خزمەتکردنی هەژاران و زەحمەتکێشان ئاوا دەبێ
June 20, 2019
وتار و بیروڕا
زۆرن ئەو بەڵگانەی کە بارزانی نەمر لە هیچ کاتوساتێک و بە هیچ پاساوێک خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی لەبیر نەکردووە و هەر کاتێک دەنگیان بە بارزانی نەمر گەیشتبێ بە دەنگیانەوە چووە, بارزانی نەمر لە کۆڕێکدا دەگێڕێتەوە و دەفەرموێ: لە سەرەتاکانی دەست پێکردنی شۆڕش بارەگام لە شاری رانیە بوو، رۆژێک کابرایەک هاتە لام و گوتی: ئەز لە (دەربەندی رایاتێ) بارێک تووتنم پێبوو، دەچووم لە شاری کۆیە فەحسی بکەم، گەیشتمە چۆمان و پێشمەرگەیەک هاتە پێش و گوتی: ئەوە چییە؟
ــ تووتنە دەیبەمە کۆیە فەحسی بکەم.
ــ قەیدی چییە، گومرگ بدە جا بڕۆ.
ئەزیش زۆرم پێخۆش بوو، ئەوە عەسکەری کورد بەسەر وڵات رادەگا، گوتم: گومرگ چەندە؟
ــ ١٠٠ فلس
ــ فەرموو ئەوە ١٠٠ فلس، ئەو کاغەزەی دامێ.
لەوێ دەرچووم لە (پردی بەرسیرین) پێشمەرگەیەک لە کۆلیتێک هادەر، ئەویش پرسی: بارەکەت چییە، بۆ کوێ دەچی؟
ــ تووتنە دەیبەمە کۆیە.
ــ وەرە گومرگ بدە جا بڕۆ.
ــ لە چۆمان گومرگم داوە.
ــ ئەوەی چۆمان هیچ نییە، شەرتی منم، مۆری مەکتەبی سیاسی لەلای منە، ئەوەی چۆمان ساختەچی بووە.
ــ باشە، گومرگ چەندە؟
ــ روبعێکە.
ــ فەرموو برالە ئەوە روبعێک، ئەویش ئەو کاغەزەی دامێ.
ئەویش روبعێکی لێ ستاندم، ئەوجار بەرە و کۆیە وەڕێ کەوتم، لە (هەیبەت سوڵتان) سەرکەوتم، پێشمەرگەیک هاتە پێش و گوتی: ئەوە چییە و بۆ کوێ دەچی؟
ــ تووتنە دەیبەمە کۆیە فەحسی دەکەم.
ــ گومرگ بدە جا بڕۆ.
ــ کاکە دووجار گومرگم داوە، خۆ تڵاانم ناکەن! کە ئەمەم گوت کابرای پێشمەرگە لێم هاتە پێش و زللەکی خۆشی لە باناگوێی دام و گوتی: ئەوە ئەو زمانەت بۆ هێندە درێژە؟ گومرگ بدە جا بڕۆ
ــ چاکە، گومرگ چەندە؟
ــ نیو دینار.
ــ فەرموو ئەوە نیو دینار، ئەویش ئەو کاغەزەی دامێ.
دیارە هەر یەکێک لەو پێشمەرگانەش پارچە کاغەزێکی سپیان وەک رەسید بە کابرا دابوو، بارزانی نەمر درێژە بە قسەکانی دەدا و دەفەرمووێ: بە کابرام گوت: کاکە ئەوە (١٠٠) فلسەکەی چۆمان، ئەوە (روبعەکەی) پردی بەرسیرین، ئەوەش (نیو دینارەکەی) هەیبەت سوڵتان، فەرموو زللەکەشم لێدەوە، ئەگەر ئەز شۆڕش نەکەم، کەسیش بە ناوی شۆڕش غەدر لە کابرایەکی وەکو تۆ ناکات.
دواتر بارزانی نەمر دەفەرموێ: لەو رۆژەوەی تفەنگم کردۆتە شان، هەتا ئێستا لە دوژمنی خۆم نەترساوم، ئەز هەر لەو کەسە ترساوم کە بە ناوی دۆست لەگەڵم ئیش دەکا و لە بنەوە دوژمنی منە و خەڵکم لێ دەکاتەوە و دزی و غەدر لە خەڵک دەکات.
ئەگەر وەفا بۆ خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش هەبووایە کە هەر ئەوان لە قۆناغە ناخش و سەختەکاندا داینەمۆی شۆڕش و راپەرینەکانی خەڵکی کوردستان بوون، دەبوایە هەموو بەرپرسانی حزبی و حکومی ئەو هەڵوێستە هەژارپەروەرانەی بارزانی نەمر بکەنە سەرمەشقی خەبات و خزمەتکردنی خەڵکی هەژار و زەخمەتکێش، وە پێویست بوو ئەو رووداوە بکرێتە تابلۆ و لە شوێنە گشتیەکان و سەر بینای پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم بارەگای حزبەکان و ئەنجومەنی دادوەری و داگاکانی کوردستان هەڵواسرابا و بۆ بەرگری کردن لە مافی هەژاران و غەدر لێکراوان کرابایە یاسایەکی کار پێکراو،