٠١٤، ئیسلامیەکانی کوردستان بە خاو و خێزانەوە لە شار دەرپەڕین و لەو دەشتی هەولێرە کەوتنە قوڕپێوان و راژاندنی وێنەکەی و خستنە سەر سنگیان، ئەوە لە کاتێکدا بوو نە مورسی و نە هاوبیر و نە (حەسەن بەننا)کان بۆ ئەنفالی کورد و کیمیاباران کردنی کورستان نەک هەر موچوڕکیان پێدا نەهات، بەڵکو هاوڕابوون و کوردیان بە شایانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەزانی کە رژێمی بەعس بەسەری هێنابوو، لێرەدا روو دەکەمە ئیسلامیەکانی کوردستان و پێیان دەڵێم: بۆ مردنی مورسی قوڕ دەپێون و بە غایب نوێژی مردووی بۆ دەکەن و پلەی شەهادەتیشی پێ دەبەخشن، یەک تاکە هەڵوێستی مورسی و مورسیەکان و بەننا و بەنناکانم پێ بڵێن کە ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی کوردیان بە رەوا نەزانیبێ، شەرت بێ بە شەرتی پیاوان منیش وەک ئێوە خۆمی بۆ لە قوڕ دەگرم، ئەگەرنا لە ئۆقیانووسی ئەو جەهالەتە وەرنەدەر و چیتر شاباش بۆ مەرگی خۆتان لێ مەدەن و خۆێنی سەر شمشێری بکوژەکانتان مەلێسنەوە.
بەدبەختی کورد لەوەدایە مارکسیەکان و ئیسلامیەکان سیر و مارن و پێکەوە هەڵناکەن، کەچی لە دژایەتی کردنی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان و دەستخۆشی لە بکوژ و دوژمنەکانی کورد دەبنە کەر و خۆڵەمێش.
Top