خواستی کورد و داواکاری وەفد و نوێنەرانی خۆفرۆش

خواستی کورد و داواکاری وەفد و نوێنەرانی خۆفرۆش
رووداوەکەی ٦ی ئەیلوای ساڵی ١٩٣٠ی بەردەرکی سەرا و شەهید بوونی پۆلێک لە خەڵکی شاری سلێمانی و گیرانی چەند کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ و کورد پەروەر، وای دەخواست رژێمی پاشایەتی بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە و هێور کردنەوەی خەڵکی راپەڕیو، وەفدیک لە پەرلەمانتاران و کەسانی خۆفرۆشی سەر بە خۆیان داتاشن و بەناوی نوینەرانی خەڵکی راپەوڕیو بانگهێشتی بەغدایان بکەن، راکەڕاکی ئەو وەفدە خۆفرۆشە و خۆ بە نوێنەر کردنی شاری سلێمانی پیرەمێردی شاعیری ناچار کرد بە شیعری (وەفدی کوردستان) پەردەی خۆفرۆشی لەسەر ئەو وەفد و نوێنەرە خۆفرۆشانە و دوژمنکاری رژێمی پاشایەتی و بوێری خەڵکی راپەڕیوی سلێمانی لابدات، پیرەمێردی شاعیر و کوردپەروەر لە شیعرەکەیدا دەڵێ:ــ
وەفدی کوردستان
وەفدی کوردستان میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان
چەپکێ لە گوڵی باخەکەی سەرا
کە بە خوێناوی لاوان ئاودرا
بیبنە خزمەت عەرشی عێراقی
بڵێن یار باقی و هەم سوحبەت باقی
پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن پاش کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر
دەک خەجاڵەت بن لە ڕووی مەحشەرا
ئێمە خاکی خەم دەکەین بەسەرا
ئێوەش ئەو عەرشی بە خوێن گوڵ رەنگە
سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە
کورد نەمردووە خەیاڵتان خاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە
من رەنگی سوورم بۆیە خۆش دەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەردەکەوێ
کورد وەفدی مللەت فرۆش و نوێنەری هەرزە وەکیلی لێ نابڕێن، کێشەی ئەو وەفدە میللەت فرۆش و هەرزە وەکیلانەش ئەوەیە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان داواکاریەکانیان بۆ دیاری دەکەن و ئەوانیش ئەو هێڵە نابەزێنن کە بۆیان کێشراوە، بەوەش دەبنە جۆرە جاشێکی مەترسیداری ئەوتۆ کە خواست و داواکاری خەڵکی کوردستان بە گەرووی ئەو دوژمنەدا دەکەن کە چێژ لە زەوتکردنی مافەکانی کورد وەردەگرێ، ئەوەتا دوای ریفراندۆم و هەڵوێستی کوردانەی سەربەخۆخوازان و هاوهەڵوێست بوونی هەندێ دەستە و گرووپی کوردی لەگەڵ دوژمنان و دواتر درووست کردنی وەفدی خۆفرۆش و هەرزە وەکیل، رێک رووداوەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانیمان بیر دەخاتەوە کە پیرەمێردی شاعیر بە شیعرێک ئەو وەفد و هەرزە وەکیلانەی لە قاوی دان و پەردەی لەسەر هەڵوێستی خۆفرۆشی و نۆکەرایەتی بۆ بەغدا لادان، وەک بینیمان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، هەندێ دەستە و گرووپ بەناوی وەفد و نوێنەرایەتی کورد خۆیان هەرزانفرۆش کرد و بوونە کەواسوور و پێشقەتاری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و کەرکوکی ئازاد کراویان بە داگیرکردن دایەوە، ئەو دەستە و گرووپە خۆفرۆشانە بە فرۆشتنی کەرکوک دڵیان دانەسکنا و وەک وەفد و بەناوی نوێنەرایەتی کردنی کورد بەرە و بەغدا کەوتنە راکەڕاک، پیرمێرد گوتەنی لە باتی چەپکێ لە گوڵی بە خوێن ئاودراوی باخەکەی سەرا، ئاڵای هەڵکراوی سەر سەری پەیکەری پێشمەرگەیان بە داگیراوی بۆ عەرشی شیعە برد، خوێنی شەهیدان و ئازایەتی پێشمەرگە و مێژوو و ئێستا و داهاتووی کورد و دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستانیان وەک تارای خۆبەدەستەوەدان لەبەردەم عەرشی عەرەبی راخست و گوتیان: ئێمە لە ئیرادەی سەربەخۆیی و سەروەریەکانی مێژوو بێبەرین، سەربەخۆیی و بە ئازادی ژیان بە گێڕانەوەی مووچە دەگۆڕینەوە کە هەر خۆمان هۆکاری بڕینی بووین و لەسەر داوای ئێمە نوری مالیکی بڕی، ئێمە کوردایەتی و کوردستانی بوون و پێشمەرگە بوون، بە عرووبە و عێراقچێتی و برایەتی و هاوسەنگەری ئێوەی داگیرکاری کوردستان دەگۆڕینەوە، ئێمە بۆ خەندە خستنە سەر لێوی حەشدی شەعبی ئێوەی شیعە، فرمیسک دەخزێنینە چاوە هەڵۆییەکانی پێشمەرگە و دایک باوک و کوڕ و کچی کۆی شەهیدانی کوردستان، ئێمە بۆ بەهێز بوونی حکومەتی شیعەگەرایی و ئارامی بەخشین بە عاشوورای ئێوە، حکومەتی هەرێم بە حکومەتی (ئینقاز) دەگۆڕین و کوردایەتیش تووشی عاشوورا دەکەین.
پرسیار ئەوەیە، ئەگەر پیرەمێرد لە ژیاندا بووایە و ئەو وەفدە خۆفرۆش و نوینەرە هەرزە وەکیلانەی ئێستای دیبووایە، چی دەنووسی و چی پێ دەگوتن؟! نوێنەرێک ژێردەستەی گەلەکەی ئازاری نەدا و خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە ئاژاوەگێڕی و سەربەخۆخوازان بە تاوانبار بزانێ! وەفدێک بۆ نەهێشتنی حکومەتی هەرێم و بە فیڕۆدان و رەنج بە خەساربوونی رۆڵەکانی داوا لە عەرشی عرووبە بکات! نوێنەرێک بۆ عەرشی شیعە جاسووسی بەسەر کوردایەتی و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوە بکات! ئێستا کە نەوەد ساڵی تەواو بەسەر (وەفدی کوردستان میللەت فرۆشان)ی پیرمێردی شاعیردا تێدەپەڕێ، مێژووی وەفدی میللەت فرۆشان و عەرشی بەغدا و هەڵوێستی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازانی کورد وەک خۆی دووبار دەبێنەوە، بۆیە ئەوانە هەر شایان ئەوەن پیرەمێرد ئاسا پێیان بگوترێ:ــ
وەفدی کوردستان میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی وڵاتی خامۆشان
مشتێ لە خۆڵی سەر گۆڕی شەهید
ببەن بۆ بەغدا و بۆی ببنە بەرید
خۆتان بچمێنن و سەریشتان داخەن
ئاڵای کوردستان لە ژێرپێ راخەن
بڵێن ئەوەی روویدا هەڵە بوو کرا
ئێمە دژی بووین وەک ئەوەی سەرا
ئێمەین نوێنەر و وەفدی خۆفرۆش
عێراقولحەبیب ناکەین فەرامۆش
فەرشی سوورمان بۆ ئێوە راخست
سەربەخۆییمان ئەمجارەش دواخست
بۆ جاری تریش هەر لە خزمەتداین
چۆنمان هێناوە ناگۆڕێین هەر واین
Top